پارتی كردەوە تیرۆریستییەكەی ڕیسوا كرد.. نیشانەی بێورەیی، بێهێزی و سەرلێشێواویی تیرۆریستانە

هەولێر-KDP.info- مەكتەبی سیاسیی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە راگەیاندراوێكدا، تەقینەوەكەی ئەمڕۆی شاری هەولێری ریسوا كرد و، ئەو كار و كردەوانەی تیرۆریستانی بە نیشانەی بێورەیی، بێهێزی و سەرلێشێواوئی تیرۆریستان ناو برد.
دەقی راگەیاندراوی مەكتەبی سیاسیی پارتیی دیموكراتی كوردستانسەبارەت بە تەقینەوەكەی ئەمڕۆی شاری هەولێر
دوابەدوای سەركەوتنە یەك لەدوای یەكەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لەبەرەكانی جەنگدا، تیرۆرستانی داخلەدڵ نیوەڕۆی ئەمڕۆ ئوتۆمبیلێكی مینڕێژكراویان لە ناو شاری هەولێر تەقاندەوە، كە بەهۆیەوە ژمارەیەك هاووڵاتی شەهید و بریندار بوون، ئێمە وێرای پرسە و سەرەخۆشیمان لە كەسوكاری شەهیدەكان و هیوای زوو چاكبوونەوە بۆ بریندارەكان، ئەو كارە تیرۆریستییە چەپەڵە نائینسانییە زۆر بە توندی ئیدانە و مەحكوم دەكەین و لێشمان مسۆگەرە، كە ئەو كارو كردەوانەیان نیشانەی بێورەیی، بێهێزی و سەرلێشێواویی تیرۆریستان نیشان دەدات.
هاووڵاتیانی بەڕێز..
دوژمنانی گەلەكەمان هەرچییەكی لە دەستیان بێت بۆ تێكدانی رەوشی ئارام و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان و تۆقاندن و ترساندنی هاووڵاتیان درێخییان نەكردووە و نایكەن، بۆیەش ئەركی سەرشانی هەموو لایەكمانە لە ئاست ئەو بەرپرسیارەتییە نیشتیمانی و نەتەوەییەدا بین، شانبەشانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بۆ داكۆكیكردن لە دۆزە رەواكەمان و مافەكانمان و پارێزگاریكردن لە بوون و دەستكەوتەكانمان.
هەر لەو دەرفەتەدا بە پێویستی دەزانین بۆ ئەندام و لایەنگران و دۆستانی پارتیمان و دڵسۆزانی گەلەكەمانی دووپاتی بكەینەوە، كە وەك هەمیشە بە هەموو هێز و توانایانەوە بە چاوكراوەیی و وریاییەوە، هاوكاریی هێز و لایەنە بەرپرسە ئەمنییەكان بن بۆ نەهێشتن و بنبڕكردنی ئەو كارە تیرۆریستیانە، دڵنیایشین، كە ئەو كارە نامرۆییانە نەك هەر چۆك بە خەبات و ئیرادەی گەلەكەمان دانادەن، بەڵكە پتەوتر و بەهێزتریشیان دەكەن.
سەركەوتن هەر بۆ خواست و ویستی گەلەكەمانە..
نەمان و روورەشی بۆ تیرۆریستان و دوژمنانی گەلە خۆڕاگرەكەمان..
مەكتەبی سیاسییپارتیی دیموكراتی كوردستان
19/11/2014




