٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆکوەزیرانی تورکیا سبەی دێتە بەغدا و هەولێر.. ئامانج لە سەردانەکەی چییە؟

سەرچاوە: KDP.info
سەرۆکوەزیرانی تورکیا (ئەحمەد داوودئۆغڵۆ)

هەولێر-KDP.info-  سەرۆکوەزیرانی تورکیا، سبەی پێنجشەممە سەردانی بەغدا و هەولێر دەکات، لە دواشیکردنەوەی گوتاری (داوودئۆغڵۆ) و لێدوانی گوتەبێژی حکوومەتی عێراق (سەعد ئەلحەدیسی)، دۆسێی نەوت، تیرۆریستانی داعش، دەروازەکانی سنوور، لە دیارترین ئەو پرسانە دەبن کە، (داوودئۆغڵۆ) لە سەردانەکەی بۆ بەغدا و هەولێر، دەیخاتە سەر مێزی گفتوو گۆ.

دۆسێکان چین؟
دۆسێی هاتنی داعش، نەوت، دەروازە سنوورییەکان، جیۆگرافیای ناوچەکە، کردنەوەی پەیجێکی سیاسیی نوێی نێوان تورکیا و عێراق و هەناردەی غازی هەرێم، لە دیارترین دۆسێکانن کە تورکیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستاندا تاوتوویان بکات.

چۆن دەزانرێ (ئۆغلۆ) دێتە بەغدا و هەولێر؟
گوتەبێژی حکوومەتی عێراق (سەعد ئەلحەدیسی) ئاشکرای کردووە، سبەی سەرۆکوەزیرانی تورکیا (ئەحمەد داوودئۆغڵۆ)، سەردانی بەغدا دەکات. ئەگەرچی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، پێوەست بە سەردانی (ئۆغڵۆ) زانیارییان نەدرکاندووە، بەڵام شەممەی رابردوو سەرۆکوەزیرانی تورکیا لە شاری بریزبنی ئوستڕالیا رایگەیاند، "کاتێ گەڕامەوە تورکیا سەردانی بەغدا دەکەم و، لەوێیشەوە دەچمە هەولێر".
لە گوتەکانی گوتەبێژی حکوومەتی عێراق، پرسی کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێ لەگەڵ تورکیا، پرسی تیرۆریستانی داعش، بەهەند وەرگیراوە و ئامانجی سەردانەکەیش بۆ ئەو دوو خاڵە چڕ کراوەتەوە. پرسی پێوەندی نێوان عێراق و تورکیا رابردوویەکی تاَلی هەیە. کێشەی سنوور و دەروازە سنوورییەکانی نێوانیان گرفت بوون. هەناردەی نەوتی هەرێم و پرسی ئاو و سوننەی عێراق، رۆییشتنی (تاریق هاشمی) بۆ تورکیا کە، بە گوێرەی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق کەسێکی تۆمەتبارە بە دۆسێی تیرۆر، لە دیارترین ئەو کێشانە بوون کە رووی پێوەندیی نێوان تورکیا و عێراقی ئاڵۆز کرد، بەڵام دواجار بە سەردانێکی وەزیری دەرەوەی عێراق (ئیبراهیم جەعفەری) بۆ تورکیا، عێراق و تورکیا رایانگەیاند کە، لاپەڕەیەکی نوێ لە پێوەندییەکانیان هەڵ دەدەنەوە.

دەروازە سنوورییەکان
لای خۆیشییەوە سەرۆکوەزیرانی تورکیا شەممەی رابردوو رایگەیاند کە "عێراق بۆ تورکیا لە بواری پێوەندیی ئابوورییەوە یەک لە وڵاتە ستراتیژییەکانە، ژمارەیەکی زۆر دەروازەی سنووریمان لەگەڵ عێراقدا هەن و، لە رێگای ئەو دەروازانەوە کەموکورتییەکانی دەروازە سنورییەکانی دیکە قەرەبوو دەکەینەوە". پرسیارێکی جیددی لەو لێدوانەی (داوودئۆغڵۆ) دروست دەبێت؟ کامە سنووری عێراق بۆ تورکیا گرینگی هەیە؟ بێگومان عێراق لە سنووری هەرێمی کوردستانەوە پێوەندی لەگەڵ تورکیا هەیە. دەروازە سنوورییەکانیش لە ئیبراهیم خەلیلی قەزای زاخۆ تا سنووری قەزای مێرگەسوور درێژ دەبێتەوە کە، ئەمانە سنووری دەروازی عێراقن لەگەڵ تورکیا، بۆیە بەبێ رەزامەندیی هەرێم، مانایەک بۆ لێکتێگەییشتنی نێوان تورکیا و عێراق نامێنێتەوە.
دووشەمەی رابردوویش پێوەست بە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان ئەنجوومەنی ئابووری هەرێم، کۆبوونەوەیەکی ساز کرد.
لە کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی ئابووریی هەرێم، "پێداچوونەوە بە شێوازی هاوردە و هەناردەکردن لە خاڵە سنوورییەکان، گومرکەکان و یەکخستنی تاریفەکانی و بەرزکردنەوەی ئاستی کارمەند و کادیرانی دامودەستگاکانی‌ ئەو بوارەدا کرا. جەخت لە هەماهەنگیی زیاتر لەگەڵ بەغدایش کرایەوە. کۆبوونەوەکە لە فراونکردنی دەروازە سنوورییەکان و بەتایبەتیش دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیلی  کۆڵییەوە بۆ فراوانبوونی بازرگانی و دامەزراندنی سیستمێکی ئەلکترۆنی بۆ پێدانی مۆڵەتی هەناردە و هاورەکردن و، پێکەوەبەستنی هەموو خاڵە سنوورییەکان لە ڕێگەی ئەم سیستمە ئەلکترۆنییەوە. دەکرێ دەروازییە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان ببێتە خاڵێکی پێوەندی فراوانتری نێوان هەرێم، تورکیا و عێراق".
ئەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئابووریی هەرێم، پرسیارێکی جیددی هەڵدەگرێ کە رێکخستنەوە و بایەخی ئەنجوومەنی ئابووریی هەرێم بە دەروازە سنوورییەکانی بۆچی دەگڕێتەوە؟ بە دڵنیاییەوە پێوەست بە فراوانبوونی پێوەندی ئابووریی هەرێمی کوردستانە لەگەڵ تورکیا و عێراق.

بەردەوامی لە هەناردەی نەوتی هەرێم
ئامانجێکی دی سەردانەکەی (داوودئۆغلۆ) هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و عێراقە. دوای ئەوەی هەرێم و بەغدا لە رێگەی دیدارێکی نێوان سەرۆکوەزیرانی هەرێم (نێچیرڤان بارزانی) و وەزیری نەوتی عێراق (عادل عەبدولمەهدی)، رێککەوتنێکی سەرەتاییان واژۆ کرد، بەغدا پێشینەیەکی 500 ملیۆن دۆلاری وەک نیازپاکی بۆ هەرێم رەوانە بکات و، هەرێمیش رۆژانە 150 هەزار بەرمیلی نەوت بە رێگەی حکوومەتی بەغداوە هەناردە بکات، (داوودئۆغڵۆ) گوتی، "دواتر ئاگاداری وردەکارییەکان دەبین"، پرسیار لەو رستەیە دەکرێت لە کوێ سەرۆکوەزیرانی تورکیا ئاگاداری ناوەڕۆکی رێککەوتنەکە دەبێت؟ بێگومان وەڵامەکەی روونە لە بەغدا و هەولێر کە، راستەوخۆ (داوودئۆغڵۆ) مەبەستیەتی تاوتووی ئەو پرسە بکات، چونکە وڵاتەکەی راستەوخۆ گرێدراوی پرسی نەوتی عێراق و هەرێمە، بە رێگەی ئەو وڵاتەوە نەوت هەناردەی بەندەرکانی جیهان دەکرێت.
بەر لەوەی بەیانی (داوودئۆغلۆ) سەردانی بەغدا و هەولێر بکات، خۆشحاڵیی وڵاتەکەی بە رێککەوتنەکەی نێوان هەولێر و بەغدا پێشان داوە، لە گوتارەکەی ئوستڕالیا گوتی، "پشت بە خوا لەگەڵ ئەو رێککەوتنەدا کێشە و گرفتە سیاسییەکانی عێراقیش وردە وردە چارە دەکرێن و، عێراق دەگاتە ئەو ئاستەی بتوانێ ئەو خەزێنەیەی کە لەسەریدا دانیشتووە، بە کاری بهێنێت. چونکە عێراق لەسەر خەزێنەیەکی یەکجار زۆر گەورەی وزەدایە". لەبارەی هەرێمیشەوە گوتی "بەهۆی پێداویستیی زۆری تورکیا بە وزە و هەڵوێستەکانی حکوومەتی ناوەندی بۆ پەراوێزخستنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە هۆی بڕین و نەناردنی بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان لە لایەن بەغداوە، تورکیا لە بواری وزەدا، ویستی سەرەڕای ئەوەی هەولێر و بەغدا لە یەکتر نزیک بکاتەوە، هاوکات پێداویستییەکانی خۆی لە وزە لە هەرێمی کوردستان دابین بکات، تا بەو جۆرە هاوکاری هەرێمی کوردستان بێت بۆ چارەکردنی قەیرانی دارایی کە بە هۆی نەناردنی بەشە بودجەکەیەوە بەرۆکی گرتبوو. بۆیە ئەو رێککەوتنەی بەغدا و هەولێر زۆر گرینگە".
کەوایە ئەو گوزارشتەی (ئۆغڵۆ) پەیامێکی روونی بە بەغدا داوە کە، وڵاتەکەی هەنارەکردنی نەوتی بەلاوە گرینگە و، لە پاڵپشتیکردنی هەناردەی نەوتی هەرێم بە رێگەی خاکەکەییەوە بۆ بەندەری جەیهان، بەردەوام دەبێت.

پرسی هەناردەی غازی هەرێم
پرسێکی دی (داوودئۆغڵۆ)ی وابەستەی هەولێر کردووە، ئەویش هەناردەی غازی سرووشتیی هەرێمە بە رێگەی ئەو وڵاتە کە بڕیار وایە لە ساڵی 2017 هەرێم دەست بە هەناردەی غزی سرووشتی بکات، ئەمەیش بۆ تورکیا و ئەورووپا گرینگی زۆری هەیە، کە وایە (داوودئۆغڵۆ) پێگە و ستراتیژیەتی هەرێمی کوردستان باش دەزانێت، بۆیە بەبێ هەرێم، تورکیا ناتوانێ بە هیچ شێوەیەک تێگەییشتنی بازرگانی و سیاسی لەگەڵ عێراقدا هەبێت.
 

شاو کوردی
 

هەواڵی پەیوەندیدار