٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نێچیرڤان بارزانی لە پێشوازی گرێگۆری گیسی دەڵێت: خەڵكی كوردستان مافی خۆیەتی گەرەنتی هەبێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-سەرۆكوەزیرانی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی) لە پێشوازی سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی چەپ لە پەرلەمانی ئەڵمانیا (گرێگۆری گیسی)، دەڵێت، خەڵكی كوردستان مافی خۆیەتی گەرەنتی هەبێت. هاوكات (گیسی)، رایگەیاند كە، هەرێمی كوردستان لە ئەورووپا و جیهاندا بە پارێزەری تەواوی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان، ناسراوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 25-ی نۆڤەمبەری 2014، سەرۆكوەزیرانی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی)، پێشوازی لە سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی چەپ لە پەرلەمانی ئەڵمانیای فیدراڵ (گرێگۆری گیسی) كرد كە، دوای سەردانێكی بۆ بەغدا، گەیشتە هەرێمی كوردستان.
لە دیدارێكدا (گرێگۆری گیسی) دەستخۆشی لە خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد كە، لە ناوچەیەكی ناسەقامگیر و نائارامدا، توانیویانە دەستكەوت و پێشكەوتنی زۆر بە دەست بێنن و، ببنە مایەی پێزانینی هەمووان. هەروەها ستایشی ڕۆڵی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستانی لە داڵدەدانی ئاوارە و پەنابەران كرد كە، لە ئەورووپا و تەواوی جیهان وای كردووە هەرێمی كوردستان وەك پارێزەری تەواوی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان بناسرێت و، ببێتە مایەی ڕێز و پێزانینی هەمووان.
پێوەست بە پێوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەڵمانیا (گیسی)، دووپاتی كردەوە كە، ئەلمَانیا خوازیاری پێشخستنی پێوەندییەكانیەتی لەگەڵ هەرێمی كوردستانە و، ئامادەییی ئەڵمانیای بۆ هەموو جۆرە هاوكارییەك  بە تایبەتی هاوكاریی هەنووكەیی مرۆیی بۆ ئاوارەكانی هەرێم، دەربڕی كە لەئێستادا وەرزی زستان‌ خەریكە‌ دەگات و، ئاوارە و پەنابەران پێویستیان بە هاوكاریی زیاتر هەیە، بۆیە داوای كرد لیستێكی پێداویستییەكان ئامادە بكرێت، تا پێشكەش بە حكوومەتی وڵاتەكەی بكات.
هەر لە دیدارەكەدا باس لە پرۆسەی سیاسیی عێراق و، بەشداریی هەرێمی كوردستان لە حكوومەتی عێراقدا كرا و، رۆڵی هەولێر لە داڕشتنەوەی پرۆسەی سیاسی لە عێراق بەرز هەڵسەنگێنرا.
سەرۆكوەزیرانی كوردستان، (نێچیرڤان بارزانی)، جەختی كرد كە، هەرێمی كوردستان خوازیاری چارەكردنی هەموو كێشەكانە لەگەڵ بەغدا كە، بە ڕێگەی دیالۆگەوە چارە بكرێت، لە هەمان كاتدا خەڵكی كوردستان مافی خۆیەتی گەرەنتی هەبێت بۆ ئەوەی كارەساتەكانی ڕابردووی بەسەر نەیەتەوە.
)نێچیرڤان بارزانی)، داكۆكی لەسەر‌ خواستی هەرێمی كوردستان بۆ برەودان بە پێوەندییەكانی لەگەڵ ئەڵمانیا كردەوە و، سوپاسی ئەڵمانیای كرد كە، هەمیشە لەكاتی تەنگانەدا هاوكاریی كوردستانی كردووە و، زۆر جار لەكاتی پێویستیدا لە ڕێگەی ئێن جی ئۆكانییەوە كۆمەكی گەیاندووەتە هەرێمی كوردستان.
سەرۆكوەزیرانی كوردستان، دووپاتیشی كردەوە كە، ئاوارە و پەنابەران پێویستییان بە كۆمەك و هاوكاریی زیاترە، هەروەها لە ڕووی سەربازییشەوە هەرێمی كوردستان چاوی لە یارمەتیی باشترە تا بتوانێت شكست بە تیرۆرستانی داعش بێنێت كە، بوونەتە مەترسی لەسەر ئاشتی و دیموكراسی لە ناوچەكە و لە جیهانیشدا.

هەواڵی پەیوەندیدار