٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"پێویستە حکوومەت لە ئاست سوکایەتییەکانی میلیشیاکان بێدەنگ نەبێ".. كەلار دژ بە میلیشیای شیعەی بەدر ناڕەزایی دەبڕی

سەرچاوە: KDP.info

كەلار-KDP.info-   ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، ژمارەیەك مامۆستا و قوتابی لە شارۆچكەی كەلار، گردبوونەوەیەكی ناڕەزاییان دژی چەكدارانی شیعەی هێزی بەدر دەربڕی و، داوایان لە حكوومەت كرد لە رەوتارەی ئەو چەكدارانە بێدەنگ نەبێت.

ئەندامی گروپی داكۆكیكردن لە مامۆستایان، (گەرمیان عەزیز)، بە KDP.info-ی  راگەیاند، "پاش ئەوەی رۆژی سێشەمە 25-11-2014 لە لایەن میلیشیاكانی بەدرەوە هێرش كرایە سەر مامۆستا (فەرهاد یاوەر ئەحمەد) لە قوتابخانەی هەڵۆی بنەڕەتی لە شاری كەلار و سووكایەتی پێ كرا، ئێمە وەك گرووپی داكۆكیكردن لە مافی مامۆستایان لە گەرمیان ئێوارەی ئەمڕۆ بە بەشداریی بەشێك لە مامۆستایان و هەروەها چەندین خوێندكاری ئامادەیی، دژی ئەو كارە قێزەونە گردبوونەوەیەكمان لە شاری كەلار ئەنجام دا."


(گەرمیان عەزیز) گوتیشی: "ئەمە جاری یەكەم نییە ئەم میلیشیانە سوكایەتی بە خەڵكی ئەم ناوچەیە دەكەن و لەچەند مانگی رابردوویشدا بەهەمان شێوە سووكایەتییان بە خەڵكی ناوچەكە كردووە، بۆیە پێویستە لایەنە پێوەندیدارەكان بێنە دەنگ و بەدواداچوونی جیددی بكەن و تاوانباران رادەست بە دادگا بكرێن."
ئەو گوتیشی کە "هاوكات پێویستیشە حكوومەتی هەرێم لە ئاست ئەم هێرش و سووكایەتییە بێدەنگ نەبێت، چونكە كپكردنەوەی، رێگەدان و رێخۆشكردنە بۆ دووبارەبوونەوەی كاری لەم شێوەیەو بگرە خراپتریش".


هەر سەبارەت بە هێرشكردنە سەر ئەو مامۆستایە، ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا،  لقی گەرمیانی یەكێتی مامۆستایان وێڕای ریسواكردنی ئەو رەفتارە نەشیاوە، هاوكات داوایان لە حكوومەتی هەرێم دەكەن، رێكاری یاسایی بگرنەبەر.


سەرلەبەیانیی دوێنێ، هێزێكی چەكداری شیعە كە بە هێزەكانی بەدر ناسراون لە سنووری خانەقینەوە بە شاری كەلار و كفرییەوە بۆ ناحیەی قەرەتەپە تێپەڕ بوون و لە رێگادا، وێڕای گێچەڵكردن بەو قوتابیانەی رۆژانە لە گەرمیانەوە بۆ كۆلیژی ئادابی خانەقین دەڕۆن، هاوكات لە نێو شاری كەلار، هێرشیان كردە سەر مامۆستای قوتابخانەیەكی بنەڕەتی و سوكایەتییان پێی كرد و لێیاندا.


كاروان جاف
 

هەواڵی پەیوەندیدار