٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لە كۆبانی دوو ئەمیر و 42 داعش كوژران.. پێشڕەوییەكانی پێشمەرگە و شەڕڤانان بەردەوامن

سەرچاوە: KDP.info
دوو پێشمەرگە بە چەکی هاوەن لە پێگەکانی داعش دەدەن. کۆبانی

كۆبانی-KDP.info- فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە كۆبانی (عەبدولقەهار مەجید) دەڵێت، پێشڕەوییەكانی پێشمەرگە و شەڕڤانان، درێژەیان هەیە و، لە دوێنێیشەوە تا ئەمڕۆ، دوو ئەمیر و 42 تیرۆریستی داعش كوژراون.


فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە كۆبانی لیوا (عەبدولقەهار مەجید)، بە kdp.info-ی راگەیاند، دوێنێ سەعات شەشی ئێوارە  و سەعات 12-ی شەو فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان لە كۆبانی مۆڵگەكانی داعشیان بۆردوومان كردووە و لە ئاكامدا چوار تیرۆریست كوژران و شوێنەكانیان چۆڵ كردووە، دواتر لەكاتی گەڕانەوەی داعش بۆ بردنەوەی تەرمەكانیان، دووبارە بۆردوومان كرانەوە و 15 تیرۆریستی دیكە كوژران.

 

لیوا (عەبدولقەهار) دەشڵێت، سەعات چوار تا پێنجی بەیانیی ئەمڕۆ فڕۆكە جەنگییەكان پێنج جاری دیكە، مۆڵگەكانی داعشیان بۆردوومان كردووە و لە ئاكامدا 25چەكدار كوژراون كە، دووانیانیان ئەمیرن بە ناوەكانی (ئەبوسەیفوڵڵا) و (ئەبوحارس) و سێ تەرمیشیان كەوتوونەتە دەست پێشمەرگە.

 

ئەو فەرماندەیە ڕوونیشی كردەوە، هێزەكانی شەڕڤانان بە هاوكاریی هێزی پێشمەرگە هێرشێكیان لە رۆژهەڵات ئەنجام داوە و، توانیویانە شوێنێك رزگار بكەنەوە، زیانی گەورەیشیان بە داعش گەیاندووە.


زیاتر گوتیشی، بڕێكی زۆری چەك و تەقەمەنی كەوتووەتەوە دەست هێزی پێشمەرگە كە بریتین لە، دوو ئارپێجی، هەشت تۆپ، یەك بیكەیسی، شەش كڵاشینكۆف، 35 سندووق فیشەك، یەك قەنناس، 85 نارنجۆكی دەستی و بڕێك تەقەمەنی.

فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە كۆبانی، ئەوەیشی خستە ڕوو كە، "لە بەیانییەوە بۆردوومانی داعش دەكەین، بەڵام لە ئێستادا بۆردەمانەكەمان راگرتووە".

لەبارەی برینداربوونی سێ پێشمەرگەیشەوە، (مەجید) گوتی، دوێنێ سێ پێشمەرگە بریندار بوون و برینەكەیان بە جۆرێك سووكە، رەوانەی ماڵەوە نەكراون و، هەر لێرە چارەسەریان بۆ كراوە و، تەندروستییان زۆر باشە.

 

جێی ئاماژەیە، پێشووتر لیوا (عەبدوڵقەهار مەجید)، بە KDP.info راگەیاند كە لەوەتەی پێشمەرگە چووەتە كۆبانی، توانراوە 15%ـی ناوچەكە لە تیرۆریستانی داعش، پاك بكرێتەوە.


بڵند ئیبراهیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار