سەرۆك بارزانی هێزی پێشمەرگەی لە میحوەری ڕۆژئاوای كەركووك بەسەر كردەوە.. هەموو شەهیدانی كوردستان كوڕ و كەسوكاری منن

هەولێر-KDP.info- (سەرۆك بارزانی) لەمیانەی بەسەركردنەوەی هێزی پێشمەرگە لە میحوەری ڕۆژئاوای كەركووك، رایگەیاند كە، هەر سەركەوتنێك كە هێزی پێشمەرگە لەبەرەكانی شەڕ لەگەڵ تیرۆریستاندا تۆماری دەكات مایەی شانازیی هەموو تاكێكی كوردە و نەك هەر گەلەكەمان بەڵكو هەموو ئازادیخوازانی دنیا ستایشی ئازایەتی و سەركەوتنەكانی پێشمەرگە دەكەن و ئێستا ناوی پێشمەرگە لە ئاستی جیهاندا درەوشاوەیە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 27/11/2014 (سەرۆك بارزانی)، بە مەبەستی بەسەركردنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە و ئاگاداربوون لە بارودۆخی مەیدانی و پێداویستییەكانی هێزی پێشمەرگە لە بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان، سەردانی میحوەری ڕۆژئاوای كەركووكی كرد و، لەگەڵ سەرپەرشتیاران و فەرماندەكانی پێشمەرگە لەو میحوەرە كۆبۆوە.
لە كۆبوونەوەكەدا كە بە ئامادەبوونی هەریەك لە وەزیری پێشمەرگە (مستەفا سەید قادر)، فەریق (شێروان عەبدولڕەحمان) و (فەریق جەبار یاوەر) ئەندامانی فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی پاراستنی هەرێم، سەرپەرشتیاری میحوەری پێنجی ڕۆژئاوای كەركووك (د. كەمال كەركووكی)، سەرپەرشتیاری میحوەری چواری ڕۆژئاوای كەركووك(وەستا ڕەسووڵ) و فەرماندەكانی هێزی پێشمەرگە لەو سنوورە بەڕێوەچوو، (سەرۆك بارزانی) لە وتەیەكدا سوپاسی قارەمانێتیی پێشمەرگەی لەو میحوەرە كرد و، دەستخۆشیی لە پێشمەرگە و فەرماندەكان كرد بۆ ئەو سەركەوتنە گەورەیەی ڕۆژی چوارشەممە 26/11/2014 لە هەردوو بەرەی تەللەلوەرد و مەكتەب خالید وەدەستیان هێناوە و، توانیویانە هێرشی تیرۆریستان تێكبشكێنن و، ڕێگە لە پێشڕەوییان بگرن.
هەروەها سڵاو و درودی خۆی بۆ ئەو شەهیدە قارەمانانە نارد كە، لە پێناو گەل و وڵاتەكەیان لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعشدا گیانی خۆیان فیدا كردووە و ڕایگەیاند: هەموو شەهیدانی كوردستان كوڕ و كەسوكاری منن و خۆم بە هاوبەشی خەمی خانەوادەكانیان دەزانم.
هەر لە وتەكەیدا (سەرۆك بارزانی) باسی لەوەش كرد، كە ئێستا هێزی پێشمەرگە توانیویەتی تیرۆریستان تێكبشكێنێ و بكەوێتە هەڵوێستی هێرش بردن و زەبری كوشندە لە تیرۆریستانی داعش بوەشێنن، بۆیە ئێستا تیرۆریستان پەلەقاژەی مەرگ و لەناوچوونیانە و سەركەوتنە مەزنەكانی هێزی پێشمەرگە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە لە میحوەرەكانی قەرەتەپە، جەلەولا، بەنداوی مووسڵ و خەرابەڕووت نیشانەی وەرەی پۆڵایینی پێشمەرگەن و، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن كە هیچ هێزێك ناتوانێ لەبەرانبەر ئیرادەی ئازادیخوازیی گەلەكەماندا خۆێ ڕابگرێت.
(سەرۆك بارزانی) تەئكیدیشی كردەوە هەر سەركەوتنێك كە هێزی پێشمەرگە لەبەرەكانی شەڕ لەگەڵ تیرۆریستاندا تۆماری دەكات مایەی شانازیی هەموو تاكێكی كوردە و نەك هەر گەلەكەمان بەڵكو هەموو ئازادیخوازانی دنیا ستایشی ئازایەتی و سەركەوتنەكانی پێشمەرگە دەكەن و ئێستا ناوی پێشمەرگە لە ئاستی جیهاندا درەوشاوەیە.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا بەرپرسە باڵاكانی پێشمەرگە و فەرماندە مەیدانییەكان، (سەرۆك بارزانی)-یان لە بارودۆخی مەیدانی و پێداویستییەكانی هێزی پێشمەرگە لەو میحوەرە ئاگادار كردەوە و سەرۆك بارزانییش ڕێنمایی و ئامۆژگاریی پێویستی خستەڕوو.




