كەلار.. 820 حاڵەتی برینداری هەبووە

هەولێر-KDP.info- بە گوێرەی ئامارێكی نەخۆشخانەی فریاكەوتنی كەلار، ئەمساڵ نزیكەی 80 هەزار هاووڵاتی سەردانی نەخۆشخانەكەیان كردووە و، بریندارەكانی رووداوی هاتوچۆیش لە نێو نەخۆشەكاندا بە پلەی یەكەم دێن.
بە گوێرەی ئامارێكی نەخۆشخانەی فریاكەوتنی كەلار كە، وێنەیەكی دراوەتە KDP.info و ئاماری رووداو و حاڵەتە جیاوازەكانی لە ماوەی سەرەتای ساڵەوە تا كۆتایی مانگی تشرینی یەكەم، مانگی 10-ی تێدا خراوەتە ڕوو، كۆی ئەوانەی سەردانی نەخۆشخانەكەیان كردووە لەم دە مانگەدا، دەگاتە 79 هەزار و 49 هاووڵاتی، كە زۆرینەیان لە رەگەزی نێرن و دەگاتە 47 هەزار و 979 نەخۆش، لە بەرامبەر 31 هەزار و 70 نەخۆش لە رەگەزی مێ.
بەپێی ئامارەكە، زۆرترین حاڵەت كە لایان تۆمار كرابێت، بریندارییە كە (820) حاڵەتە، بە دوای ئەویشدا، سەرئێشە دێت كە (571) حاڵەتە، پاشان بەرزبوونەوەی گوشاری خوێن، كە (504) حاڵەتە.
ئامارەكە ئەوەیش دەخاتە روو كە لەم ماوەیەدا، (502) برینداری رووداوەكانی ئۆتۆمبێل، (219) برینداری رووداوی ماتۆڕسكیل، (172) حاڵەتی سوتاوی، (127) حاڵەتی كەوتنەخوارەوە لەلایان تۆمار كراوە.
هەروەها لەم ماوەیەدا ئەم حاڵەتانەیش تۆمار كراون: 271 حاڵەتی پێوەدانی دووپشك، 24 حاڵەتی مارپێوەدان، 88 حاڵەتی برینداربوون بە چەقۆ، 35 حاڵی گرتنی كارەبا، 9 حاڵەتی شكاوی.
كاروان جاف




