٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لە ته‌لوه‌رد، 57 تیرۆریستی داعش كوژراون و 123ـى دیكه‌یش بریندار بوون

سەرچاوە: KDP.info
لاشەی جێماوی چەند تیرۆریستێک.

کەرکووک-KDP.info-  سه‌رچاوه‌یه‌كى سەربازیی تایبه‌ت، کوژرانی 57 تیرۆریست و برینداربوونی 123 تیرۆریستی دیكەیشی لە میحوەری تەلوەرد، لەسەر دەستی پێشمەرگە و فڕۆکە جەنگییەکان ڕاگەیاند.
 
سه‌رچاوه‌یه‌كى سەربازیی تایبه‌ت رایگه‌یاند: "له‌ هێرشه‌كه‌ى ئه‌مڕۆی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌دا بۆ سه‌ر ناوچه‌ى ته‌لوه‌رد له‌ رۆژئاوای كه‌ركووك، 57 تیرۆریستی داعش كوژراون و 123 تیرۆریستی دیكەیش بریندار بوون،‌ کە تیرۆریستانی داعش لاشه‌ى 57 تیرۆریسته‌ كوژراوه‌كانیان له‌ گۆڕستانی جحێشی سه‌ر به‌ شارۆچكه‌ى حه‌ویجه‌ خستووه‌ته‌ ژێر گڵەوە."

سه‌رچاوه‌‌كه‌ بۆ "كوردستان تى ڤى" زانیاریی زیاتر دەخاتە ڕوو و دەڵێ، "123 تیرۆریسته‌ برینداره‌كه‌ى داعش گه‌یه‌ندراونه‌ته‌ نه‌خۆشخانه‌ى حه‌ویجه‌ و، 32 تیرۆریستیش برینه‌كانیان سه‌خته‌."
شەوی رابردوو، شەڕ و پێكدادان لە نێوان هێزی پێشمەرگە و تیرۆریستانی داعش لە تەلوەرد بەرپا بوو كە، بەو هۆیەوە تیرۆریستان توانییان كەمێك پێشڕەوی بكەن، بەڵام وەك (د. كەمال كەركووكی) لە پێوەندییەکی تەلەفۆنیدا بۆ KDP.info گوتی، نەك ئەو شوێنانە، بەڵكو لە چەند گوندێكی دیكەی دەوروبەری تەلوەردیش تیرۆریستان وەدەرنراون كە، پێشتر ناوچەكە لەدەست تیرۆریستاندا بووە.

دەربارەی ئەو هێزەیشی كە لە شەڕی ڕزگاركردنی تەلوەرد دا بەشدار بوون، (دكتۆر كەمال كەركووكی) گوتی، هێزەكانی پێشمەرگەی میحوەری ڕۆژاوای كەركووك و هێزەكانی میحوەری چواری كەركووك، هەروەها هێزەكانی كاكە (حەمەی حاجی مەحموود) لە شەڕی ئازادكردنی تەلوەرددا بەشدار بوون، كۆی هێزەكانمان قارەمانانە هەڵمەتیان برد و ئەو ناوچانەی كە لە ئەنجامی هێرشی دوێنێی تیرۆریستانی داعشدا دەستیان بەسەردا گیرابوو، ئازاد كردنەوە.

 

هەواڵی پەیوەندیدار