٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

گەشتە چوار ڕۆژییەكەی شاندی هەرێم بۆ ئەمەریكا سەرکەوتوو بوو.. فەلاح مستەفا: ناتوانین چیی دیكە چاوەڕێی بەغدا بین

سەرچاوە: KDP.info
دیداری شاندی هەرێم لەگەڵ سیناتۆر(جۆن ماککین).

واشنتن-KDP.info-  گەشتە چوار ڕۆژییەكەی چەند بەرپرسێكی باڵای حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە پێشكەشكردنی پرۆژەبڕیارێك بۆ كۆنگرێسی ئەمەریكا كۆتایی هات، كە بریتییە لەوەی دەستەڵات بدرێتە حكوومەتی ئەمەریكا تا ڕاستەوخۆ كەلوپەلی سەربازی و چەك بداتە هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان و مەشقیان پێ بكات.

 

سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان(دكتۆر فوئاد حوسێن) و بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان(فەلاح مستەفا)، پێنجشەممەی ڕابردوو 20ـی 11ـی 2014، بە ئەنجامدانی چەند دیدارێك لەگەڵ گەورەبەرپرسانی ئیدارەی ئەمەریكا و ئەندامانی كۆنگرێس، كۆتاییان بە سەردانەكەیان هێنا بۆ واشنتن. لە ماوەی هەفتەی پێشوودا، شاندەكە كۆمەڵێك دیداری لەگەڵ چەند ئەندامێكی كۆنگرێس ئەنجام دان. پێشكەشكردنی پرۆژەبڕیارێك لە لایەن ژمارەیەك لە ئەندامانی كۆنگرێسی ئەمەریكاوە بۆ لیژنەی كاروباری دەرەوەی دەستكەوتێكی گرینگ بوو.


لەم بارەیەوە، (فوئاد حوسێن) گوتی "ئێمە ڕۆڵی كۆنگرێس بەرز دەنرخێنین كە ئەو پرۆژەبڕیارە مێژووییەی پێشكەش كردووە. بڕیارەكە، نەك تەنیا نیشانەی پابەندبوونی ئەمەریكایە بە شەڕی دژەتیرۆرەوە، بگرە نیشانەی هاوپەیمانێتیی درێژخایەنی نێوان وڵاتە یەكگرتووەكان و گەلی هەرێمی كوردستانیشە".
بڕیاری 5747 كە هەردوو حیزب لە نێو ئەنجوومەنی نوێنەراندا پەسەندیان كردووە، لە لایەن سەرۆكی لیژنەی كاروباری دەرەوە (ئید ڕۆیس)، كۆنگرێسمانی دیار (ئەلیوت ئەنگڵ)-ەوە پێشكەش كراوە.


شایانی زانینە، هەموو كەلوپەلە سەربازییەكانی كە ئێستا دەدرێتە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەبێت بە بەغدادا تێپەڕێت، ئەمەش وای كردووە، پڕۆسەی ناردنی چەكی هێرشبەری قورس كە بۆ لێدان و لەناوبردنی یەكجارەكی تیرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی(داعش) پێویستن، خاو و سنووردار بكات.
شاندەكە، ڕۆژی پێنجشەممەی 20ـی 11ـی 2014 لەگەڵ گەورەبەرپرسانی ئیدارەی ئەمەریكا و وەزارەتی بەرگری كۆبوونەوە. دیدارەكان لەگەڵ ژمارەیەك ڕاوێژكار و فەرمانبەرانی ئەنجوومەنی ئاساییشی نیشتیمانی كە بریتی بوون لە؛ (فیڵ گۆردون و ڕۆبەرت مالی و ئەندی كیم)، هەروەها جێگر و یاریدەدەرانی وەزیری بەرگری (ئەلیسا سڵۆكتین و مات سپینس) و چەند فەرمانبەرێكی وەزارەتی دەرەوە، لەوانە، یاریدەدەری وەزیر (بۆنیت تالۆر) و جێگری یاریدەدەری سكرتێر (برێت ماكگۆرك)، كە هاوكات جێگری نێردراوی تایبەتی سەرۆكە بۆ كاروباری لەنێوبردنی دەوڵەتی ئیسلامی(داعش). لەم دیدارەدا، گفتوگۆ لەبارەی ستراتیژییەتی وڵاتە یەكگرتووەكانەوە دژی داعش و گفتوگۆكان لەگەڵ بەغدا و تەنگژەی مرۆیی لە هەرێمی كوردستان كرا.

 

لەم بارەیەوە، (فەلاح مستەفا)، ئاماژەی دا "بەبێ هاوكاریی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا ناتوانین بە تەواوەتی داعش لەنێو ببەین. تەنگژەكە ئاڵۆزە و ئێمەیش پێویستمان بە پشتیوانیی سەربازی و ئابووریی ئەمەریكا هەیە، هەروەها لە لایەنی یارمەتیی مرۆییەشەوە".
زیاتر گوتی، "پێشڕەوییەكانی داعش لە عێراق و سووریا، تەنگژەیەكی مرۆیی گەورەی لێ كەوەتووەتەوە. نێزیكەی 1.6 ملیۆن پەنابەر و ئاوارە ڕوویان تەنیا لە هەرێمی كوردستان كردووە. لەگەڵ هاتنی وەرزی زستانیشدا، سەدانهەزاران هەن كە هیچیان نییە و بەهۆی سەرماوسۆڵەوە تووشی كارەسات دەبن، ئەگەر پێداویستیی زستانەیان بۆ دابین نەكرێت. ئەمانە سەرباری ئەوەی حكوومەتی بەغدا، لە مانگی كانوونی دووەمەوە، دەستی بەسەر بەشەبودجەی هەرێمی كوردستاندا گرتووە كە دەكاتە نێزیكەی 10 ملیار دۆلار، ئەمەش تەنگژەكەی گەورەتر كردووە."


هەروەها (فوئاد حوسێن) و (فەلاح مستەفا)، چەند دیدارێكی جیایان لەگەڵ ئەندامانی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوە و لیژنەی خزمەتگوزارییە سەربازییەكانی ئەنجوومەنی پیران ئەنجام دا، لەوانە سەرۆكی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوە، سیناتۆر (ڕۆبەرت میندز) و هەریەك لە، سیناتۆر (جۆن ماككین) و سیناتۆر (بن گاردین) و سیناتۆر (جاك ڕید) و سیناتۆر (تیم كین).
سیناتۆر (جۆن ماككین)، بە شاندی میوانی گوت "ڕۆژ نییە لەگەڵ هاوكارانم كار نەكەین بۆ ئەوەی چیتان پێویستە بۆتانی دابین بكەین، تا بتوانن ئەو تیرۆریستانە بشكێنن".


لە ئاستی ئیعلامییشدا، نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دانیشتنێكی گفتوگۆی بۆ شاندەكە ساز كرد، لەگەڵ هەریەك لە پەیامنێرانی، وۆڵ ستریت جۆرناڵ و ڕۆیتەرز و بلومبێرگ و مۆنیتەر و فۆرن پۆلیسی. لەو دانیشتنەدا، (دكتۆر فوئاد حوسێن) گوتی "ئێمە ئامادەی ڕووبەڕووبوونەوەین، بەڵام پێویستیمان بە چەكی قورسە، لەو باوەڕەیشدام زۆر زەحمەتە بتوانین بەردەوام بین، یان لایەنی كەم ناوچەگەلی دیكە ئازاد بكەین، ئەگەر ئەو چەكانەمان بۆ دابین نەكرێت".
هەر لەم بارەیەوە، (فەلاح مستەفا) ئاماژەی دا "ناتوانین چیی دیكە چاوەڕێی گەییشنی ئەو چەكانە بكەین لە بەغداوە، گرینگ ئەوەیە، ئێمە هاتینە وڵاتە یەكگرتووەكان بۆ ئەوەی ڕەوشەكە بۆ دۆستان و هاوپەیمانانمان باس بكەین".

هەواڵی پەیوەندیدار