٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نەوزاد هادی: كردەوە تیرۆرستییەكە ورەی خەڵكی بەهێزتر كردووە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- پارێزگاری هەولێر لە میانەی پێشوازی لە سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، ڕۆژانە كاری خۆمان دەكەین و كردەوە تیرۆرستییەكە ورەی خەڵكی بەهێزتر كردووە، هەمولایەنەكانیش بێ جیاوازی هاوكاری سەركەوتنی كارەكانمانن.

پارێزگاری هەولێر (نەوزاد هادی)، لە میانەی پێشوازیی ئەمڕۆی  لە سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان (د.یوسف محەممەد)، لە دیوانی پارێزگا دەڵێت، "وەك پارێزگار و سەرجەم لیستە براوەكانی نێو ئەنجوومەنی پارێزگا، لە هەوڵی دانوستانداین، بە هیوای ئەوەین لە داهاتوویەكی نزیكدا بگەینە ڕێكەوتن و هەموومان پێكەوە لە خزمەتی هاوڵاتیاندا بین".

لەبارەی ڕەوشی ئارامی و خزمەتگوزارییەكانیشەوە، پارێزگای هەولێر ئاماژە دەدات، "ڕۆژانە كاری خۆمان دەكەین و كردەوە تیرۆرستییەكە ورەی خەڵكی بەهێزتر كردووە و هەموو لایەنەكان بێ جیاوازی، هاوكاری سەركەوتنی كارەكانمانن".

لای خۆیەوە سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان (د. یوسف محەممەد) دەڵێت، "تیرۆرستان دەیانەوێت ترس و دڵەڕاوكێ بخەنە دڵی هاووڵاتیانەوە، ئارامی و ئاساییشی كوردستان تێك بدەن، بەڵام ئەوە خەونێكی نەزۆكە و ئیدی ماڵی كورد تەبایە و هەموومان پێكەوە  دژ بە تیرۆرستان دەوەستینەوە. پێویستە هەمومان لەبەرامبەر ئەرك و فەرمانەكانماندا هەست بەرپرسیارێتی بكەین".
لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان سەرەخۆشی لە پارێزگاری هەولێر كرد بە بۆنەی كردەوە تیرۆرستییەكەی هەفتەی ڕابردوو و، داوایشی كرد لەمەودوا لە بەرانبەر پلانی تیرۆرستاندا وردتر بین، چونكە هەمو هەوڵی تیرۆرستان بۆ تێكدانی ئارامی و پێكەوەژیانی هەرێمی كوردستانە.
جێی ئاماژەیە، پێنجەشەممەی رابردوو لە بەردەم دەرگای سەرەكیی پارێزگای هەولێر، خۆكوژێك بە ئۆتۆمبیلەكەوە خۆی بە ستوونی دەرگای سەرەكیی پارێزگادا تەقاندەوە و، بەهۆیەوە 5 شەهید و 29 هاوڵاتی بوونە قوربانی.

هەواڵی پەیوەندیدار