٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مە‌سروور بارزانی: ڕێگریی بە‌غدا لە‌ گە‌یاندنی هاوكاری بە‌ پێشمە‌رگە‌، پێشێلكردنی دە‌ستوورە‌

سەرچاوە: KDP.info

هە‌ولێر-KDP.info-  (مە‌سروور بارزانی)  پێشوازی لە‌ شاندێكی هاوبە‌شی هە‌ردوو وە‌زارە‌تی بە‌رگری و دە‌رە‌وە‌ی ئە‌ڵمانیا دە‌ڵێت، بە‌غدا نە‌ك هە‌ر ئە‌ركە‌كانی بە‌رامبە‌ر بە ەێزی پێشمە‌رگە‌ جێبە‌جێ نە‌كردووە‌، بە‌ڵکە رێگرییش دە‌كات لە‌ گە‌یاندنی هاوكارییە‌كان بە‌ پێشمە‌رگە‌، ئەمەیش پێشێلكردنێكی زە‌قی دە‌ستوورە‌ و دە‌خوازێ هە‌ڵوە‌ستە‌ی لە‌سە‌ر بكرێ.

ئە‌مڕۆ چوارشە‌ممە‌ 26/11/2014  راوێژكاری ئە‌نجوومە‌نی ئاساییشی هە‌رێمی كوردستان (مە‌سروور بارزانی)  پێشوازی لە‌ شاندێكی هاوبە‌شی هە‌ردوو وە‌زارە‌تی بە‌رگری و دە‌رە‌وە‌ی ئە‌ڵمانیا بە‌ سە‌رۆكایە‌تیی ژە‌نە‌راڵ (ستاهڵ) جێگری وە‌زیری بە‌رگری بۆ كاروباری ستراتیژیی ئە‌رك و چالاكییە‌كان كرد.


لە‌ دیدارێكدا، (مە‌سروور بارزانی) وێڕای بە‌خێرهێنانی شاندی میوان، سوپاسی خۆشی ئاراستە‌ی گە‌ل و حكوومە‌تی ئە‌ڵمانیا كرد بۆ یارمە‌تیدان و هاوكاریكردنی پێشمە‌رگە‌ و، هیوای خواست كۆمە‌ڵگە‌ی نێودە‌وڵە‌تی زیاتر هاوكاریی پێشمە‌رگە‌ و ئاوارە‌كان بكات.


لە‌بە‌رانبە‌ردا شاندی میوان دووپاتیان لە‌ پشتگیری ئە‌ڵمانیا بۆ هێزی پێشمە‌رگە‌ كردە‌وە‌ و، سە‌رسامیی خۆیشیان بە‌ خۆڕاگری و گیانفیداییی پێشمە‌رگە‌ دە‌ربڕی لە‌ روبە‌ڕووبونە‌وە‌ی تیرۆریستانی داعشدا، كە‌ كورد و پێشمە‌رگە‌ تاكە‌ هێزی كارایە‌ لە‌سە‌ر زە‌وی روبە‌ڕووی تیرۆریستان بووە‌تە‌وە‌ و پێشڕە‌ویی باشیان کردووە.


ئە‌وە‌یشیان خستە ‌ڕوو، كە‌ ئە‌ركی كۆمە‌ڵگە‌ی نێودە‌وڵە‌تییە‌ یارمە‌تی و هاوكاریی كورد بدە‌ن و، دووپاتیان كردە‌وە‌، پێویستە‌ هاوكارییە‌كان لە‌ هە‌موو بوارە‌كانی پە‌یوە‌ست بە‌ كاروباری سە‌ربازی بۆ پێشمە‌رگە‌ فرا‌وانتر بكرێن.


لە‌ بە‌شێكی دیكە‌ی دیدارە‌كە‌دا راوێژكاری ئە‌نجوومە‌نی ئاساییشی هە‌رێمی كوردستان ئاماژە‌ی بە‌و‌ كۆسپ و لە‌مپە‌رانە‌ دا، كە‌ حكوومە‌تی عێراقی فیدراڵ بۆ گە‌یاندنی هاوكارییە‌كان بە‌ پێشمە‌رگە‌ دروستی دە‌كات و ڕایگەیاند: "بە‌پێی دە‌ستوور، پێشمە‌رگە‌ بە‌شێكە‌ لە‌ سیستمی بە‌رگریی عێراقی فیدراڵ، بە‌ڵام بە‌غدا نە‌ك هە‌ر ئە‌ركە‌كانی بە‌رامبە‌ر هێزی پێشمە‌رگە‌ جێبە‌جێ نە‌كردووە‌، بەڵکە رێگرییش دە‌كات لە‌ گە‌یاندنی هاوكارییە‌كان بە‌ پێشمە‌رگە‌، ئەمەیش پێشێلكردنێكی زە‌قی دە‌ستوورە‌ و دە‌خوازرێ هە‌ڵوە‌ستە‌ی لە‌سە‌ر بكرێ."


لە‌ كۆتایی دیدارە‌كە‌دا، شاندی میوان دووپاتی لە‌وە‌ كردە‌وە‌، كە‌ ئە‌ڵمانیا‌ لە‌ یارمە‌تیدانی زیاتر و راهێنان بە‌ پێشمە‌رگە‌ تا كۆتایی بە‌ردە‌وام دە‌بێت و، رۆڵیشی  لە‌ شكستپێهێنانی تیرۆریستاندا بە‌رز دە‌نرخێنێ.

هەواڵی پەیوەندیدار