خۆکوژێک بە ئۆتۆمبێلەکەیەوە لەبەردەم پارێزگای هەولێر خۆی تەقاندەوە.. نەوزاد هادی لەوێ نەبووە.. شەش کەس شەهید بوون

هەولێر-KDP.info- کەمێک لەمەوبەر، خۆکوژێک بە ئۆتۆمبێلێکی مینڕێژکراوەوە خۆی بە دەروازەی باڵاخانەی پارێزگای هەولێردا تەقاندەوە، بە هۆیەوە شەهید و بریندار هەن.
سەرچاوەیەک لە پارێزگای هەولێر بەKDP.infoی ڕاگەیاند، خۆکوژێک بە ئۆتۆمبێلێکی جۆری هیۆندای مینڕیژکراوەوە خۆی بە دروازەی باڵاخانەی پاریزگای هەولێردا تەقاندەوە کە بە هۆیەوە، بەرپرسی پرسگەی دەروازەکە و دوو پاسەوانی بەردەم پارێزگا شەهید بوون، هەروەها دوو هاووڵاتی کە بۆ مامەڵەکانیان سەردانی پارێزگایان کردووە و کەسێکی دیکەیش بەر تەقینەوەکە کەوتوون و شەهید بوون.
جێگری پارێزگاری هەولێر(تایر عەبدوڵڵا)-یش شەهیدبوونی شەش کەس و برینداربوونی هەشت کەسی دیکەی بۆKDP.info پشتڕاست کردەوە، بەڵام گوتی کە، ئەمە ئاماری سەرەتایین نافەرمین، پاش لێکۆڵینەوەی تەواو و بەدەستهێنانی وردەکاریی زیاتر، ئاماری کۆتایی و دروست بلاو دەکەنەوە.
سەرچاوەکە زیاتر گوتی، لە نێو باڵاخانەی پارێزگایش، چەند کەسێک بە هۆی کاریگەریی تەوقینەوەکەوە، بە پارچەی شکانی شووشەی پەنجەرەکانەوە بریندار بوون.
گوتیشی، هاوکات لەگەڵ تەقینەوەکە دەنگی تەقە بیستراوە، بەڵام هێشتا نەزانراوە کە کێ و لە کێ کراون.
ئەو زانیارییشی دا کە، لە کاتی تەقینەوەکەدا پارێزگاری هەولێر(نەوزاد هادی) لە دەرەوەی پارێزگا بووە. گوتیشی، کۆی فەرمانبەران نێردراونەتەوە ماڵەوە.
بەپێی زانیارییەکانی KDP.info، ئۆتۆمبێلەکە کاتێک ویستوویەتی بچێتە نێو باڵاخانەکە، ڕێگەی لێ گیراوە و دواتر خۆی تەقاندووەتەوە، بەڵام وەک زانراوە، خۆکوژەکە مەبەستی بووە بە ئۆتۆمبێلەکەیەوە خۆی بە ژووری پارێزگاردا بتەقێنێتەوە، بەڵام دیارە کە پارێزگار لە دەرەوەی پارێزگا بووە.
بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەکە، ئۆتۆمبێلەکە قەمەرەیەکی جۆی هیۆندای ڕەنگ سپیی ژمارە هەولێر بووە.
پاش تەقینەوەکەیش پارێزگاری هەولێر گەڕاوەتەوە و چووەتە شوێنی ڕووداوەکە، بەڵام هیچ لێدوانێکی دەربارەی تەقینەوەکە و زیانەکانی نەدا
گوتیشی، لە ئێستادا لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەستی پێ کردووە و پاش کۆکردنەوەی زانیاریی تەواو، چۆنیەتیی ڕووداوەکە و زیانەکانی بۆ ڕای گشتی ڕادەگەیەنرێ.




