٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نێچیرڤان بارزانی: لە ناخەوە هەست بە ئازار و مەینەتەكانی ژنان دەكەین.. ئافرەتی كورد لەسەر پێ وەستاوە و نەكەوتووە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  سەرۆكوەزیرانی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی) لە مەڕاسیمی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان دەڵێت، لە ناخەوە هەست بە ئازار و مەینەتییەكانی ئەو ژنانە دەكەین كە، لە هێرشە دڕندەكانی داعشدا ڕفێندران و كرانە كۆیلە و، مامەڵەیەكی نامرۆییی وایان لەگەڵ كراوە، كە دەچێتە بازنەی تاوانی جەنگ و جینۆسایدەوە.

دەقی وتاری ئەمڕۆی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان )نێچیرڤان بارزانی( لە ڕێوڕەسمی هەڵمەتی ڕاگەیاندنی دوو هەفتە چالاكیی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان.
ئامادەبووانی بەڕێز،
بەیانیتان باش..
سەرەتا، بەخێرهاتنێكی گەرمی هەموو لایەكتان دەكەم، سوپاس بۆ ئامادەبوونتان لە ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی هەڵمەتی دوو هەفتەییی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان. خۆشحاڵم كە هاوتا لەگەڵ ئێوەی بەڕێز لە سەرەتای ئەو دوو هەفتە چالاكییەدا بەشدار دەبم، بە خێر بێن.

پێش دەستپێكردنی قسەكانم، دەمەوێ لێرەوە بە ناوی ئەم كۆڕە بەڕێزەوە، سڵاو و ڕێز و خۆشەویستیی خۆمان ئاراستەی ئەو قارەمانانە بكەین كە، ئەمڕۆ لە بەرەكانی جەنگدان بۆ بەرگری لە كوردستان و هەموو هەوڵێك و تێكۆشانی خۆیان دەدەن. ئەو پێشمەرگە قارەمانانەی هەر لە كۆبانێ تا دەگاتە جەلەولا و سەعدیە، ئەمڕۆ لە شەڕی بەرگریدان، بۆ بەرگریكردن لە مافی خەڵكی كوردستان.

سڵاویان بۆ دەنێرین و سەری ڕێز و نەوازش بۆ ئەو ئازیزانە و ئەو پێشمەرگانە دادەنوێنین كە، لەو ماوەیەدا لەپێناو بەرگریكردن لە وڵاتەكەماندا شەهید بوون. یادیان دەكەینەوە و داوای چاكبوونەوەی خێراش دەكەین بۆ ئەو بریندارانەی لەم شەڕەدا بریندار بوون. هیواخوازین زوو چاك ببنەوە و هیوادارین بە هاوكاریی هەموو لایەك بتوانین وڵاتەكەمان لەو بارودۆخەی ئێستا دەرباز بكەین.

ئەمساڵ ئێمە لە بارودۆخێكی جیاوازتردا ئەم هەڵمەتە ڕادەگەیەنین، كە، بەهۆی هێرش و تاوانكارییەكانی تیرۆرستانەوە، ئافرەتان بەتایبەتی لەو شوێنانەی كەوتوونەتە بەر پەلاماری تیرۆر، لە ڕەوشێكی سەخت و لە بارێكی مرۆیی و دەروونیی قورسدان و بوونەتە قوربانیی توندوتیژییەكی لەڕادە بەدەر.

بەڕێزان..
دوای هێرشە دڕندەكانی داعش و ئەو بارە نائارامەی لە ناوچەكە دروست بوو، خەڵكێكی زۆر دەربەدەر و ئاوارە  بوون. خەڵكێكی زۆر، ڕۆڵە و كەسوكاری ئازیزی خۆیان لە دەست دا. ژمارەیەك لە كچ و ژنان ڕفێندران. ڕاستە هەرێمی كوردستان توانی باوەش بۆ خوشك و برایانی ئاوارە، بە ئێزدی، مەسیحی، موسڵمان، شەبەك، كاكەیی، توركمان، كورد و عەرەبەوە بكاتەوە، بەڵام بارودۆخێكی تایبەت هاتە ئارەوە، كە مامەڵەیەكی جیا و تایبەتی پێوست بووە.

ئەمڕۆ ژمارەیەكی زۆری خەڵكی ئاوارە و پەنابەر كە، نزیكەی یەك ملیۆن و پێنجسەد هەزار كەس دەبن، لە هەرێمی كوردستانن. خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش، بە تواناكانی خۆی و بە هاوكاری و كۆمەكی نێودەوڵەتی، توانیویەتی تا ڕادەیەك كەمپی نیشتەجێبوون بۆ ئەو خوشك و برایانە دروست بكات و هەوڵی جێگیربوونیان بدات. لە زۆر لە كەمپەكاندا، منداڵان گەڕاونەتەوە قوتابخانە و هەوڵمان داوە بارودۆخەكە ئاسایی بكەینەوە، بەڵام مەینەتی و ئازارەكان كۆتاییان نەهاتووە، دەبێ بەردەوام بین و كۆڵ نەدەین لە ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی لە بەرەكانی جەنگ، لە ناو ماڵ و  لە شوێنی گشتیدا.

ئێمە هەر لە سەرەتای ئەم دۆخە ناهەموارەدا، بە جیددی كارمان كردووە بۆ هێوركردنەوەی دۆخەكە، بۆ دابینكردنی ئارامی و ئازادی و پاراستنی مافەكانمان وەك تاك و وەك نەتەوە. ژن، هەمیشە قوربانیی یەكەمی جەنگەكان بووە. هێزی تاریك و تیرۆریستی داعش، ئافرەتی وەك ستراتیژێكی جەنگ بە كار هێناوە و گەورەترین تاوانی جەنگی بەرامبەر بە ژنان كردووە. ئێمە ئەمڕۆ كە، هەڵمەتی ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی ئەمساڵمان ڕادەگەیەنین، هاوسۆزی و هاوخەمیمان  بۆ ئەو ئافرەتانە دووپات دەكەینەوە.

هەروەها ئافرەتانی كوردستان دڵنیا دەكەینەوە كە، كۆڵ نادەین لە خەبات دژی جەنگ و توندوتیژی، لەپێناوی دابینكردنی ماف و ئازادی بۆ ژن و پیاو بە یەكسانی. هەموو پێشێلكارییەك بەرامبەر بە ئافرەت، چ لەناو ماڵ و، چ لە بەرەكانی جەنگ بێت، پێشێلكردنی مافی مرۆڤە. لە ڕێگای ڕاگەیاندنی ئەم هەڵمەتەی ئەمساڵمانەوە، ئێمە جەخت لەسەر باوەڕ و قەناعەتمان دەكەینەوە، بۆ پاراستنی مافەكانی مرۆڤ و گەشەپێدانی زیاتری پرۆسەی دیموكراسی لە كوردستان.

بەڕێزان..
ئێمە كە ئەمڕۆ لێرە بۆ ڕاگەیاندنی ئەم هەڵمەتە كۆبووینەتەوە، لە  ناخەوە هەست بە ئازار و مەینەتییەكانی ئەو ژنانە دەكەین كە، لە هێرشە دڕندەكانی داعشدا ڕفێندران و كرانە كۆیلە و مامەڵەیەكی نامرۆییی وایان لەگەڵ كراوە، كە دەچێتە بازنەی تاوانی جەنگ و جینۆسایدەوە. كەیسی ئەو خوشكە ئێزیدیانە هەر لە سەرەتاوە جێگەی ئەوپەڕی گرنگی و بایەخی ئێمە بووە، بۆیە كۆمەڵێك ڕێكارمان دەست پێكردووە. ئامانجمان لەم كارانە، ڕزگاركردنی ئەو ئافرەتە خۆشەویستانە و هاوكاریكردنیانە، بۆ گەڕانەوە بۆ ناو ژیانی ئاساییی خۆیان لەنێو ماڵ وكۆمەڵگەكەیان.

بە خۆشحاڵییەوە هەندێ لەو ئافرەتانە ڕزگار كراون، بەڵام تمووحی ئێمە زۆر لەوە گەورەترە و دەزانین كە پێداویستییەكانیش، بەتایبەتی لە ڕووی دەروونییەوە، زۆر زۆرترن لەوەی كە تا ئێستا كاریان بۆ كراوە. بۆیە ئێمە ئەمڕۆ لێرە دووپاتی دەكەینەوە كە لە كارەكان بەردەوام دەبین. هەروەها كارمان كردووە بۆ بەجینۆسایدناساندنی كەیسی خوشك و برا ئێزدییەكانمان. ئەمەش بە مەبەستی دابینكردنی دادوەری و مافی قەرەبووكردنەوە و پاراستنیان، چونكە ئەوەی بەرامبەر بەوان كراوە، بەپێی پێناسەی نێودەوڵەتی بۆ جینۆساید، بریتییە لە هێرشی سیستەماتیك و بەئەنقەست، بۆ لەناوبردنی بەكۆمەڵی خوشك و برا ئێزیدییەكانمان.

هەر لەم ڕۆژە و لەم بۆنەیە‌دا، بیرمان لای ئەو ژن و خوشكە مەسیحیانەشە، كە لە ناوچەكانی دەشتی نەینەوا و مووسڵ و دەوروبەری و لە شوێنەكانی دیكە، ناچار كران ماڵ و حاڵ و زێدی خۆیان جێ بهێڵن و ئاوارەی ناوچە جیاكانی هەرێمی كوردستان ببن. هەست بە ژان و ئازاری ئاوارەیی، ماندووییی ئەوانیش دەكەین.

شۆك و ئازارێكی دیكەی دژواری ئەم تاوانكاری و هێرشە تیرۆرستیانە، ئەو برینە قووڵە و ئەو كەرتبوونە كۆمەڵایەتییە گەورەیە بوو، كە لە كەلتووری سەدان ساڵەی تەبایی و پێكەوەژیان و ئاشتیی كۆمەڵایەتیی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكاندا، دروست بوو. ڕووخانی پردەكانی بڕوا و متمانە بوو لە نێوان دوو دراوسێدا، كە خاوەن دوو بڕوا و دوو ئایینی جیا بوون و سەدان ساڵە پێكەوە دەژین، بەڵام زۆر بەداخەوە هەر لە یەكەم تێكچوونی بارودۆخەكەدا، لەناكاو كۆتایی بەو پێكەوەژیانە دێرینە هات و ئەوی لەو ناوچانە بەسەریاندا هات دوور بوو لە هەموو كارێكی مرۆڤایەتی.

خوشك و برایانی بەڕێز..
ئاشكرایە كە ئافرەتی كورد بە درێژاییی مێژوو ڕووبەڕووی زۆر جۆری توندوتیژی و نەهامەتی بۆتەوە، بەڵام هەمیشە لەسەر پێ وەستاوە و نەكەوتووە. ئەمڕۆ ژنانی كورد بۆ نموونە لە كۆبانێ، ڕووبەڕووی هێزەكانی داعش بوونەتەوە. لێرە لە هەرێمی كوردستان، ژن بە هەمان شێوە خەبات دەكات، بەڵام دیارە بەپێی جیاوازیی دۆخەكە، خەباتی ژنان لێرە شێوازی جیاوازی وەرگرتووە.

ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستان ئافرەتان چالاكانە بەشداریی كاری سیاسی و پەرلەمانی و ڕێكخراوەیی و پیشەیی دەكەن. بە هەوڵ و توانای خۆیان و پشتگیریی حكوومەتیش، توانیویانە ڕێژەی كۆتا لە پەرلەمان بە 30% دابین بكەن. من كار دەكەم و هیوا دەخوازم كە ئەو كۆتایە، لە ناو كابینەی حكوومەتیش لە داهاتوودا رەنگبداتەوە.

جگە لەمە، ژنان بە هێز و توانایان، هاوكار بوون لە دەستكاریكردنی یاسا عێراقییەكان، بۆ نموونە توانیویانە فرەژنی سنوردار بكەن، توندوتیژی بە بیانووی شەرەف وەكوو تاوان پێناسە بكەن، لە ڕێگەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانییەوە، دادگای تایبەت بە توندوتیژی بخەنە گەڕ. ئەمانە هەموو دەستكەوتن و بە خەباتی ئافرەتانی كوردستان هاتوونەتە دی. ئێمە ئەم خەباتە بەرز دەنرخێنین و وەكوو دەسەڵاتی جێبەجێكردن و كارگێڕی لە  هەرێمی كوردستان، بەردەوام دەبین لە هەوڵ و كارەكانمان، بۆ زیاتر چەسپاندنی ماف و ئازادییەكان و پێشخستنی پرۆسەی دیموكراسی لە وڵاتەكەماندا.

بۆ گەیشتن بەم ئاستە، دەبێ ئێمە لەسەر هەموو ئاستێكی ناو خێزان و شوێنی كار و مەیدانەكانی جەنگ، بەرەنگاری توندوتیژی ببینەوە. ئەم هەڵمەتەش كە ئەمڕۆ ڕایدەگەیەنین، جەختكردنە لەسەر ئەو بڕوا و ئەو پابەندبوونەی ئێمە بەم پرۆسەیەوە.

خۆشحاڵم كە لە بەدواداچوونم لەسەر ئەم پرسانە، دەبینم ئامارەكانی كوشتن و خۆسووتاندن لە هەرێمی كوردستان كەمیان كردووە، ئەمەش لە هەرسێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان. ئافرەتان ئەمڕۆ هۆشیارن بەرامبەر بە مافەكانیان و سەردانی بنكە و ئۆفیسەكانی پۆلیس و بەڕێوەبەرایەتییەكان دەكەن و سكاڵا لە دژی تۆمەتباران تۆمار دەكەن. ئێمە لە ڕێگای بۆردی چاودێری و ئەنجوومەنی كاروباری خانمان و، بەڕێوەبەرایەتییەكانەوە، كار دەكەین بۆ ئەوەی دادوەری دابین بكرێت و مافی ژن بە هیچ جۆرێك پێشێل نەكرێت.

پێشتر ئاماژەم بە گۆڕانی یاساكان لە هەرێمی كوردستان كرد، لێتان ناشارمەوە كە لە جێبەجێكردنی یاساكاندا، ڕووبەڕووی تەحەددا بووینەتەوە، بەڵام كارمان كردووە بۆ ئەوەی ئەو تەحەددایانە ببەزێنین، ئەمەش لە ڕێگای پرۆگرامی هۆشیاریی گشتی لەسەر ئاستی دادوەری و پۆلیس و لە قوتابخانە و زانكۆكانیش. بەڵام هێشتا تەحەددامان لەپێشە، ئەم پرۆسەیە پێویستی بە هاوكاریی هەمەلایەن هەیە بۆ ئەوەی بگەینە سەركەوتن.

كاركردنی ئێمە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی، خەباتە دژی هەموو هێزێكی توندڕەو و تاریك، چ لە بەرەكانی جەنگ بێت، چ لەناو ماڵ و هەموو سووچێكی ئەم كوردستانە بێت. دەمێكە ئەم خەباتەمان دەست پێكردووە، دەستكەوتیشمان هەبووە، بەڵام ئامانجی ئێمە ئەوەیە كە توندوتیژی بنبڕ بكەین، چونكە تا ئافرەت لە زوڵم و چەوساندنەوەدا بژیت، بە هیچ شێوەیەك كۆمەڵگە ئاسوودە نابێت.

لە كۆتاییدا هیوای سەركەوتن بۆ هەموو لایەك دەخوازم. ئێمە لێرە بۆ ماوەی دوو هەفتە ئەم هەڵمەتە ڕادەگەیەنین، بەڵام با بیرمان نەچێت كە خەباتی ئێمە ڕۆژانەیە و دەبێ هەمیشە لە ئامادەباشیدا بین بۆ بەزاندن و نەهێشتنی پێشێلكاری و بەرەنگاربوونەوەی توندڕەوی  و چەوساندنەوەی مرۆڤ.

پێشێلكردنی مافی ژن، پێشێلكردنی مافی مرۆڤە و دەبێ لە وڵاتەكەماندا هەوڵی بنبڕكردنی بكرێت. بۆیە با هەموومان پێكەوە كار بكەین بۆ دروستكردنی ناتوندوتیژی و بۆ بەدیهێنانی كۆمەڵگەیەكی بەتاڵ لە توندوتیژی دژی ژنان.

دووبارە سوپاستان دەكەم و هەموو لایەكتان بەخێر بێن هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازم.

هەواڵی پەیوەندیدار