تیمی پزیشكییەکەی چیای شنگال، رۆژانە نزیكەی 300 نەخۆش چارەسەر دەكات

شنگال-تایبەت بە KDP.info- پزیشكێكی سەر چیای شنگال رایدەگەیەنێت کە، زیاتر لە هەزار خێزان لە چیای شنگالن و رۆژانەیش ئەوان نزیكەی 300 نەخۆش چارەسەر دەكەن.
پزیشك لەسەر چیای شنگال دكتۆر (عەلی حوسێن)، بە kdp.infoـی ڕاگەیاند، "لە سەرەتاوە ئێمە وەكو تیمی تەندروستیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی پارێزگای دهۆكی سەر بە وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گەییشتینە سەر چیای شنگال لەبەر ئەوەی زیاتر لە 1000 خێزان لەسەر چیای شنگال ماونەتەوە و لەگەڵدا ئەوانیشدا هێزەكانی پێشمەرگەیش لێرەن و پێویستیان بە خزمەتی تەندروستی هەیە".
گوتیشی، "بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی دهۆك لەسەر چیای شنگال بنكەیەكی تەندروستیی لە دوو خێوەتدا داناوە و دەرمان و پێداویستیی پزیشكییش لە لایەن حكوومەتی هەرێم و لە شاری دهۆكەوە بە فڕۆكە بۆمان دابین دەكرێت".
ئەو پزیشكەی چیای شنگال ڕوونی كردەوە، "لەم بنكەیەی چیای شنگال، رۆژانە نزیكەی 300 نەخۆش چارەسەر دەكەین، هەر نەخۆشێكیش پێویستی بە مانەوە هەبیت، ئەوا خێوەتێكی تایبەت بۆ مانەوەی نەخۆش دانراوە، هەموو ئەو نەخۆشانەیش نەخۆشی ئاسایین وەكو لە هەر بنكەیەكی دیكەی تەندروستی دەیبینین، هەندێك جاریش نەخۆشی بەپەلەمان دەبێت وەكو روودانی قاچشكان یان شوێنێكی لەش دەشكێت یاخود حاڵەتی دیكەی بەپەلە، هەموو جۆرە نەخۆشێكیش دەبینین و هەر نەخۆشێك پێویستی بە چارەسەری زیاتر بێت، رەوانەی دهۆكی دەكەین".
دكتۆر (عەلی) دەربارەی ئافرەت و منداڵە رزگاركراوەكانی دەستی تیرۆریستانی داعش گوتی، "لەبەر ئەوەی ئەو ئافرەتانە ماوەیەكی زۆر بە پێ دەڕۆن و باری دەروونییان تێك چووە، لەلای خۆمان چارەسەریان بۆ دەكەین و پاشانیش رەوانەی دهۆك دەكرێن".
لەبارەی كوالێتیی دەرمانەكانیشەوە ئاماژەی دا كە، "كوالێتیی دەرمانەكانەكان زۆر باشە و هەمان ئەو دەرمانانەن كە لە پارێزگاكانی هەرێم دێنە بەكارهێنان لە لایەن وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێمەوە دەپشكنرێن و ئینجا بۆمان رەوانە دەكەن".
نەشوان بەرزنجی




