٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

قارەمانەتیی پاسەوانەكان نەبوایە، تەقینەوە خۆكوژییەكە كارەساتێكی گەورەتری دەنایەوە

سەرچاوە: KDP.info
شەهید سۆفی، کە پاسەوانی تایبەت بووە، لەگەڵ پارێزگاری هەولێر(نەوزاد هادی)

هەولێر-KDP.info-  سەرچاوەیەكی ئاگادار لە پارێزگای هەولێر رایگەیاند، كە خۆكوژێك بە ئۆتۆمبێلێكی هیۆندای ڕەنگی سپی، خۆی بە ستوونی دەرگای سەرەكیی پارێزگای هەولێردا كێشا و، بەهۆی قارەمانەتیی پاسەوانێكەوە كە شەهید بوو، نەیهێشت خۆكوژەكە ئامانجە گەورەكەی بپێكێ و، لەبەردەم ستوونی دەرگا، خۆكوژەكە ئۆتۆمبێلەكەی تەقاندەوە.


"سەعات 11 و 55 خولەك بوو، باڵاخانەی پارێزگا لە هاووڵاتیان جمەی دەهات، فەرمانبەران سەرقاڵی راپەڕاندنی كارەكانیان بوون، لە پڕێك دەنگێكی بەرز، نێو باڵاخانەكەی هەژاند و دووكەڵێک بەرز بووەوە. جوانكاریی (سەقف سانەوی)هەندێ ژوور ڕمان و، شووشەی پەنجەرەكانیش بەو دەنگە وردوخاش بوون، دەنگێك هاواری كرد: ئەمە تەقینەوەیە و خۆكوژییە، لەو كاتەدا رێوشوێنی ئەمنی گیرایەبەر.
ئەو سەرچاوەیەی كە نەیویست ناوی ببرێت، تایبەت بۆ KDP.info زانیارییەكانی خستەڕوو، "خۆكوژەكە بە هیۆندای ئەلێنترای ڕەنگ سپیی ژمارە هەولێر هاتبوو، بەرەوڕووی دەروازەی باڵاخانەی پارێزگا دەهات، چونكە نەناسراو بوو، پاسەوانەكان گومانیان لێی كرد، هەر بۆیە ستوونەكەی بۆ لانەبرا، ئۆتۆمبێلەكە نزیكتر بووەتەوە و گومان كرا كە نیازی باش نییە، بۆیە پاسەوانێك پێشی دەگرێ، خۆكوژەكە كە دەزانێ ناتوانێ بچێتە ژوورەوە خۆی بە ستوونەكەدا دەكێشێ و پاسەوانێكی دی لە پشتەوە تەقەی لێ دەكا، ڕێك لەو ساتەدایە كە خۆكوژەكە بە ئۆتۆمبێلەكەیەوە خۆی دەتەقێنێتەوە."

ئەو سەرچاوەیە زیاتر گوتی، "ئەگەر پاسەوانە بوێرەكان نەبان و ڕێگەی هاتنە ژوورەوەی هەبایە، ئەوا زیانی زۆر زیاتری بە دوای خۆیدا دەهێنا، چونكە وەك ئەو دەڵێ، ژمارەیەكی زۆر فەرمانبەر لە نێو پارێزگادا دەوام دەكەن و هاوكات هاووڵاتیانیش بۆ ڕاییكردنی مامەڵەكانیان لە نێو باڵاخانەکەدا بوون، كە دەشێ بە نزیكەی 600 كەس بیانخەمڵێنین، بەڵام بەو پێشگرتنەی پاسەوانەكان و ڕێنەدان بە هاتنە ژوورەوەی، زیانە گیانییەكان كەمتر بوونەوە كە، دوو پاسەوان و دوو هاووڵاتی شەهید بوون، دوو هاووڵاتییەکەیش لەو كاتەدا سەردانی پارێزگایان كردووە، هەروەها 29 كەسی دیكەیش لە دەرەوەی باڵاخانەی پارێزگا و، لەسەر شەقامی بەردەم پارێزگا، بریندار بوون."

ئەو گوتیشی، لە كاتی تەقینەوەكەدا، پارێزگاری هەولێر (نەوزاد هادی) لە دەرەوەی باڵاخانە بوو، بەڵام كەمێك دواتر گەڕایەوە پارێزگا.
جەختیشی كردەوە كە، لە كاتی تەقینەوەكەدا، هەر زوو دۆخی نێو پارێزگا كۆنتڕۆڵ كرا و، نەهێڵرا پشێوی دروست ببێ، ئەمەیش بۆ سەلامەتیی گیانی فەرمانبەران بوو، دەستوبرد فەرمانبەران رێك خران و، دوای ئەوەی كە بارودۆخەكە بە تەواوی كۆنتڕۆڵ كرا، بە سەلامەتی ڕەوانەی ماڵەوەیان كرانەوە. بە گوێرەی زانیاریی سەرچاوەكە، فەرمانبەرانی پارێزگا، تێكڕا سەلامەتن، بەڵام هەندێكیان بەهۆی پارچەی شووشەی پەنجەرەكانەوە، بە سووكی بریندار بوون و، هەر لە نێو پارێزگایش تیمار كران.

دەربارەی زیانی ماددی كە بەر باڵاخانەی پارێزگا كەوتووە، سەرچاوەكە دەڵێت، جامەكان شكاون و بە هۆی بەرزیی دەنگی تەقینەوەكەوەیشەوە، دیكۆری هەندێكی نهۆمەكانی باڵاخانەكە زیانی پێ گەییشتووە.
لای خۆییشەوە پارێزگاری هەولێر (نەوزاد هادی)، لە پڕێسكۆنفراسێك لە نێو باڵاخانەی پارێزگای هەولێر، رایگەیاند، ئەوانەی لە تەقینەوەكەی هەولێر زیانیان بەركەوتووە، قەرەبوو دەكرێنەوە و ئەوەش دەخاتە ڕوو، بەهۆی گورزەكانی پێشمەرگەوە، كوردستان بووەتە ئامانجی تیرۆریستان.
نەوزاد هادی) دەڵێت، ئەو تەقینەوەیەی ئەمڕۆ لە بەردەم پارێزگای هەولێر رووی دا، كاری تیرۆریسانی داعشە، چونكە رایانگەیاندووە كە ئەوان ئەو كردەوە تیرۆریستیەیان ئەنجام داوە.
لەبارەی سەلامەتیی بریندارەكانی بەركەوتووی تەقینەوەكەیش، پارێزگاری هەولێر گوتی: "15 بریندار لە نەخۆشخانە ماون، ئەوانی دیكە چارەسەر کراون و رەوانەی ماڵەوە كراونەتەوە".

پارێزگاری هەولێر هاوکات گورزوەشاندنەكانی پێشمەرگە لە گرووپی تیرۆریستانی داعش، هۆکارێکە کە كوردستان بووەتە ئامانجی تیرۆریستان.
پێوەست بە سەردانی سەرۆكوەزیرانی توركیایش كە بڕیارە بەیانی بێتە هەولێر، پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند: "ئەم تەقینەوەیە پێوەندی بە هاتنی سەرۆكوەزیرانی توركیا (ئەحمەد داوودئۆغڵۆ) بۆ هەولێر نییە، مەسەلەكە زیاتر ئەوەیە كە، ئێمە لە دژی داعش لە شەڕداین."
جێی ئاماژەیە یەكێك لە پاسەوانەكانی (نەوزاد هادی) بەناوی (سۆفی) شەهید بوو. هەروەها شەهیدێكیش ناوی زانراوە كە ئەمیش پاسەوانی دەرگای سەرەكیی پارێزگایە بە ناوی (دیار)، پاسەوانێكی دیش بە ناوی (كاوە) بە سەختی بریندارە و 72 سەعاتی وەك چاودێری لە نەخۆشخانە بۆ دانراوە.

هەواڵی پەیوەندیدار