تەلوەرد ئازاد كرایەوە.. میحوەری 4 و 5 و هێزەكانی كاكە حەمە قارەمانانە پێشڕەوییان كردووە

كەركووك-KDP.info- بەرپرسی میحوەری پێنجی ڕۆژاوای كەركووك-دوبز (د.كەمال كەركووكی) بەKDP.info ـی راگەیاند، كەمێك پێش ئێستا گوندی تەلوەرد بە تەواوی لەلایەن پێشمەرگەوە ئازاد كرا و، تەرمێكی زۆری تیرۆریستانی داعشیش لە مەیدانی شەڕ جێ ماون.
بازووی قارەمانێتیی هێزی پێشمەرگە كەمێك بەر لە ئێستا گەییشتەوە گوندی تەلوەرد، ئەو گوندەی كە، دەكەوێتە باشووری رۆژئاوای كەركووكەوە و لەلایەن هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە بە تەواوی ئازاد كرایەوە و، هەندێ ناوچەی دیكەیش كە پێشتر تیرۆریستانی لێ جێگیر ببوون، كەوتنە دەست پێشمەرگەوە.
بەرپرسی میحوەری پێنجی ڕۆژاوای كەركووك-دوبز (د.كەمال كەركووكی) وێڕای ئەوەی وردەكاریی سەركەوتنەكانی پێشمەرگەی بۆ KDP.info-ی باس كرد، هاوكات مژدەی ئازادكردنی تەلوەرد و چەند ناوچەیەكی دیکەی دەوروبەری ئەو گوندەی راگەیاند و لە تۆڵەی دوێنێ شەویشدا، کە ژمارەیەك پێشمەرگە شەهید و بریندار بوون، گوتی "تەرمێكی زۆری تیرۆریستانی داعش لە مەیدانی شەڕ جێ ماون".
دەربارەی ئەو هێزەیشی كە لە شەڕی ڕزگاركردنی تەلوەرد دا بەشدار بوون، (دكتۆر كەمال كەركووكی) گوتی، هێزەكانی پێشمەرگەی میحوەری ڕۆژاوای كەركووك و هێزەكانی میحوەری چواری كەركووك، هەروەها هێزەكانی كاكە (حەمەی حاجی مەحموود) لە شەڕی ئازادكردنی تەلوەرددا بەشدار بوون، كۆی هێزەكانمان قارەمانانە هەڵمەتیان برد و ئەو ناوچانەی كە لە ئەنجامی هێرشی دوێنێی تیرۆریستانی داعشدا دەستیان بەسەردا گیرابوو، ئازاد كردنەوە.
(كەركووكی)، دەشڵێت، فڕۆكە شەڕكەرەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانان لەو شەڕەدا ڕۆڵیان بینیوە.
دەربارەی ئەو زیانەیشی كە لە چوارچێوەی هەڵمەتی پێشمەرگەدا لە داعش دراوە، بەرپرسی میحوەری پێنجی ڕۆژاوای كەركووك-دوبز ڕایگەیاند، سەرباری ئەوەی كە ئەوان هێرشیان بەرپا كردبوو، هەر شەوی رابردوو 15 تا 16 تەرمیان پێ جێ هێڵران، چونكە ئەگەرچی ئەوان هێرشیان هێنابوو، بەڵام پێشمەرگە ئازایانە لێیان هاتنە دەست و زەبری كوشندەیان لێ دان.
پێوەست بەو زیانەی كە بە تیرۆریستانیان گەیاندووە، (كەركووكی) گوتی، چونكە شەوە زیانەكانیان نەزانراون، بەڵام بە دڵنیاییەوە كوژراوی زۆریان هەن، هاوكات دوو هەمەر لە لایەن هێزەكانی پێشمەرگەوە تێك شكێندران و، یەكێكیش فڕۆكە شەڕكەرەكانی هاوپەیمانان پێكایان و بە گورزی ئەوان تێك شكێندرا."
شەوی رابردوو، شەڕ و پێكدادان لە نێوان هێزی پێشمەرگە و تیرۆریستانی داعش لە تەلوەرد بەرپا بوو كە، بەو هۆیەوە تیرۆریستان توانییان كەمێك پێشڕەوی بكەن، بەڵام وەك (د. كەمال كەركووكی) گوتی، نەك ئەو شوێنانە، بەڵكو لە چەند گوندێكی دیكەی دەوروبەری تەلوەردیش تیرۆریستان وەدەرنراون كە، پێشتر ناوچەكە لەدەست تیرۆریستاندا بووە.
وەك ئەوەی ئێمەیش لە كاتی پێوەندییە تەلەفۆنییەكەماندا گوێبیستی بووین، گوتی، "هێشتا لە یەك دوو گوندی دەوروبەری تەلوەرد، شەڕ بەردەومە و، وا گوێتان لە دەنگی تەقەیە، بەڵام پێشمەرگە بە ورەی بەرزەوە لە پێشڕەویكردن بەردەوامە."
بەرپرسی میحوەری پێنجی ڕۆژاوای كەركووك-دوبز، بە داخیش بوو كە، لە ماوەی هێرشی داعش كە شەوی ڕابردوو هێنای و هێرشی پێچەوانەی هێزەكانی پێشمەرگەیش ئەم ئێوارەیە، ژمارەیەك پێشمەرگە شەهید بوون و، ژمارەیەكیش بریندار بوون.
زریان زیاد




