زێباری: رێككەوتنی هەولێر رێگا بۆ رێككەوتنی دیكە دەكاتەوە

هەولێر-KDP.info- وەزیری داراییی عێراق رایگەیاند: "ئەمڕۆ حكومەتی عێراق 500 ملیۆن دۆلاری بۆ هەرێمی كوردستان خەرج كردووە و لە داهاتوویەكی نزیكدا دەگات".
وەزیری داراییی عێراق(هۆشیار زێباری) ئەمڕۆ چوارشەممە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە بەغدا رایگەیاند، ئەمڕۆ رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا جێبەجێ كرا و بەشی هەرێمی كوردستان لە بودجەی 2015 بەشێكی دانوستاندنی نێوان هەولێر و بەغدا دەبێت، گوتیشی کە رێككەوتنی هەولێر رێگا بۆ رێككەوتنی دیكە دەكاتەوە.
(زێباری) رایگەیاند "وەزارەتی دارایی بڕی 583 ملیار دیناری عێراقی، کە دەکاتە 500 ملیۆن دۆلار رەوانەی هەرێمی کوردستانی کردووە."
ئاماژەیشی دا کە، "ئەو هەنگاوەی حکوومەتی عێراق، لە دوای هەنگاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دێت، کە رۆژانە 150 هەزار بەرمیل نەوت خستە ژێر دەستی حکوومەتی ناوەندی."
(هۆشیار زێباری) زیاتر گوتی، لە مانگی ئادارەوە، "ئەمە یەكەم بڕە پارەیە كە بەغدا بۆ هەرێمی كوردستانی دەنێرێت، سەرەڕای ئەوەی بە درێژایی سنوور شەڕی داعش دەكەین."
(زێباری) بەڵێنیشی دا کە، بودجەیەك پێشكەش دەكەن، كە زۆربەی كێشەكانی عێراق چارەسەر بكات، باوەڕیشی وابوو، "دواكەوتنی پەسندكردنی بودجە هۆكارێكی دیكەی بەردەوامبوونی كێشەكان بوو".




