جەلەولا..بە گورزی پێشمەرگە 25 تیرۆریستی داعش كوژراون

جەلەولا- KDP.INFO- دوای ئەوەی ناحیەی جەلەولا لە لایەن هێزی پێشمەرگەی كوردستان ئازاد كرا، بە گوێرەی ئامارەكان، 25 تیرۆریستی داعش لەو ناوچەیە كوژراون.
ئەمڕۆ بەیانی، هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان دەستیان كرد بە هەڵمەتێك بۆ ئازادكردنەوەی ناحیەی جەلەولا، لە ئاكامدا دوای نیوەڕی ئەمڕۆ توانرا ئەو ناحیە جارێكی دی ئازاد بكرێتەوە.
بەرپرسی ناوچەی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە جەلەولا (كامەران حەمەجان) بە- KDP.INFO ی ڕاگەیاند، بەیانی ئەمرۆ هێزەكانی پێشمەرگە پاش ئەوەی دەستیان بە هێرشكردن كرد بۆ پاككردنەوەی ناحیەی جەلەولا، خۆشبەختانە ئێستا هێزەكانی پێشمەرگە توانیان تەواوی ناحیەكە لە تیرۆرستانی داعش پاك بكەنەوە و، پێشمەرگە لەنێو جەلەولادا جێگیربووە.
(كامەران حەمەجان)، دەشڵێت، زۆر شوێنی ناحیەكە لە لایەن تیرۆریستانی داعش، مینڕێژكراوە و، لە ئێستایشدا تیمەكانی ئەندازیاری سەرقاڵی پوچەڵكردنەوەی مینەكانن.
بە گوێرەی زانیاری پەیامنێری KDP.infoلە جەلەولا (كاروان جاف)، لە ئاكامی هێرشی پێشمەرگە بۆسەر ناحیەكە، 25 تیرۆریستی داعش كە لە نێویاندا چەند سەركردەیەك هەن، كوژراون و، ئێستایش پێشمەرگە بە تەواوەتی ناحیەكەی ئازاد كردووە.
جێی ئاماژەیە، دوای نێوەرۆِی ئەمڕۆ هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان هێرشیان كردە سەر ناحیەی جەلەولا و ئازادیان كرد كە، زێتر لە سێ مانگە ناحیەكە لە ژێر كۆنتڕۆڵی تیرۆریستانی داعشدایە.
كاروان جاف -نەشوان بەرزنجی




