محەممەد كەمال: بەرپرس و بازرگانی گەورە لە پشتی ئەم كارەوەن.. 11 كەس بە تۆمەتی بازرگانیكردن بە سووتەمەنییەوە بەند كراون

كەركووك-KDP.info- ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، 11 كەس بە تۆمەتی بازرگانیكردن بە سووتەمەنی لەگەڵ داعش دەستگیر كراون، هاوكات سەرۆكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، بەڵگە و زانیارییان داوەتە لیژنەی لێكۆڵینەوە.
بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزا و ناحیەكانی كەركووك عەمید (سەرحەد قادر)، بە kdp.infoـی راگەیاند، بازرگانی بە سووتەمەنییەوە لە سنووری پارێزگای كەركووك لەگەڵ داعش كراوە و، ئەوان چەند كەسێكیان دەستگیر كردوون و رەوانەی هەولێریان كردوون، چەند تەنكەرێكی سووتەمەنییش سوتێندراون و، لە ئێستایشدا چاودێرییەكی وردی ناوچەكە دەكرێت، لە هەر شوێنێك زانیارییان پێ بگات و كەسێك هەبێت، دەستگیری دەكەن و راستی دادگای دەكەن.
پێوەست بەم پرسەوە، ئەندامی لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك (محەممەد كەمال)، بۆ kdp.info دەڵێت، ئەوەی دەستی لە بازرگانیكردن بە سووتەمەنی لەگەڵ داعشدا هەبێت، تاوانێكی گەورەیە و تاوانبارێكی گەورەیە، چونكە لە كۆبانی تا جەلەولا داعش لە دژی گەلەكەمان لە شەڕدایە، چۆن دەكرێت بازرگانیی لەگەڵ بكرێت، بۆیە حكوومەتی هەرێمی كوردستان مافی خۆیەتی لێكۆڵینەوە لەو بابەتە بكات و، هەر كەسێك داواكراو بێت، ببینن و لێكۆڵینەوەی لەگەڵ بكەن و دواتر ئەگەر تاوانبار بوو بدرێتە دادگە و سزای خۆی وەربگرێت.
(محەممەد كەمال) ئاماژەیشی دا، ئەو جۆرە بازرگانییە كە دەكرێت ئەگەر بەرپرسی لە پشت نەبێت، خەڵكی ئاسایی ناتوانێت ئەو كارە بكات، چونكە لە ڕووی كردارییەوە قورسە، بۆیە بە دڵنیاییە بەرپرس و بازرگانی گەورە لە پشتی ئەم كارەوەن.
لای خۆیەوە ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فڕاكسیۆنی پارتیی دیموكراتی كوردستان (فرسەت سۆفی)، بە kdp.infoـی راگەیاند، "ئێمە وەك شاندێكی پەرلەمانی كوردستان سەردانی شاری كەركووكمان كرد و، بۆمان دەركەوت كە ئەو بازرگانییە زیاتر لە مانگی شەشی ئەم ساڵ كراوە و، ئێمەیش چاودێری دەكەین بزانین حكوومەت تا چەند جیددییە لە لێكۆڵینەوەی ئەم كێشەیە، بەڵام تا ئێستا ئەوەی بۆ ئێمە دەركەوتووە حكوومەت زۆر جیددییە".
(فرسەت سۆفی) دەڵێت، "بە گوتەی وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان تا ئێستا 11 كەس دەستگیر كراون و لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ دەكرێت، ئێمەیش جارێ چاوەڕێ دەكەین بزانین ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان چۆن دەبێت، چونكە تا ئێستا لێكۆڵینەوەكان بەردەوامییان هەیە. بڕیاریشە بەپێی یاسای تیرۆر مامەڵە لەگەڵ ئەو كەسانەدا بكرێت كە بازرگانی لەگەڵ داعشدا دەكەن".
لەبارەی ئەوەی پارێزگاری كەركووك رەتی كردووەتەوە هیچ بازرگانییەك بە سووتەمەنی لەگەڵ داعش لە سنووری كەركووك كرابێت و باسی لەوە كردووە، پایسكلێك ناتوانێ لە بازگەكان دەرباز بێت، چۆن تانكەری نەوت دەڕوات، لەم بارەیەوە سەرۆكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان (شێركۆ جەودەت)، بە Kdp.infoـی راگەیاند، "بە گوتەی وەزیری ناوخۆ 11 كەس بەو تۆمەتە دەستگیر كراون و ئێمەیش بەڵگە و زانیاریمان لایە و داومانەتە لیژنەی لێكۆڵینەوە، جگە لەوەیش لە ئێستادا داواكاری گشتییش هاتووەتە سەر هێل، بۆیە لێكۆڵینەوەكان بەردەوامن و، هەر كاتێك لێكۆڵینەوەكان ئەنجامەكەیان راگەیاند، ئێمەیش قسەی خۆمان دەبێت".
(جەودەت) دەشڵێت، لیژنەكە لە پێنج كەس پێك هاتووە و بەردەوامە لە لێكۆڵینەوەكان و لە ماوەیەكی نزیكدا ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان ئاشكرا دەبن، ئەوكات ئەو پرسە یەكلا دەكرێتەوە.
بڵند ئیبراهیم




