٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مامۆستایکی زانکۆ: نابێ كۆنترۆڵی نەوتی هەرێم بدرێتەوە ناوەند.. پڕۆژەپێشنیازی لیژنەی پیشەسازی و وزە، دارایی و كاروباری ئابووری پەسەند كران

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  ئەمڕۆ پڕۆژەپێشنیازی هەردوو لیژنەی پیشەسازی و وزە و سامانە سرووشتییەكان، دارایی و كاروباری ئابووری لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە پەسەند كران و، بوون بە راسپاردەی پەرلەمانی كوردستان بۆ شاندی دانوستانكاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا.

سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان (ئومێد خۆشناو)، بە KDP.info-ی ڕاگەیاند، ئەو راسپاردەیەی پەرلەمانی كوردستان بەشێكە لە هاوكارییەكانی پەرلەمانی كوردستان بۆ دەوڵەمەندكردنی ئەو نامەیەی كە شاندی دانوستانكاری كورد دەیباتە بەغدا و پشتئەستوور دەبن بە ڕا و سەرنج و تێبینییەكانی پەرلەمانی كوردستان، بە هۆی ئەوەی پەرلەمان نوێنەرایەتیی خەلكی كوردستان دەكات، بۆیە ئەو لیژنەیەی كە دەچێتە بەغدا، ڕای پەرلەمانی كوردستانیان پێیە، ئەمەیش پشتیوانیكرنە لەو شاندە ی حكوومەتی هەرێم.

(خۆشناو) دەربارەی ئەوەی كە جێبەجێنەكردنی ناوەڕۆكی ئەو راسپاردەیە لەلایەن بەغداوە جێگرەوەی چی دەبێت گوتی، هیچ جێگرەوەیەك لە پەرلەمانی كوردستان ئامادە نەكراوە تا شاندی دانوستانكاری كورد سەردانی بەغدا دەكات، ئەگەر رێك كەوتن، ئەوا بێگومان پەرلەمانی كوردستان رێز لەو رێككەوتنە دەگرێت، بەڵام ئەگەر رێككەوتن نەكرا، ئەوا لە پەرلەمانی كوردستان دەكرێ لیژنە تایبەتمەندەكان راسپاردەی دیكە ئامادە بكەن و پەرلەمانی كوردستان بە روونی ئەو كات لەگەڵ رووداوەكەدا هەڵوێستی خۆی دەردەبرێت.

بۆ هەمان پرس مامۆستای زانكۆ و شارەزا لە بواری ئابووری (ئدریس رەمەزان كۆچەر)، بە KDP.INFO-ی گوت، "بە ڕای من كێشەی گرینگی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغدا، كێشە ئابوورییەكانن، بۆیە ئەو كێشە ئابووریانە لەوانەیە روانگەیەكی ڕامیاری و سیاسی بە دوای خۆیاندا بهێنن، چونكە پەیوەندی سیاسی و ئابووری تا رادەیەك توندوتۆڵە، بۆیە ئەو جۆرە راسپاردەیەی كە پەرلەمانی كوردستان ئامادەی كردووە بۆ ئەوەی شاندی دانوستانكاری هەرێم بیباتە بەغدا، گرینگترین خاڵن و پێویستە لەسەری بگەنە رێككەوتن".

(كۆچەر) ڕوونیشی كردەوە كە، پێویستییەکانی عێراق لە ئێستادا پێویستییەكی یەكجار زیادەن بە تایبەت لە بواری ئەمنی و ئاساییش و سەقامگیری و تا دوایی، لە بەرامبەریشدا هەرێمی كوردستانیش لە هەندێك بواردا پێویستی بە عێراق هەیە، بە تایبەت لە بواری ئابووریدا پێویستە هەردوو لا بگەنە رێككەوتن، بۆ ئەمەش پێویستە هەردوو لا بە شێوەیەكی شەفاف كارەكان ئامادە بكەن و گفتوگۆ سوودی هەبێت.

ئەو مامۆستایەی زانكۆ زیاتر گوتی، "بێگومان نابێت كۆنترۆڵی نەوتی هەرێم جارێكی دیكە بدرێتەوە ناوەند، لەبەر ئەوەی هەرێمی كوردستان رابردوویەكی گەشەسەندوومان لەگەل عێراقدا نەبووە، چونكە ئەوە مەترسی بە دوای خۆیدا دێنێت و پێویستە شاندی دانوستانكاری هەرێم بە شێوەیەكی زۆر شەفاف مامەڵە لەگەڵ ئەو جۆرە حاڵەتەدا بكەن."

ڕاسپاردەی پەرلەمانی كوردستان بۆ وەفدی دانوستانكاری كورد بۆ بەغدا لە دانیشتنی ژمارە 13-ی رۆژی 24-11-2014-دا هاتە پەسەندكردن كە دوو خاڵی گرینگ لە خۆ دەگرێت، یەكەم: هەوڵ بدرێت سەرجەمی ئەو پێشنیازانەی لە ڕاپۆرتی (گرفتەكانی پشكی هەرێمی كوردستان لە بەشەبودجەی عیراقدا هاتبوو) كە لەلایەن لیژنە پەیوەندیدارەكانی پەرلەمانەوە ئامادە كرابوو، جێبەجێ بكرێت ئەگەر نا پەنا بۆ ئەم خاڵانە ببرێت:
1-هەرێمی كوردستان داوای 17%-ی بەشەبودجەی عێراق بكات واتا پێش دەرهێنانی خەرجیی سەروەری و حاكیمە.
2-هەرێمی كوردستان سەرجەمی نەوتی بەرهەمهاتوو جگە لەوەی كە بۆ پێداویستیی ناوخۆ بەكاردێت لە ڕێگەی بۆرییەوە بفرۆشێت و كۆنتڕۆڵی لە دەست هەرێمی كوردستان بێت و حكوومەتی ناوەندی ئاگاداری پرۆسەكە بێت  (واتا: حكوومەتی ناوەندی ئاگاداری بڕی بەرهەمهاتوو و فرۆشراو  و نرخی فرۆشراوی نەوتی هەرێمی كوردستان بێت).
3-لە ماوەی دوو هەفتەدا حكوومەتی هەرێمی كوردستان پڕۆژەیاسای كۆمپانیای كوردستان بۆ بەبازاڕكردنی نەوت پێشكەش بە پەرلەمانی كوردستان بكات.
دووەم: ئەگەر ڕاسپاردەی پەڕلەمان سەر نەگرێت، ئەوا حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەپێی یاسای ژمارە (5)-ی ساڵی 2013 بۆ وەرگرتنی مافە داراییەكانی هەرێم و دابینكردنی بودجەی هەرێمی كوردستان ڕاستەخۆ نەوتی هەرێمی كوردستان بفرۆشێت و بودجەی هەرێمی كوردستان دابین بكات.

نەشوان بەرزنجی

هەواڵی پەیوەندیدار