جەلەولا و سەعدیە.. مینڕێژیی ناوچەكە گەڕانەوەی هاوڵاتییانی دواخستووە

خانەقین-KDP.info- بەرپرسێكی پارتی لە خانەقین دەڵێت، داعش لە هەردوو ناحیەی جەلەولا و سەعدیە، مینێكی زۆری داناوە و بە هۆیەوە رێگە بە هاووڵاتیان نادرێت بۆ ماڵەكانیان بگەڕێنەوە، تا ئەو كاتەی بە تەواوی مینەكان پووچەڵ دەكرێنەوە.
بەرپرسی لقی 15ـی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە خانەقین (شێخ جەعفەر شێخ مستەفا)، بە kdp.infoـی راگەیاند، بەگوێرەی دوائاماری نەخۆشخانەی خانەقین، لە شەڕی دوێنێی ناحیەی سەعدیەدا، تەرمی 12چەكداری عەسائیب ئەهلوحەق و، 50 برینداری دیكەی ئەوان گەییشتوونەتە نەخۆشخانەی خانەقین و برینی هەندێكیشیان سەختە.
(شێخ جەعفەر) ئاماژەیشی دا كە، لە ئێستادا هێزی پێشمەرگە لەناو ناحیەی جەلەولادا جێگیرن، بەڵام داعش ناوچەیەكی زۆری لەو شارەدێیە مینڕێژ كردووە، بە تایبەت لە شەقام و كۆڵانەكان و، لە ئێستایشدا رێگە نادرێت هیچ كەسێك بۆ ماڵەكانیان بگەڕێتەوە، تا بە تەواوەتی لە مین پاك دەكرێتەوە.
بڵند ئیبراهیم




