٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عەرەباندن بەردەوامە.. دەستەڵاتی پشتگیریی نیشتەجێبوون لە قایمقامی كەركووك سەندرایەوە

سەرچاوە: KDP.info

كەركووك-KDP.info-  بەرپرسێكی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە كەركووك دەڵێت، پڕۆسەی عەرەباندن لە كەركووك بەردەوامە و تاوەكو ئێستایش زیاتر لە نیو ملیۆن عەرەب بە ناوی ئاوارەوە هاتوونەتە كەركووك، دوای ئەوەیش کە قایمقامی كەركووك رێگریی لێ كردن، لەئێستادا پارێزگار خۆی پشتگیریی نیشتەجێبوونیان پێ دەدات كە ئەمەش مەترسیی زۆری بۆ سەر ئەو شارە هەیە.

گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە كەركووك (عەدنان كەركووكی)، بە kdp.info-ی راگەیاند، لە ئێستادا عەرەباندن لە كەركووك دەستی پێ كردووەتەوە و تا ئێستا زیاتر لە نیو ملیۆن هاووڵاتی عەرەب بە ناوی ئاوارەوە هاتوونەتە كەركووك و، قایمقامی ناوەندیی كەركووك پشتگیریی نیشتەجێبوونی پێ نەدەدان و مۆرەكەی قایمقامییەت بۆ پێدانی پشتگیری ساختە كرابوو، بەڵام دوای ئاشكراكردنی ئەو ساختەكارییەیش لە ئێستادا لەناو بینای پارێزگادا، فەرمانگەیەك بۆ پێدانی پشتگیری كراوەتەوە و پشتگیرییان پێ دەدرێت.

گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی لە كەركووك گوتیشی، پێشتر كە رێگەی بەغدا گیرابوو بە هۆی داعشەوە، عەرەب نەیاندەتوانی بێنە كەركووك، بەڵام لە رێگەی فڕۆكەخانەی سلێمانییەوە دەهاتنە كەركووك.

(عەدنان كەركووكی) ڕوونیشی كردەوە، لە ئێستادا شەوانە میلیشیا شیعەكان لەناو كەركووك بە چەند ئۆتۆمبێلێكی مەدەنی دەسووڕێنەوە، ئەمەیش بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگاری كەركووكە و لە داهاتوودا كێشە دروست دەكەن، هەر وەك چۆن لە داقووق و شوێنەكانی دیكە كێشەیان دروست كردووە.
زیاتر گوتی، ئەو كارە مەترسیی هەیە و عەرەباندنی كەركووك و گۆڕینی دیمۆگرافیای ئەو شارەیە، جگە لەوە مەترسیی ئەوەیشی هەیە داعش هەندێك لەو ئاوارانە بۆ خۆی بەكار بهێنێت.

(كەركووكی) هەروەها راشیگەیاند، لە دادگاكەنی كەركووك بەتایبەت دادوەرە عەرەبەكان خانوویەك ئەگەر عەرەبێك لە كوردێك بیكرێت ئەگەر ئەو كەسە  نەچێت بۆ ئەوەی بیخاتە سەر ناوی عەرەبەكە، سێ جار ئاگاداری دەكەنەوە، ئەگەر هەر نەچوو، دەیخەنە سەر ناوی عەرەبەكە كەواتە لە هەموو لایەكەوە هەوڵی تەعریبكردنی كەركووك دەدرێت، بۆیە پێویستە رێگریی لەو كارە بكرێت، چونكە مەترسیی دووبارە عەرەباندنی لێ دەكرێت، كە ئەمەیش پارێزگار لێی بەرپرسیارە لەبەر ئەوەی تاوەكو ئێستا بێدەنگە.

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار