پێشمەرگە بۆ رزگارکردنی شنگال، چاوەڕێی فەرمانی سەرۆک بارزانین

شنگال-KDP.info- فەرماندەیەکی هێزی پێشمەرگە لە چیای شنگال ڕایگەیاند، پێشمەرگە لەئێستادا تەنیا لە دۆخی بەرگرییە و بۆ هێرشکردن و رزگارکردنی شنگال، چاوەرێی فەرمانی (سەرۆک بارزانی)ـین.
فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە چیای شنگال (قاسم شەشۆ) بە kdp.infoی راگەیاند: "دوو رۆژە لە چیای شنگال، هێزی پێشمەرگە و تیرۆریستانی داعش بە بەردەوامی یەکتری بۆردوومان دەکەن، بەڵام نە ئەوان هێرش دەکەن و نە پێشمەرگەیش، هەردوو لا لە دۆخی بەرگریداین."
(قاسم شەشۆ) گوتیشی، لەئێستادا نزیکەی 10 هەزار کەس لە چیای شنگال هەن و تا شنگال رزگار دەکرێت لەوێ دەمینێنەوە و شوێنی خۆیان بەرنادەن.
زیاتر گوتی، هەڵبەت ژن، منداڵ، گەنج، پیر و هەموو خەڵکی ناوچەکە، چاویان لە هێرشی هێزی پێشمەرگەیە بۆ سەر شنگال و، رزگارکردنی ناوچەکەیان لە دەست چەکدارانی داعش، بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
زیاتر گوتی، دوای رزگارکردنی زوممار و رەبیعە رزگارکردنی شنگال ئاسانتر بووە و بۆ هێرشکردن بۆ سەر شنگال و وەدەرنانی داعش لە ناوچەکەیان چاوەڕێی فەرمانی (سەرۆک بارزانی) دەکەن.
بڵند ئیبراهیم




