ئێمێنكی بەرە و ئەڵمانیا بەڕێكەوت

هەولێر-KDP.info- بە بانگهێشتی فەرمیی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا، ئێوارەی ئەمڕۆ جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان (د.جەعفەر ئیبراهیم ئێمێنكی) بەرە و بەرلینی پایتەختی وڵاتی ئەڵمانیا، بەڕێكەوت.
دابەشكردنی دەستەڵاتەكان لە بنیادی دەوڵەت لە كۆماری ئەڵمانیای ئیتیحادی ناوونیشانی ئەو پرۆگرامەیە كە، وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا بۆ شاندێكی باڵای عێراقی رێكی خستوە و، ئەو شاندەیش وێڕای جێگری سەرۆكی پەرلەمان، (د.جەعفەر ئیبراهیم ئێمێنكی)، هەر یەك لە جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (ئارام محەممەد علی)، وەزیری دەوڵەتی عێراق بۆ كاروباری پارێزگاكان و ئەنجوومەنی نوێنەران (ئەحمەد عبدوڵڵا عەبد)، پارێزگاری كەركووك (د.نەجمەدین كەریم)، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرە (سەباح موحسن محەممەد)، جێگری یەكەمی پارێزگاری بەسرە (محەممەد تاهیر نەجم)، جێگری پارێزگای ئەنبار (جاسم محەممد عسل) و ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران (د.حەنین محەممد) لە شاندەكەدا هەن.
لە كۆبونەوەكانی ئەمشاندە لە ئەڵمانیا وێڕای تیشك خستنەسەر پرسی چۆنیەتی دابەشكردنی دەستەڵاتەكان لەئەڵمانیا، ژمارەیەك دیدار و چاوپێكەوتنیش لەئاستی گروپ و كەسیی، سازدەكەن.
ئەندامانی شاندەكە، لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەڵًمانیا، باڵیۆزی عێراق لە ئەڵمانیا، وەزارەتی نێوخۆ، وەزیری دەوڵەتی ئەڵمانیا بۆ كاروباری پەرلەمان، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی ئەڵمانیا، كۆدەبنەوە. دواتریش سەردانی مەیدانی بۆ پەرلەمانی ئیتیحادی و هەرێمیی لەو وڵاتەدا، دەكەن.




