رۆژنامەی tucson: كورد دوای سەركەوتنی بەسەر داعشدا، داوای چی دەكات؟

KDP.info- رۆژنامەی tucson بابەتێكی شیكاریی پێوەست بە جەنگی داعشی لە عێراق بڵاو كردووەتەوە و نووسیویەتی، دوای سەركەوتنی كوردەكان بەسەر تیرۆریستانی داعشدا لە عێراق، كورد داوای دەوڵەتێكی سەربەخۆ لە ئەمەریكا و هاوپەیمانان دەكات.
سەركەوتنەكانی پێشمەرگە بەسەر تیرۆریستانی داعشدا لە میدیای جیهانیدا بە روونی باسیان لێوە دەكرێت. رۆژنامەی tucson هاوشانی رۆژنامەكانی دیكەی جیهان دەنووسێت كە، پێشمەرگە ئازایانە رووبەڕووی تیرۆریستانی داعش بووەتەوە، بەڵام ئەوەی لە رۆژنامەكەدا دەگوترێت باسكردنی دوای سەركەوتنی كورد بەسەر تیرۆریستانی داعشە كە، ئەو كات كورد سەربەخۆیی دەوێت.
رۆژنامەكە نووسیویەتی، "كوردەكانی هەرێمی كوردستان، لە جەنگی دژ بە تیرۆریستانی داعش هاوپەیمانی سەرەكیی ئەمەریكا و وڵاتانی رۆژئاوان، ئەگەرچی ئەمەریكا مەبەستییەتی عێراق لە تیرۆر بپارێزێ، بەڵام ئەگەر داعش بەسەر عێراقدا سەر كەوت؟ ئەوا بێگومان عێراق دەبێتە مەترسییەكی گەورە بۆ جیهان، بۆیە ئەمەریكا سەقامگیریی لە عێراق دەوێ. ئەی ئەگەر كورد بەسەر تیرۆریستانی داعشدا سەر كەوت، چی روو دەدا؟ بێگومان كوردەكان بەپەلە داواكارییان بە رووی ئەمەریكا و وڵاتانی ئەورووپا بەرز دەكەنەوە كە، پشتگیریی دەوڵەتی كوردی لە ناوچەكەدا بكەن".
رۆژنامەی tucson ئاماژەیشی داوە كە، ناوچەكە لە رووی سیاسییەوە ماندوو بووە، گۆڕانكاریی نوێی لێ روو دەدات، بۆیە ئەستەمە ناوچەكە بگەڕێتەوە دۆخی جارانی. لە رۆژنامەكەدا هاتووە كە، كورد لە بنەڕەتدا نەتەوەیەكی هیند و ئەورووپاییە، ژمارەی كوردەكانی لە هەرێمی كوردستان بە 5 ملیۆن ناو بردووە و، لە توركیا بە 14 ملیۆن، لە ئێران بە 8 ملیۆن و لە سووریاییش بە 1.6 ملیۆن. هاوكات رۆڵی ئەمەریكایشی بۆ پاڵپشتیی كوردانی هەرێمی كوردستان باس كردووە كە، بۆ پشتیوانیكردنی كورد لە ناوچەكەدا بە گەرمی لەسەر هێڵە.
شاو كوردی




