٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

كۆتایی ئەم هەفتەیە دامەزراندنی مامۆستایان دەست پێ دەكات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێم رایگەیاند، كۆتایی ئەم هەفتەیە، دەست بە پرۆسەی دامەزراندنی مامۆستایانی گرێبەست دەكرێت و، پرۆسەكەیش تەنیا دەرچووانی كۆلیژەكانی پەروەردە، بنیات و وەرزشی، دەگرێتەوە.

گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان (فاتیح مەولەوی زادە)، بە Kdp.info-ی راگەیاند، كۆتایی ئەم هەفتەیە دەست بە پرۆسەی دامەزراندنی ماموستایانی گرێبەست دەكرێت و، پرۆسەكەیش بە رێگەی دابەشكردنی فۆڕم لە پەروەردەكانەوە دەبێت، بۆ ئەم مەبەستەیش لیژنەیەكی باڵا دروست كراوە كە نوێنەری ئەنجوومەنی وەزیران و وەزاەرتی دارایی تێدایە و، سەرپەرشتیی ئەو پرۆسەیە دەكات، جگە لەوەیش لە پارێزگاكان، لیژنەی دیكە دروست كراون.

(فاتیح مەولەوی زادە) گوتیشی، دابەشكردنی فۆڕم ماوەی حەوت رۆژ بەردەوام دەبێت و، پێویستە لە ماوەی پێنج رۆژدا فۆڕمەكان بگەڕێندرێنەوە و، سێ رۆژیش بۆ تانەلێدان دیاری كراون.

گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دەشڵێت، ئەو دامەزراندنە تەنیا دەرچووانی كۆلیژی پەروەردە، پەروەردەی بنیات و پەروەردەی وەرزشی دەگرێتەوە و، دەرچووی كۆلێژەكانی دیكە ناگرێتەوە، هۆكارەكەیشی ئەوەیە كە ئەمانە بە كردار ئەو كارەیان كردووە و ئەزموونیان هەیە.
(زادە)، ئاماژەیشی دا كە، ئەو چوار هەزار ماموستایەی كە بە شێوەی گرێبەست دادەمەزرێن، 43%ـی بۆ سلێمانی و گەرمیانە، 57%ـیشی بۆ هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆكە.
بڵند ئیبراهیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار