لیژنەی فەتوا: پێشمەرگە و خۆبەخشان شەهیدن.. ئەوەی بەرگری لە خاکی کوردستان نەکات گوناهبار دەبێت

هەولێر-KDP.info- بڕیاردەری لیژنەی باڵای فەتوای کوردستان راىدەگەیەنێت، لیژنەکەیان فەتوای داوە کە، هەر کەسێک بەرگری لە خاکی کوردستان نەکات گوناهبار دەبێت.
بڕیاردەری لیژنەی باڵای فەتوای کوردستان (مەلا محەممەد ئێنەیی) بە KDP.info راگەیاند، هەر کەسێک بەرگری لە خاکی کوردستان نەکات گوناهبار دەبێت، گوتیشی: "لیژنەی فەتوا، فەتوای ئەوەی داوە ئەوەی بەرگری لە خاکی کوردستان نەکات تاوانبارە و گوناهبارە، لە بەرامبەردا ئەو پێشمەرگە و خۆبەخشانەی لە شەڕى داعشدا گیانیان لەپێناوی خاکدا دەبەخشن، ئەوا بە شەهید ئەژمار دەکرێن."
(مەلا محەممەد ئێنەیی)، ئاماژەیشی دا کە، ئەوەی خەڵک لەسەر بەرگریکردن لە نشتیمان سارد بکاتەوە ئەوە لای خودا تاوانبارە، زیاتر ڕوونی کردەوە: "فەتوای ئێمە روون و ئاشکرایە، ئەوەی بەرگری لە خاکی کوردستان نەکات، تاوانێکی گەرەی کردووە، ئەوەیشی خەڵک سارد بکاتەوە یان وا بکات واز لە بەرگری و دەوامی پێشمەرگایەتی بهێنێت، ئەوا تاوانێکی زۆر گەورەی کردووە."
بڕیاردەری لیژنەی باڵای فەتوای کوردستان، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، ئامادەن بە بەردەوام پێوەندیی پێشمەگە قارەمانەکان وەڵام بدەنەوە و فەتوایان بۆ بدەن، زیاتر گوتی: "ئەوانەی لە بەرەکانی شەڕدان بێگومان بۆ نوێژکردن و هەر پرسیارێکی تری شەرعی، ئێمە لە خزمەتیانداین و وەڵامیان دەدەینەوە."
یەحیا سابیر




