پەرلەمانی كوردستان بە تەمەنترین كەسەكانی دیاری كرد
هەولێر-KDP.info-ئەمڕۆ پەرلەمانی كوردستان، سێ لە بە تەمەنترین پەرلەمانتارانی بە شێوەیەكی كاتی بۆ سەرۆكی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم، سەرۆكی لیژنەی كاروباری پەرلەمان و سەرۆكی لیژنەی پەیوەندیەكان و كاروباری رەوەندی كوردستانی، دیاریكرد.
دوای ئەوەی فڕاكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان، پێوەست بە سەرۆكی لیژنەكانی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم، لیژنەی كاروباری پەرلەمان و لیژنەی پەیوەندیەكان و كاروباری رەوەندی كوردستانی، نەگەیشتنە رێككەوتن، ئەمڕۆ جێگری سەرۆكی پەرلەمان و سكرتێرەكەی و سەرۆكی لیژنەی یاسایی كۆ بوونەوە.
لای خۆیەوە جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، (د.جەعفەر ئیبراهیم)، رایگەیاند كە، دوای ئەوەی ماوەیەك چاوەڕوانی وەڵامی فڕاكسیۆنەكانی پەرلەمان بووین، تا لە نێوان خۆیان رێكەوتن لەبارەی دەستنیشانی سەرۆك، جێگر و بڕیاردەرانی ئەو لیژنانە بكەن، بەڵام تا ئێستا نەگەیشتوونەتە رێككەوتن، بۆیە وەك سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان بە گوێرەی بە تەمەنترین ئەندام سەرۆكمان بۆ ئەو لیژنانە دیاری كرد، تا كاروباری ئەو لیژنانە بەرێكوپێكی بەڕێوە بچێت.
جێگری سەرۆكی پەرلەمان دەشڵێت، چاوەڕوانی ئەوەین فڕاكسیۆنەكان لە زووترین كاتدا بگەنە رێكەوتن.
دواتر بەگوێرەی بە تەمەنترین ئەندام سەرۆكی هەر سێ لیژنە دیاریكران كە، بریتی بوون لە) تەحسین ئیسماعیل دۆڵەمەری) بۆ سەرۆكی لیژنەی پەیوەندیەكان و كاروباری رەوەندی كوردستانی). (عباس غەزالی میرخان) بۆ سەرۆكی لیژنەی كاروباری پەرلەمان. (عەبدوڵرەحمان فارس ئەبو كاروان)، بۆ سەرۆكی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم.




