زیاتر لە 100 تەرمی کوژراوانی داعش لە شەڕی رەبیعە، گەیەنراونەتەوە مووسڵ
__2014_11_19_h9m58s12__BA.jpg)
رەبیعە-KDP.info- فەرماندەی فەرماندەیی سپیلک لە رەبیعە ئاشکرای کرد، پاش ئەو گورزە کوشندەیەی کە هێزەکانی پشیمەرگە دوێنێ سێشەممە لە تیرۆریستانی داعشی وەشاند، شەوی رابردوو زیاتر لە 100 تەرمیان گەیاندووەتەوە مووسڵ.
فەرماندەی فەرماندەیی سپیلک لیوا (عەبدولرەحمان کەورینی) بە kdp.infoی راگەیاند: "لە شەڕی میحوەری رەبیعەدا، بە هۆی گورزی کوشندەی پێـشمەرگە و دواتر بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان، تیرۆریستانی زیانێکی زۆریان پێ گەییشتووە و زانیاریمان بە دەست گەییشتووە کە، شەوی رابردوو زیاتر لە 100 تەرمی چەکداران کە لەو شەرەدا کوژراون، گەریندراونەتەوە مووسڵ."
فەرماندەی فەرماندەیی سپیلک روونیشی کردەوە کە، ئەو هێزەی دوێنی هێرشی کردە سەر هێزی پێشمەرگە هێزی تایبەت بوو، چونکە جل و پێڵاوی هەموویان وەک یەک وابوون و هەموویشیان نیتاقی پشتیان سوور بوو و خواردن و چەکی باشیشیان پێ بووە، بەڵام هێزی پێشمەرگە بە توندی بەرپەرچی دانەوە و گورزێکی وەهای لێ وەشاندن کە، ئەوەی هاتبوو نەگەڕایەوە.
زیاتر گوتی، وەک پشتیوانیی ئەو هێزە تایبەتە هێرشکارەیان، لە هێڵی پشتەوەیان هێزێکی زۆریان کۆ کردبووەوە، تا لە سەرکەوتنی هێرشبەرانیاندا، ئەوانیش پێشڕەویی بکەن و بێن و لەو شوێنانەی کە بە خەیاڵی خۆیان داگیری دەکەن، جێگیریان بکەن، بەڵام فڕۆکەی هاوپەیمانان لێی دابوون و هەموویانی کوشتبوو.
دەربارەی زیانە سەربازییەکانی داعش، لیوا(کەورینی) گوتی، جگە لە زیانی گیانی، پێشمەرگە و فڕۆکە جەنگییەکان، زیاتر لە 40 هەمەر و جۆری دیکەی ئۆتۆمبێلی تیرۆریستانی داعشیان تێک شکاندن و سووتاندن.
بەپێی زانیاریی فەرماندەکانی پێشمەرگە لە میحوەری ڕۆژاوای دیجلە، شەوی دووشەممە لەسە سێشەممە، تیرۆریستانی داعش لە رێگەی دۆڵێكەوە خۆیان لە سەنگەرەكانی پێشمەرگە نزیك كردبووەوە، سەعات حەوتی بەیانیی دوێنێ سێشەممە، بە نارنجۆكی دەستی هێرشیان كردە سەر هێزی پێشمەرگە، سەرەتا چوار خۆكوژ و چەندین ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراویان هێنابوون، خۆكوژەكان بە ئۆتۆمبێلەوە خۆیان تەقاندەوە و، ئینجا شەڕ دەستی پێ كرد و چەند سەعاتێك بەردەوام بوو.
بڵند ئیبراهیم




