٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فەرماندەی پێشمەرگە لە كۆبانی: گۆڕانکاری بە پێشمەرگە یەکلا نەبووەتەوە.. 50%ـی كۆبانی ئازاد کراوە

سەرچاوە: KDP.info

كۆبانی-KDP.info-  فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە كۆبانی لیوا (عەبدولقەهار مەجید حاجی) رایدەگەیەنێت كە، تا ئێستا نزیكەی 50%ـی كۆبانی بە دەست هێزی پێشمەرگە و شەڕڤانانەوەیە، ئەو هەواڵەی سوپای ئازادی سووریایش بڵاوی كردووەتەوە كە گوایە 90%ـی كۆبانی ئازاد كراوە، بە ناڕاست ناو دەبات، چونكە وەک ئەو دەڵێت، سوپای ئازادی سووریا ژمارەیان لە كۆبانی كەمە و فەرماندەكەیشیان لە توركیایە.

فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە كۆبانی لیوا (عەبدولقەهار مەجید حاجی) بەkdp.info ـی راگەیاند كە، شەڕڤانان بە هاوكاریی هێزی پێشمەرگە لە پێشڕەویكردنی كۆبانی بەردەوامن و لە دوو رۆژی رابردوویشدا، چەند شوێنێكی دیكەیان ئازاد کردوونەتەوە و، زیانی زۆریشیان بە تیرۆریستانی داعش گەیاندووە، 34 تەرمی تیرۆریستانیش كەوتوونەتە دەست هێزی پێشمەرگە و شەڕڤانانەوە."

پێوەست بە هەواڵێكی سوپای ئازادی سووریا كە گوتوویەتی 90%ـی كۆبانی ئازاد كراوە، فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە كۆبانی، ئەم هەواڵەی بە ناڕاست ناو برد و دەڵێت، لە ئێستادا نزیكەی 50%ـی كۆبانی بە دەست هێزی پێشمەرگە و شەڕڤانانەوەیە، ژمارەی هێزەكانی سوپای ئازادیش لەو ناوچەكەدا زۆر كەمە و كەمیش دیاركەوتوون، فەرماندەكەیشیان زیاتر لە توركیایە و، زۆر بە كەمی لە کۆبانی دەبیندرێت، ڕەنگە هەر لەبەر ئەوە بێت کە باش ئاگای لە دۆخی شار و سنوورەکە نەبێت."

(عەبدولقەهار مەجید حاجی) روونیشی كردەوە، "كاتێك ئێمە هاتین بۆ كۆبانی، تەنیا 15%ـی ناوچەكە لە دەست شەڕڤاناندا مابووەوە، نەماندەتوانی لەبەر قەنناس و تەقەی تیرۆریستان، هاتوچۆ بكەین، بەڵام لەئێستادا نیوەی كۆبانی ئازاد کراوەتەوە و، خەڵك بۆ ماڵەكانیان گەڕاونەتەوە و هاتوچۆیش ئاسایی بووەتەوە."


پێوەست بە ژمارەی ئەو تیرۆریستانەی کە لەو سنوورەن و عەرەبن یان بیانی؟ (مەجید حاجی) ئاماژەی دا، بەردەوام بە سەختی بۆردوومانی داعش دەكەین و زیانی زۆرمان پێ گەیاندوون، لە چەند رۆژی رابردوویشدا هێزەكانیان گۆڕیبوو و تیرۆریستی بیانییان هێنابووە ناوچەکە، بەڵام هێرشێكمان كرد بۆ سەریان و بە سەختی بۆردوومانمان كردن، دواتر بۆمان دەرکەوت کە ئەو هێزە بیانییە نەماوە و، جارێكی دیكە بە هێزی عەرەب گۆڕیویانە و، ورەیشیان بەرداوە."

پێوەست بە ئازاكردنی یەكجارەكیی كۆبانییش، (حاجی) جەختی كردەوە كە، "ئەگەر هێرشیان بكەینە سەر لە ماوەیەكی كەمدا دەتوانین كۆبانی ئازاد بكەین، بەڵام ژمارەی شەڕڤانان لە كۆبانی زۆر نین و، ناشمانەوێت شەهید بدەین، چونكە شەڕەكە كۆڵان بە كۆڵانە و پێشڕەویكردن هەندێک سەختە."

لەبارەی چوونی هێزێكی دیكەی پێشمەركە تا لە بری ئەوان لە كۆبانی بجەنگن و، لیواكەیان پشوویەك وەربگرێت، (عەبدولقەهار مەجید) گوتی، هێشتا دیار نییە كەی هێزی پێشمەرگە دێت و، ئەم پرسە هێشتا یەكلا نەكراوەتەوە.

 

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار