٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

كلیلی دەرگای هەناردەی نەوتی كەركووك لە دەستی كوردە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  وەزیری نەوتی عێراق لە رێككەوتنەكەی هەولێری پێوەست بە نەوت هەڵەی كرد؟ بۆچی بەغدا رەزامەند بوو نەوتی هەرێم بە بۆرییەكانی هەرێمدا هەناردە بكرێت؟ كێ ددانی بە گرێبەستە نەوتییەكانی هەرێمدا نا؟ كلیلی هەناردەی نەوتی هەرێم و كەركووك، لە دەستی كێیە؟ وەڵامی ئەو پرسیارانە و چەندین پرسیاری دیكە، لەو راپۆرتەدا شیی كراونەتەوە.

وەزیری نەوتی عێراق لە رێككەوتنەكەی هەولێری پێوەست بە نەوت هەڵەی كرد؟
"بە هۆی مەترسیی  داعش لەسەر عێراق، رێككەوتنی نێوان هەرێم و عێراق پێشبینیكراو بوو، داعش هەڕەشەیەكی جیددییە بۆ سەر عێراق، بەڵام پێشمەرگە رۆڵێكی گەورەی لە پاراستنی هەرێمی كوردستان و دوورخستنەوەی هەڕەشەی داعش لە عێراق هەبوو، بۆیە رێككەوتنی نێوان هەرێم و عێراق، متمانەپێكراو دەبێت و هاتنی داعش زیاتر لێكی نزیك كردنەوە. لە رۆژانی داهاتوویشدا گەورەترین نزیكبوونەوەی نێوان هەرێم و بەغدا لە ئارادایە، بە تایبەت كە، شاندێكی باڵای هەرێم بە مەبەستی تاوتووكردنی كێشەكانی نێوانیان، سەردانی بەغدا دەكات." جێگری سەرۆكی بنكەی عەرەبیی قاهیرە بۆ لێكۆڵینەوەی سیاسی و ستراتیژی (د. موختار غەباشی) وای گوت.

لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراقدا، دەگوترێت وەزیری نەوت لە رێككەوتنەكەی هەولێری پێوەست بە نەوت هەنگاوێكی باشی نا، چونكە گەییشتن بە رێككەوتن لەگەڵ كورد باشترە لە داڕووخانی ئابووریی وڵات. وەزیری نەوت، دەزانێ داهاتووی وڵاتەكەی بەرەو قەیرانێكی گەورەی ئابووری دەچێت. هەروەك پسپۆڕ لە پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان (د. محەممەد موحسین ئەبو نوور)، لەبارەی ئەو رێكككەوتنە گوتوویەتی، "عێراق زیاتر لە هەرێمی كوردستان پێویستی بە پارەیە، ئەو قەیرانانەی دووچاری عێراق دێن، زۆر گەورەترن لەوەی كە ئێستا لە هەرێمی كوردستاندا هەیە، بۆیە عێراق پێویستی بە رێككەوتنە لەگەڵ هەرێمدا".

(ئەبو نوور) دەشڵێت، رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدای پێوەست بە نەوت، لە چوارچێوەی ئەو رێككەوتنە دێ كە بەر لە پێكهێنانی كابینەی نوێی عێراق بە سەرۆكایەتیی (حەیدەر عەبادی)، رێككەوتنێك كرابوو كە كۆتایی بە كێشەی نێوان بەغدا و هەولێر بهێنرێت.

پێوەست بەم رێككەوتنەیش، توێژەر (عەباس ئەلمەریانی) نووسیویەتی، وەزیری نەوتی عێراق هەنگاوێكی ئەرێنی و سەركەوتووی نا، چونكە بە گوێرەی پێوەری ئابووری و دارایی، سیاسی و نیشتمانی، پێویستە عێراق لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا رێك بكەوێت و ئەم هەنگاوەیش ئەنجامی ئەرێنیی لێ دەكەوێتەوە.
ئەو توێژەرە دەڵێت، لە 21-4-2014 رێکكەوتنێك لە نێوان هەرێم و بەغدا هەبوو كە، 100 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێم بە رێگەی عێراق هەناردەی دەرەوە بكرێت، بەڵام ئەم هەنگاوە سەری نەگرت، لە ئێستادا جیاوازە و وەزیری نەوت خۆی دەستپێشخەریی رێككەوتنی كردووە.

(ئەلمەریانی) ئاماژەیشی داوە، عێراق ئەمساڵ بە بڕی 30 ملیار دۆلار لە بودجەی گشتیی وڵاتەكەیدا شكستی بردووە، تەنیا بە رێگەی رێككەوتن لەگەڵ هەرێم دەتوانێ بۆ ساڵی 2015 لە شكستی بودجە رزگاری ببێت.

چاودێرانی سیاسی دەڵێن، هۆكاری رێككەوتنەكەی وەزیری نەوت لە هەولێر، تەنیا ئەوە نییە كە، (عادل عەبدولمەهدی) شیعەمەزهەبە و، پێشووتر هەڵوێستی ئەرێنیی بەرانبەر كورد هەبووە، بەڵكوو لە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق (عادل عەبدولمەهدی) پیشوەختە بۆ وەزیری نەوت پێشنیاز كرابوو، هاوكات لەلای سەرۆكوەزیرانی عێراق (حەیدەر عەبادی) دەسەڵاتی تەواوی پێ دراوە كە، رێككەوتنی یەكلاكەرەوە لەگەڵ هەرێم واژۆ بكات. بە گوێرەی توێژەر و پسپۆڕانی بواری نەوت، وەزیری نەوتی عێراق، هەنگاوێكی ئەرێنیی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا ناوە.

كلیلی هەناردەی نەوتی هەرێم و كەركووك، لە دەستی كێیە؟
لەگەڵ هاتنی داعش بۆ ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، پێشمەرگە كەركووك و ناوچەكانی دیكەی ئەو سنوورەی لە مەترسیی تیرۆریستانی داعش پاراست. وەزیری نەوت (عادل عەبدولمەهدی)، بە راشكاوی بە بەغدای راگەیاندووە كە، بێ رەزامەندیی كورد، عێراق ناتوانێت نەوتی كەركووك هەناردە بكات. كلیلی دەرگای هەناردەی نەوتی كەركووك بۆ جیهان لە دەستی كورددایە، بۆیە عێراق وازی لەو بیرۆكەیە هێناوە كە دەبێ نەوتی كورد بە رێگەی عێراقەوە هەناردە بكرێت، بەڵكو بە پێچەوانەوە ئەو 150 هەزار بەرمیلەی نەوتی كوردستانیش كە خراوەتە ژێر ركێفی بەغداوە بە رێگەی بۆریی نەوتی هەرێم بۆ توركیا هەناردە دەكرێت. هەروەك (سەرۆك بارزانی) لە پرێسكۆنفڕانسی دوێنیی لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی توركیا رایگەیاند، "رێكکەوتنی هەولێر و بەغدا ئەوەیە، ئەوان بە دوو کەڕەت پێشینەیەك بنێرن كە هەر وەجبەی  500 ملیۆن دۆلار بێت و، هەرێمی كوردستانیش 150 هەزار بەرمیل بە رێگەی ئەو بۆرییە نەوتەی بە خاكی هەرێمدا دەچێتە توركیا، رۆژانە بینێرێت".

بۆچی بەغدا رازی بوو نەوتی هەرێم بە بۆرییەكانی هەرێمدا هەناردە بكرێت؟
بە هۆی هاتنی داعش و هەڕەشەكانی بۆ سەر بۆرییە نەوتییەكانی عێراق، لە توانای ئەو وڵاتەدا نییە نەوت بە رێگەی بۆرییەكانیدا هەناردە بكات. هاوكات بۆرییە نەوتەكەی هەرێم لە رووی ئاساییشی نەوتەوە پارێزراوە. نەوتی كەركووك، ماوەیەكە لە هەناردەكردن وەستاوە، بەڵام ئاساییشی نەوت لە كەركووك، هێزی پێشمەرگە دەیپارێزێت. عێراق، جگە لە رێككەوتنی لەگەڵ هەرێم، هیچ رێگەیەكی بۆ هەناردەی نەوتی كەركووك نەماوە. هەرێمی كوردستانیش پێشووتر ئەگەر نەوتی هەناردەی دەرەوە بكردایە، دەبوو بە هێڵی بۆرییەكانی كەكوك- جیهانی، هەناردە كردبا، بەڵام ئێستا هەرێم خاوەنی هێڵی بۆریی نەوتە، هێڵێكی بۆریی هەناردەكردنی نوێی هەیە كە، ساڵی 2015 لە توانایدا دەبێت سەرووی ملیۆنێك بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا بگوازێتەوە سنووری توركیا و، هێڵی بۆرییەكە لە خورمەڵەوە درێژ دەبێتەوە تا پیشخابووری سەر سنووری توركیا. ئەم هێڵەیش، سوودی لێ وەردەگیرێت بۆ هەناردەی هەرێمی كوردستان و كەركووك. هاوكات هێڵێكی سەرەكیی نوێی بۆڕی 81 كیلۆمەتریی نێوخۆیی لە تەق تەق بۆ خورمەڵە، هەیە كە نەوتی هەرێمی پێ دەبەسترێتەوە.

عێراق دەزانێت كە ئیدی هەناردەی نەوتی هەرێم بەرێگەی بۆرییەكەی دەستوورییە و، ئەگەر رێككەوتن لەگەڵ هەرێم نەكات، نەوتی كەركووكی لە دەست دەچێت، بۆیە رازی بوو كە، 150 هەزار بەرمیلەكەی نەوتی هەرێم كە لەسەری پێك هاتوون لەگەڵ نەوتی كەركووك، بە رێگەی بۆریی نەوتی هەرێم هەناردە بكرێت.

جگە لە نەوت، هەرێمی كوردستان 200 ترلیۆن پێ سێجا (5.7 ترلیۆن مەتر سێجا) غازی سرووشتیی هەیە، هاوسنووری وزەی ئۆراسیاییە و كەوتووەتە سەر چوارڕێیانی وزە. لە ئێستایشدا چەندین كێڵگەی گاز لە پەرەپێداندان و، دەستگا ناوەندییەكانی چارەكردنی غازیش لە دروستكردندان. تۆڕێكی نێوخۆیی هێڵی بۆریی غاز لە دروستكردندایە بۆ دابینكردنی گاز بۆ ویستگە جیاجیاكانی كارەبا و، ناوچە پیشەسازییە چاوەڕوانكراوەكانی كوردستان. هەروەها ئەم تۆڕە نێوخۆییە ژمارەیەك لە كێڵگەی غازیش بە هێڵێكی بۆریی گازی سەرەكیی هەناردەكردن لە داهاتوودا دەبەستێتەوە. لە ئێستادا هێڵێكی بۆریی 176 كیلۆمەتری، غاز لە كێڵگەی خۆرمۆرەوە بۆ وێستگەكانی كارەبا لە هەولێر و سلێمانی هەیە. هێڵێكی بۆری پێكبەستەی 30 كیلۆمەتریی غازیش لە كێڵگەی سێمێلەوە بۆ وێستگەی كارەبای دهۆك هەیە، لە پێناو ئەوەی ئەم وێستگەیە كە، بە دیزڵ-سووتەمەنی سووك كار بكات و، پشت بە غاز ببەستێت.
بەپێی راپۆرتێكی رێكخراوی دۆر پێوەست بە زانیاریی نەوتی هەرێم، لە 2017 هەرێم غازی سرووشتی هەناردە دەكات و 2019 هەناردەی رۆژانەی نەوت 2 ملیۆن بەرمیل دەبێت. ئەمەیش ئاماژەیەكی روونە بۆ بەغدا ئەگەر رێككەوتن لەگەڵ هەرێم نەكات، ئەوا لە داهاتوودا هەرێم پێویستی بە بەغدا نابێت. هەر جۆرە رێككەوتنێكیش بكرێت، ئەوا هەرێم  150 هەزار بەرمیلی نەوت رۆژانە وابەستەی بەغدا دەكات، بەڵام زێتر لەو ژمارەیە، هەرێم بە ئارەزووی خۆی هەناردەی دەكات. هاوكات بە گوێرەی ئامارێكی وەزارەتی بازرگانیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، 500 كۆمپانیا لە بواری نەوت لە هەرێمی كوردستاندا كار دەكەن. بەڵام ئەو كۆمپانیایانەی كە نەوت هەناردە دەكەن و وەبەرهێنان لە نەوتی هەرێمدا دەكەن، ژمارەیان لە سەرووی 42 كۆمپانیاوە دەبێت.

كێ ددانی بە گرێبەستە نەوتییەكانی هەرێمدا نا؟
بە گوێرەی دەستووری عێراق، هەناردەی نەوتی هەرێم شەرعییەتی یاسایی هەیە، لە دەستووری عێراقدا هاتووە، "نەوت و گاز لە هەموو هەرێم و پارێزگاكاندا موڵكی هەموو خەڵكی عێراقە. بە گوێرەی ماددەی 112-ی دەستوور، حكوومەتی فیدراڵی پێكەوە لەگەڵ حكوومەتەكانی پارێزگا و هەرێمە بەرهەمهێنەرەكاندا نەوت و غاز لە كێڵگەكانی ئێستادا بەڕێوە دەبەن بە مەرجێك حكوومەتی فیدراڵی بە شێوەیەكی دادپەروەرانە داهاتەكان دابەش بكاتەوە. لە ماددەی 112-دا هاتووە، حكوومەتی فیدراڵی پێكەوە لەگەڵ حكوومەتەكانی پارێزگا و هەرێمە بەرهەمهێنەرەكاندا سیاسەتە ستراتیژییەكان دادەڕێژن بۆ پەرەپێدانی نەوت و گاز و، بەدەستهێنانی زۆرترین قازانج بۆ خەڵكی عێراق بە بەكارهێنانی پێشكەوتووترین تەكنیك و پرەنسیپەكانی بازاڕ و لە رێی هاندانی وەبەرهێنانەوە. ماددەی 115 پێشینە دەدات بە یاساكانی هەرێمی كوردستان بەسەر یاسا فیدراڵییەكاندا و، وەك بەڵگەیش ئاماژەی پێ دەرێت كاتێك هیچ رێككەوتنێك لەسەر بەڕێوەبردنی نەوت و گاز و دابەشكردنی داهات ئەنجام نادرێت.
هاوكات لە 6ـی ئابی 2007، یاسای نەوت و غازی هەرێمی كوردستان لە لایەن پەرلەمانی كوردستانەوە پەسەند كراوە. بە گوێرەی یاسای شاییستە داراییەكان كە لە هەرێم هەیە و، ئەم یاسایە بە فەرمی پێی دەگوترێت یاسای دیاریكردن و وەرگرتنی شاییستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان– عێراق لە داهاتە ئیتحادییەكان (یاسای ژمارە 5-ی ساڵی 2013). ئەمەیش بنچینەی یاسایی بۆ یەكلاكردنەوەی مەسەلە هەڵواسراوەكانی داهات لە نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی ئیتیحادیی عێراقدا پێك دێنێت. یاساكە پوختەی میكانیزمێك پێشكەش دەكات بۆ پێناسەكردن و بەدەستهێنانی داهاتە هەڵواسراوە شاییستەكانی هەرێمی كوردستان لە حكوومەتی ئیتحادی لە ساڵی 2004-وە. یاساكە روونی دەكاتەوە ئەگەر حكوومەتی ئیتحادی دوا بكەێت لە دانی ئەو شاییستە داراییانە، ئەوا حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆی هەیە نەوتی بەرهەمهێنراو لە هەرێم بفرۆشێت بۆ پڕكردنەوەی شاییستە داراییە نەدراوەكان. هەروها یاساكە چەند بڕگەیەك لە خۆ دەگرێت وەكو پشكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە داهاتی خەرجییە سەروەرییەكان كە شاییستەن بە هێزەكانی هەرێم (هێزی پێشمەرگە) و دانی قەرەبووە شاییستەكانی هەرێم لەو زەرەر و زیانانەی كە لەلایەن رژێمەكانی پێشووی عێراقەوە بە هەرێم گەیەنراون. ئەم یاسا نوێیە رێگەیەك دیاری دەكات بۆ جێبەجێكردنی دەستووری عێراق و، بە جێبەجێكردنی داواكارییە دەستووریەكانیش بەرانبەر دەسەڵات و هاوبەشیپێكردنی سامان، هەمووان لە عێراقدا، هاووڵاتیان و وەبەرهێنەرانیش وەك یەك سوودمەند دەبن. 
پرۆفیسۆر (جەیمس  كرۆفۆرد)، كە پڕۆفیسۆری یاسای نێودەوڵەتییە، لە رێگەی (كلیفۆرد چانس)ـەوە كە دەستگایەكی یاسایی فرەنەتەوەیە، پێوەست بە یاسای نەوت و غازی هەرێم دەڵێت، "یاسای نەوت و گازی هەرێمی كوردستان لەگەڵ دەستووری عێراقدا هاوتایە و شەرعییە".

شاو كوردی

هەواڵی پەیوەندیدار