٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزیری دارایی وەرگرتنی نووسراوی هاووڵاتیان قەدەخە دەكات

سەرچاوە: KDP.info
وەزیری دارایی (رێباز محەممەد حەملان)

هەولێر-KDP.info-  وەزیری دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیار دەدات، وەرگرتنی نووسراوی راستەوخۆی هاووڵاتیان و فەرمانبەران بۆ تەواوكردنی مامەڵەكانیان لە وەزارەتەكەیدا، قەدەخە بكات.

بەپێی نووسراوێكی وەزارەتی داراییی هەرێمی كوردستان كە بە واژۆی وەزیری دارایی (رێباز محەممەد حەملان) دەرچووە و كۆپییەكیشی دەست kdp.info كەوتووە، وەزیری دارایی بڕیاری داوە بە هیچ شێوەیەك راستەوخۆ لە وەزارەتەكەی نووسراوی مامەڵەی هاووڵاتیان و فەرمانبەران وەرنەگیرێت.

بەپێی ناوەڕۆكی نووسراوەكە كە بە گشتاندن بۆ گشت وەزارەت و فەرمانگەكان ئاڕاستە كراوە، جەخت لەسەر ئەوە كراوەتەوە كە، "ئاگادارتان دەكەینەوە لەمەودوا نووسراوی فەرمی نادرێتە هاووڵاتیان و فەرمانبەران بۆ بەدواداچوونی كاروبارەكانیان، بەڵكە تەنیا نوێنەری وەزارەتەكان بۆیان هەیە ئەو نووسراوانە بۆ وەزارەت بهێنن".

وەزیری دارایی ئەوەی قەدەخە كردووە كە هاووڵاتیان و فەرمانبەران بۆ تەواوكردنی نووسراوەكانیان سەردانی وەزارەتەكەی و بەڕێوەبەرایەتییەكانی بكەن.

(kdp.info) چەند جارێك پێوەندیی بە نووسینگەی وەزیری داراییەوە كرد، بەڵام ئامادە نەبوون لەسەر ئەو بابەتە لێدوان بدەن.

یەحیا سابیر

هەواڵی پەیوەندیدار