٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نێچیرڤان بارزانی‌: ژن هه‌میشه‌ قوربانیی‌ یه‌كه‌می‌ جه‌نگه‌كان بووه‌.. دەبێ ئامانجمان بنبڕکردکردنی توندوتیژیی دژی ژنان بێ

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  سه‌رۆكی‌ حكوومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان(نێچیرڤان بارزانی‌) له‌ مه‌راسیمی‌ هه‌ڵمه‌تی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژیی‌ دژی‌ ژناندا رایگه‌یاند "ئه‌وه‌ی‌ به‌رامبه‌ر به‌ ئێزدییه‌كان كرا، به‌ هه‌موو پێوه‌رێك جینۆسایده‌، كاریش ده‌كه‌ین  بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئاستی جیهان به‌ جینۆساید بیناسێنین".

ئەمڕۆ سێشەممە 25-11-2014 هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان لە هەرێمی كوردستان بۆ ماوەی دوو هەفتە دەستی پێ كرد، بۆ ئەو مەبەستەیش لە باڵاخانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان مەراسیمێك رێك خرا.

لە‌و مەراسیمەدا كە بەرپرسانی باڵای حكوومی ‌و پەرلەمانتاران و رێكخراوەكانی ژنان و چالاكانی كۆمەڵگەی مەدەنی ئامادەی بوون، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی) وتارێكی پێشكەش كرد و تێیدا ڕایگەیاند، "به‌ هۆی‌ هێرشی‌ داعشه‌وه‌ ئافره‌تان له‌ ره‌وشێكی‌ سه‌خت دان، وه‌ك ستراتیژی‌ جه‌نگ بە كاریان هێناون، بۆیه‌ ژن هه‌میشه‌ قوربانیی‌ یه‌كه‌می‌ جه‌نگه‌كان بووه‌".

(نێچیرڤان بارزانی) زیاتر گوتی "ده‌بێت به‌رده‌وام بین له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی‌ توندوتیژیی‌ دژی‌ ژنان له‌ ناو خێزان، ئامانجیشمان ئه‌وه‌ بێت توندوتیژی‌ بنبڕ بكه‌ین".


پەیوەست بەو باسە رایگەیاند، كە داعش گەورەترین تاوانی دژ بە ژنانی كورد كردووە و نموونەی رفاندنی كچان ‌و ژنانی كوردی ئێزدی هێنایەوە، كە ئێستایش ژمارەیەكی زۆریان لەژێر دەستی داعشن.

لە ماوەی رابردوودا هەندێك لە كچان و ژنانی ئێزدی بە هەوڵی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رزگاركران، لە وتارەكەیدا (نێچیرڤان بارزانی) جەختی كردەوە، كە بەردەوام دەبن لە هەوڵەكانیان بۆ ئازادكردنی ئافرەتانی كوردی ئێزدی لە دەست داعش و گوتی: "ئافرەتانی كورد دڵنیا دەكەینەوە كۆڵ نادەین بۆ بنبڕكردنی تو‌ندوتیژیی دژی ژنان جا لە ماڵ بێت یان لە بەرەكانی جەنگ".
سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان گوتیشی: "بە درێژایی مێژوو ئافرەتی كورد تووشی زوڵم و ستەم لێكردن بوونەتەوە، بەڵام نەكەوتووە و لەسەر پێی خۆی وەستاوە"، بۆ ئەوەش ژنە شەڕڤانەكانی كۆبانیی بە نموونە هێنایەوە.

(نێچیرڤان بارزانی) باسی لە هەوڵی ژنانی باشووری كوردستان كرد، كە جیاواز لە بەشەكانی دیكەی كوردستان خەباتی مەدەنی و سیاسی خۆیان دەكەن و یەكێك لە دەستكەوتەكانی ژنانی باشووری كوردستانیشی بە چەسپاندنی سیستمی كۆتا لە پەرلەمان و ئیدارە خۆجێییەكاندا باس كرد و گوتی "هیوادارم و هەوڵ دەدەم ئەو سیستمە لە داهاتوودا لە كابینەی حكوومەتیشدا رەنگ بداتەوە".

نێچیرڤان بارزانی راشیگەیاند، كە ئەو وەك سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەدواداچوونی بەردەوامی هەیە بۆ پرسەكانی تایبەت بە ژنان و باسی لە د‌وائامارەكانی توندوتیژی كرد و گوتی: "خۆشحاڵم كە بەپێی بەدواداچوونمان دەركەوتووە ئامارەكانی توندوتیژی رووی لە كەمی كردووە لە هەرسێ  پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان".
 

هەواڵی پەیوەندیدار