٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دروستكردنی هێزی كلد ئاشوورییەكان لە جێبەجێكردن نزیك بووەتەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- سكرتێری پارتیی بەیت نەهرێن دەڵێت، پێكهێنانی سوپایەك بۆ كلد ئاشوورییەكان لە قۆناخی كۆتاییدایە. ئەوەیش دەخاتە ڕوو كە، ئەو هێزە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا بەرگری لە دەشتی نەینەوا دەكەن.

سكرتێری پارتیی بەیت نەهرێن (ڕۆمیۆ هەكاری)، لە لێدوانێكدا بۆ KDP.INFO گوتی، "ئێمە بۆ پێكهێنانی سوپایەك بۆ كلد ئاشوورییەكان لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگەدا بە هەموو دامەزراوەكانیانەوە لە قۆناخەكانی كۆتاییداین، كاروانێكمان ئامادەیە بۆ پەنجەمۆر و لەوێوە بۆ مەشقپێكردن، هیوادارین هەفتەی داهاتوو ئەو ئیجرائاتانەی كە ماون ئەوانیش جێبەجێ بكرێن".

(هەكاری) ئەوەیشی خستە ڕوو كە، لە قۆناخی یەكەمدا 500 كەس ئامادە دەكرێن و هەموو مامەڵەكانیان تەواو بووە، لە كاروانی دووەمیشدا بە هەمان شێوە بەردەوام دەبێت".

گوتیشی، "ئەم هێزە دوو ئەركی سەرەكییان دەبێت، یەكەم لەگەڵ برایانی پێشمەرگەدا بۆ پاككردنەوەی دەشتی نەینەوا بەشدار دەبن، دووەم لە داهاتوودا تایبەت دەكرێن بە پاراستنی خەڵكی ئێمە و شار و شارۆچكەكانی وەك بەرتلە، قەرەقووش، تلكێف و ناوچەكانی دیكەی سنوورەكە و سەرجەم ئەو هێزانەیش لە دەشتی نەینەوا جێگیر دەكرێن".

سكرتێری پارتیی بەیت نەهرێن ئاماژەیشی دا كە، سەرۆكی هەرێم بڕیاری داوە نەتەوەكانی دیكە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا هێز پێك بهێنن، بۆیە ئەم هێزە ئەركیان پاراستنی ناوچەكانی خۆیانە.

دەشڵێت، "دروستكردنی ئەم هێزە ئیجابیاتی زۆرە، ئەمانە هێزێكی نامۆ نین لە ناوچەكە و لە ڕووی متمانە و سایكۆلۆژی و كولتوورەوە كاریگەریی زۆری لەسەر خەڵكی ناوچەكە دەبێت و پشتیوانیی ڕۆڵەی خۆیان دەكەن".

ڕوونیشی كردەوە كە، "لە داهاتوودا ئێمە وەك كلد ئاشووری كاتێك داوای حوكمی زاتی لە دەشتی نەینەوا دەكەین، ئەم هێزە دەبێتە پشتیوانێك و لە چوار چێوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستاندا پارێزگاری لە سەرجەم ناوچەكانی خۆمان دەكەین".
 

هەواڵی پەیوەندیدار