نێچیرڤان بارزانی دەچێتە توركیا.. رێككەوتنی ئابووری و بازرگانی واژۆ دەكرێت

هەولێ-KDP.info- بە گوێرەی لێدوانی پەرلەمانتاری بەرەی توركمانی لە پەرلەمانی كوردستان (ئایدن مەعرووف)، سەرۆكوەزیرانی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی) لە وادەیەكی نزیكدا سەردانی توركیا دەكات و، ئاكامی سەردانەكەیشی واژۆکردنی رێكکەوتنی ئابووری و بازرگانییە.
پەرلەمانتاری بەرەی توركمانی لە پەرلەمانی كوردستان، (ئایدن مەعروف) كە یاوەری شاندەكەی سەرۆكوەزیرانی توركیا، (ئەحمەد داوودئۆغڵۆ) بوو لە هەولێر، بە KDP INFOـی راگەیاند، بەم نزیكانە سەرۆكوەزیرانی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی) سەردانی توركیا دەكات و، لە كاتی سەردانەكەی (داوودئۆغڵۆ) بۆ هەولێر، باس لەو سەردانەی (نێچیرڤان بارزانی) بۆ توركیا كراوە.
(مەعرووف)، سەبارەت بە وادەی سەردانەكە، دەشڵێت: "سەردانەكە زۆر نزیكە، بەڵام كاتەكەی دیاری نەكراوە، چونكە بڕیار وایە كە سەرۆكوەزیرانی عێراق (حەیدەر عەبادی)ـیش سەردانی توركیا بكات."
(ئایدن مەعرووف) روونی كردەوە، ئاكامی سەردانەكەی سەرۆكوەزیرانی كوردستان، واژۆکردنی رێکكەوتنی بازرگانی و ئابوورییە.
ئەو پەرلەمانتارەی بەرەی توركمانی سەردانەكەی سەرۆكوەزیرانی توركیای بۆ هەرێمی كوردستان بە بەرهەمدار ناو برد و، گوتی: ئەو سەردانە دووپاتی پشتیوانی توركیا بوو بۆ هەرێمی كوردستان، كاتێكیش (داوودئۆغڵۆ) سەردانی هێزی پێشمەرگەی كرد، ئەو پشتیوانیەی دووپات كردەوە و بریاریشی داوە وڵاتەكەی مەشق و راهێنان بە هێزەكانی پێشمەرگە بكات.
(ئایدن مەعرووف)، رونیشی كردەوە کە، لە داهاتوویەكی نزیكدا پێوەندییەكانی توركیا و هەرێمی كوردستان، پێشوەچوونی باشتر و گرینگتر بە خۆیەوە دەبێنێت.
یەحیا سابیر




