فڕاکسیۆنی زەرد: داواكاریی هەندێ پەرلەمانتار هەستنەكردنە بە بەرپرسیارەتی و بۆ دەستكەوتی سیاسییانە

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی فڕاكسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی كوردستان (ئومێد خۆشناو) دەڵێت، هەر پەرلەمانتارێك لە ئێستادا بابەتی بانگهێشتكردنی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان و وەزیری نێوخۆ بۆ پەرلەمان بوروژێنێت، جگە لە دەستكەوتی سیاسی، بۆ هیچ ئامانجێكی دیكەی نییە.
دوای تەقینەوەكەی ئەمڕۆی بەردەم پارێزگای هەولێر، كۆمەڵێك پەرلەمانتار لە بری ئەوەی سەردانی شوێنی تەقینەوەكە بكەن، یادداشتێكیان بەرز كردووەتەوە بۆ ئەوەی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێم و وەزیری نێوخۆی حكوومەت، بانگهێشتی پەرلەمان بكرێن، پێوەست بەم پرسە سەرۆكی فراكسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی كوردستان (ئومێد خۆشناو) بە kdp.infoـی راگەیاند، "تەقینەوەكەی ئەمڕۆی شاری هەولێر، كارەساتێكی گەورەیە و ئێمە لە ناوچەیەكداین هەزار( كم) لەگەڵ تیرۆریستیانی داعش سنوورمانە، بەداخەوە بە هۆی ململانێی سیاسی، هەموو شتێك بە ئاقاری سیاسیدا دەبردرێت و، خەریكە كاریگەری لەسەر ئینتیمای خەڵك دەكات، بۆیە هەر پەرلەمانتارێك لەمڕووەوە بابەتی بانگهێشتكردنی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان و وەزیری نێوخۆ بۆ پەرلەمان بوروژێنێت، جگە لە دەستكەوتی سیاسی بۆ هیچ ئامانجێكی دیكەی نییە."
(ئومێد خۆشناو) گوتیشی، "دەستگا ئەمنییەكان و هێزەكانی پێشمەرگە، شەونخونییانە و قوربانی دەدەن، تا شارەكان و هاووڵاتییان پارێزراو بن و رۆژانە خەڵك بە خوێنی خۆی بەرگری لە خاكی خۆی دەكات، تا تیرۆریستان زەفەر بە خەڵكی سڤیل نەبن، بۆیە پرسی بانگهێشتكردن تەنیا بۆ دەستكەوتی سیاسییە، ئەگەر نا راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێم و وەزیری نێوخۆ، دڵسۆزانە هەرێمی كوردستانیان پاراستووە. ئەو پەرلەمانتارانەی وا بیر دەكەنەوە كە پێویستە بانگهێشتی پەرلەمان بكرێن، جگە لە قسە، هیچی دیكەیان پێ ناكرێت."
سەرۆکی فڕاکسیۆنی زەرد ابوەڕیشی وایە کە، "ئەو بانگهێشتكردنە ئەوپەڕی رێزنەگرتنە لە كارەكان و هەوڵەكان، خەڵكانێك سەرما و گەرمایان نەبینییوە، بۆ ئەو دۆخەیش ماندوو نەبوون، لە بەرانبەردا خەڵكانێكیش بە خۆینی خۆیان قوربانی دەدەن، کەچی بە بەهاوە لە ئەو ماندووبونەیان ناڕوانرێت."
(خۆشناو) جەختی کردەوە لەوەی کە، "ئەو داواكارییەی هەندێ پەرلەمانتار، هەست نەكردنە بە بەرپرسیارەتی و بۆ دەستكەوتی سیاسییە و هیچی دیكە نییە."
بڵند ئیبراهیم




