٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سامانە سرووشتییەکان ئاماری کارمەندانی بیانیی کەرتی نەوت و غازی لە هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- لەسەر داواکاریی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان ئامارێکی ئامادە کردووە کە، لیستی هەموو ئەو کارمەندە بیانیانە لەخۆ دەگرێت کە لە ئێستادا لە کەرتی نەوت و غازی هەرێمی کوردستاندا کار دەکەن.
کورتەی ئامارەکە کە لە ماڵپەڕی فەرمیی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکاندا بڵاو کراوەتەوە، پێکهاتووە لە دوو بەش: یەکەمیان تایبەتە بە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت و دووەمیان تایبەتە بە کۆمپانیاکانی خزمەتگوزاری نەوت.
بەپێی ئامارەکەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، لە ئێستادا زیاتر لە 4000هەزار کارمەندی بیانی لە هەرێمی کوردستاندا کار دەکەن. ئاماژەیش دراوە کە، لەسەر کۆی کۆمپانیاکانی نەوت و غاز پێویستە، بۆ ڤیزا و نیشتەجێبوونیان، مۆڵەت لە وەزارەتی سامان سرووشتییەکان وەربگرن.
هەربەپێی ڕاپۆرتەکەی سامانە سرووشتییەکان، 26 کۆمپانیای نێودەوڵەتیی نەوت، لە هەرێمی کوردستاندا کار دەکەن، بە هەموویانەوە 1693کارمەندی بیانییان هەیە. هەڵبەت ڕاپۆرتەکە ڕوونی کردووەتەوە کە، هەر کارمەندێک هەڵگری ڕەگەزنامەی عێراقی نەبێت ئەوا بە بیانی حیساب کراوە.
ڕاپۆرتەکە زیاتری ڕوونی کردووەتەوە کە، پێنج کۆمپانیا زۆرترین کارمەندی بیانییان لەخۆ گرتووە ئەوانیش: دی ئێن ئۆ، تی تی ئۆپکۆ، شیڤرۆن، داناغاز و ئێم ئۆ ئێڵ کالیگرانن.
هاوکات ڕوونیش کراوەتەوە کە، زۆربەی کارمەندانی بیانی، هەڵگری بڕوانامەی دیپلۆم و بڕوانامەی پێوەندیدارن بە پیشەسازیی نەوت و غازەوە. جەختیشی کردەوەتەوە کە، لانی کەم، 67%یان شارەزایی فەرمییان هەیە.
زۆرترین کارمەندە بیانییەکانیش لە دە وڵاتەوەن کە لە بەریتانیا، ئەمەریکا، هند، کەنەدا، هەنگاریا، ڕووسیا، تورکیا، ئوستوراڵیا، ڤەنزوێللا و پاکستانەوەن. لە کۆی ئەو ڕێژەی کارمەندانەدا، 60 ڕەگەزنامەی جیاواز کار بۆ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان دەکەن لە هەرێمی کوردستاندا.
ئامارەکە هەروەها هەڵسەنگاندنی کردووە بۆ 25 کۆمپانیای خزمەتگوزاریی نەوت کە لە هەرێمی کوردستاندا چالاکن. ئەوان بە یەکەوە 2995 کارمەندی بیانییان هەیە.
لەو 25 کۆمپانیایەیش پێنجیان زۆرترین کارمەندی بیانییان هەیە کە ئەمانەنە: کاسکۆ پترۆلیەم، ساکسۆن، ئۆیەڵ سێرڤ، شڵەمبێرجەر و جی جی ئێف زێت.

زریان زیاد
 

هەواڵی پەیوەندیدار