ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی کوردستان: تیرۆریستان سوودیان لە ئاسانکاریی مامەڵەی هەرێم لەگەڵ دانیشتووانی ناوچەکانی دیکەی عێراق بینیوە

هەولێر-KDP.info- ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، "بۆمان ڕوون بووەتەوە تیرۆریستان سوود لەو ئاسانکارییانە وەردەگرن کە بۆ مامەڵە لەگەڵ دانیشتووانی ناوچەکانی دیکەی عێراق لە هەرێمدا گیراوەتە بەر. ئەم رێکار و ئاسانکارییانە کەلێنی گەورەن و مەترسین بۆ سەر ئاساییشی هەرێم." ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی کوردستان لەو ڕاگەیەنراوەیدا کە پاش تەقینەوەکەی بەردەم پارێزگای هەولێرە، هاوکات بە پێویستی دەزانێ کە هەم حکوومەتی هەرێم و هەم هاووڵاتیان رەچاوی دۆخی ئاساییشی هەرێم بکەن و ئەو کۆسپ و لەمپەرانە نەهێڵدرێن کە لەبەردەم رێکارە ئەمنییەکان دروست کراون.
دەقی راگەیەندراوی ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی کوردستان:
جەماوەری خۆشەویستی کوردستان
دانیشتوانی خۆراگری پایتەختی هەرێم
بەداخەوە نیوەڕۆی ئەمڕۆ جارێکی دیکە دەستی رەشی تیرۆر گەییشەتە هەولێری پایتەختی هەرێم و بە هۆی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبرێژکراو لە بەردەم باڵاخانەی پارێزگای هەولێر ژمارەیەک لە برایانی پۆلیس و هاووڵاتیانمان شەهید و بریندار بوون.
ئەم کردەوە قیزەوەنە لە دوژمنێکی شکستخواردوو چاوەروانکراوە. برا پێشمەرگەکانمان لە بەرەکانی شەڕدا رۆژانە گورزی کوشندە لە تیرۆریستان دەوەشێنن و خەونەکانیان بۆ گەییشتن بە کوردستان لە گۆڕ دەنێن، بۆیە نائومێدانە پەنا بۆ کرداری لەمجۆرە دەبەن.
بەداخەوە وەک بۆمان ڕوون بووەتەوە تیرۆریستان سوود لەو ئاسانکارییانە وەردەگرن کە بۆ مامەڵە لەگەڵ دانیشتووانی ناوچەکانی دیکەی عێراق لە هەرێمدا گیراوەتە بەر. ئەم رێکار و ئاسانکارییانە کەلێنی گەورەن و مەترسین بۆ سەر ئاساییشی هەرێم. ئێمە لە ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێم بە پێویستی دەزانین کە هەم حکوومەتی هەرێم و هەم هاووڵاتیانی خۆشەویست رەچاوی دۆخی ئاساییشی هەرێم بکەن و ئەو کۆسپ و لەمپەرانە نەهێڵدرێن کە لەبەردەم رێکارە ئەمنییەکان دروست کراون.
لەم کات و ساتەدا زیاتر لە هەمیشە، خوازیاری هاوکاریی هاووڵاتیانی خۆشەویستمانین بۆ ئەوەی دامودەزگا پەیوەندیدارەکانمان لە هەر جموجۆلێکی گوماناوی ئاگادار بکەنەوە. برایانتان لە ئاساییش و زێرەڤانی و پۆلیس وێرای ئەرکی پاراستنی ناوخۆ، لە زۆربەی بەرەکانی جەنگدا شانبەشانی پێشمەرگە لە خزمەتدان، بۆیە چاوەڕوانیمان لە گشت چین و توێژەکانی هەرێم زیاترە کە بە ئەرکی نیشتمانیی خۆیان هەستن و بە چاوکراوەیی زیاترەوە ئاگاداری هەر سوچێکی گەرەک و شارو شارۆچکەکانمان بن.
لێکۆڵینەوە لە رووداوەکەی ئەمرۆ دەستی پێ کردووە و بێگومان وەک هەمیشە ئەنجامدەرانی ئەم تاوانەش راپێچی بەردەم دادگا دەکرێن و بە سزای شیاوی خۆیان دەگەن.
ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی کوردستان
19/11/2014




