پشكی هەولێر و چۆنیەتیی دامەزراندنی مامۆستایانی گرێبەست راگەیەندرا
هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێر، ئەم ئێوارەیە لە پڕێسكۆنفڕانسێكدا پلەكانی دامەزراندنی مامۆستایانی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی ئاشكرا كرد و، پشكی هەولێری بە 1190 مامۆستا، راگەیاند.
ئەمڕۆ سێشەممە بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێر (بەكر كەریم)، لە هەولێر، كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیی پێوەست بە دامەزراندنی مامۆستایانی گرێبەستی ساز كرد و، پشكی هەولێری بۆ ئەو دامەزراندنە خستە ڕوو كە، 1190 پلەی دامەزراندنە.
)بەكر كەریم) گوتیشی، پشكی هەولێر لەو دامەزراندنە بەسەر هەریەك لە پەروەردەی قەزاكانی (مێرگەسوور، سۆران، رواندز، چۆمان، مەخموور، كۆیە، شەقڵاوە)-دا دابەش دەكرێن و دامەزراندنەكەیش بە پلەی بازنەی دەبێت كە، لە بازنەی سییەوە دەست پێدەكات و بۆ ئەو قوتابخانانەی 50 كم لە سەنتەری شاری هەولێرەوە دوورن.
بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێر ئاماژەی دا، دەرچووانی زانكۆ، بەیانی دەتوانن لە سەنتەری پەروەردەی قەزاكان فۆڕمەكان وەربگرن لە بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی قەزاكان و، ماوەی وەرگرتنی فۆڕمەكانیش بۆ یەك هەفتە بەردەوام دەبێت و، لە ماوەی پێنج رۆژیشدا فۆڕمەكان وەردەگیرێنەوە.
هاوكات ڕوونیشی كردەوە، دوای 3 رۆژ لە راگەیاندنی ناوی دامەزراوان، ئەوانەی ناویان دەرنەچووە یان بۆ هەر پرسێكی دی، دەتوانن سكاڵا تۆمار بكەن.
)كەریم)، لە بەشێكی دیكەی پرێسكۆنفڕانسەكەیدا گوتی، بۆ قۆناخی ئامادەیی تەنیا دەرچووانی كۆلێژی پەروەردە و پەروەردەی وەرزشی دادمەزرێن و، بۆ قۆناخی بنەڕەتییش تەنیا دەرچووانی كۆلیژی پەروەردەی بنیات دەگرێتەوە، لەگەڵ پەیمانگەكانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە، دامەزراندنەكەیش بۆ ئەو پەروەردانەیە كە 50كم لە سەنتەری پارێزگاوە دوورن.
لە كۆتاییشدا پلەكانی دامەزراندنی بەو شێوەیە دابەش كرد:
پەروەردەی سۆران 275 پلە.
پەروەردەی میرگەسوور 260 پلە.
پەروەردەی شەقڵاوە 250 پلە.
پەروەردەی چۆمان 145 پلە.
پەروەردەی رواندز 100 پلە.
پەروەردەی كۆیە 90 پلە.
پەروەردەی مەخموور 70 پلە.
جێی ئاماژەیە، پێشووتر گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، (فاتح مەولەوی زادە)، بە KDP.info-ی راگەیاند، كە لە كۆتایی ئەم هەفتەیە وەزارەتەكەیان دەستدەكات بە دامەزراندنی 4 هەزار مامۆستای گرێبەست.




