ئەمەریكا: بە زیاتر لە 202ملیۆن دۆلار هاوکاریی ئاوارەکانمان کردووە

هەولێر-KDP.info- باڵیۆزی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە عێراق (ستیوارت جۆنز)، سوپاسی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و گەلی کوردی کرد بۆ بەخشندەییان لە بەپەلە بەهاناوەچوونی پێداویستییەكانی ئاوارە ناوخۆییەكان. هاوکات ئاشکرای کرد کە، لە سەرەتای 2014ـەوە تا ئەمڕۆ، ئەمەریکا بە زیاتر لە 202 ملیۆن دۆلار هاوبەشی كردووە لە پشتیوانیكردنی وەڵامدانەوەی مرۆیی نێودەوڵەتی بۆ ئەو بارە لەناكاوەی عێراق.
باڵیۆزی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە عێراق (ستیوارت جۆنز)، کە بۆ هەڵسەنگاندنی هەوڵە بەپەلەکانی بەهانەوەچوونی پێداویستییە مرۆییەكان بۆ ئاوارە ناوخۆییەكان لە هەرێمی كوردستان، هاتبووە هەولێر ئەم قسانەی کردن.
ئەو گوتیشی، هەتا ئەمڕۆ حكوومەتی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بە زیاتر لە 202 ملیۆن دۆلار هاوبەشی كردووە لە پشتیوانیكردنی وەڵامدانەوەی مرۆیی نێودەوڵەتی بۆ ئەو بارە لەناكاوە ئاڵۆزەی لە سەرەتای 2014ـەوە دەستی پێ كردووە.
لە میانی سەردانەكەیدا باڵیۆز (جۆنز) لەگەڵ هەریەكە لە وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان (كەریم شنگالی) و وەزیری پلاندانان (عەلی سندی) و هەروەها نوێنەرانی ئەو ڕێكخراوە نێودەوڵەتی و ناحكوومیانەی لە هەرێمی كوردستاندا كار دەكەن كۆ بووەوە.
باڵیۆز (جۆنز) هەروەها سەردانی كەمپی ئاوارە ناوخۆییەكانی بەحركە و سەنتەری ئاوارە ناوخۆییەكانی لە عەنكاوەمۆڵی كرد، كە تیایدا لەگەڵ مەترانی عەنكاوە كۆ بووەوە و قسەی لەگەڵ خێزانە ئاوارەكان كرد بۆ گوێگرتن لە بارودۆخیان.
لە كۆبوونەوە فەرمییەكانیدا باڵیۆز سوپاسی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و گەلی کوردی کرد بۆ بەخشندەییان لە بەپەلە بەهاناوەچوونی پێداویستییەكانی ئاوارە ناوخۆییەكان. هاوکات سوپاسی هەماهەنگیی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ئاژانسە نێودەوڵەتییە مرۆییەكانی كرد بۆ گەیاندنی بەپەلە بەهاناوەچوونی ئەوانەی بەهۆی ناكۆكییە بەردەوامەكان ئاوارە بوون.
باڵیۆز (جۆنز) گوتی، "ئەم سەردانە بۆ هەولێر دەرفەتێكی گرینگ بوو بۆ بینینی چۆنیەتیی بەكارهێنانی هاوكارییەكانمان بۆ یارمەتیدانی خەڵكانی كاریگەر بە مەترسی لە عێراق. ئاژانسەكانی بەهاناوەچوون پێشڤەچوون بە دەست دێنن و یارمەتیی پێویستی بەپەلە بەهاناوەچوونی دابین دەكەن، وەكو پەناگە و پێداویستی زستانە. ئاستەنگەكان دەمێننەوە، بەردەوام دەبین لە هەڵسەنگاندنی پێشڤەچوونی بارودۆخەكە و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەو چەند مانگە ساردەی زستان."
زیاتر گوتی، "وڵاتە یەكگرتووەكان یارمەتیی دابەشكردنی كەلوپەلی زستانە و پەناگەی گونجاو لەگەڵ ژینگەدا دەدات و كۆمەكی خزمەتگوزاریی تەندروستی بە پەلە و ئاوی خواردنەوەی پاك و، ژێرخانی پاك و خاوێنیش دەكات، بۆ یارمەتیدانی ئاوارە و ئاوارە ناوخۆییەكان لە عێراق و پڕكردنەوەی پێداویستییە بنەڕەتییەكانیان."




