وەزیری نەوتی عێراق: رەوانەكردنی 500 ملیۆن دۆلارەكە پێوەندیی بە رادەستكردنی 150 هەزار بەرمیلی نەوتی هەرێمەوە نییە

بەغدا-kdp.info- پەرلەمانتاری پارتیی دیموكراتی كوردستان، (عەرەفات كەرەم) رایگەیاند، ئەمڕۆ وەزیری نەوتی عێراق، پێی ڕاگەیاندوون كە رەوانەكردنی 500 ملیۆن دۆلار بۆ هەرێم بە مەبەستی نیازپاكیی بەغدایە بۆ هەرێم و، نەبەستراوەتەوە بە مەرجی هەناردەكردنی 150 هەزار بەرمیلی رۆژانەی نەوتی هەرێم كە رادەستی بەغدا بكرێت.
ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە لیستی پارتیی دیموكراتی كوردستان (عەرەفات كەرەم)، بە kdp.info-ی راگەیاند، ئەمڕۆ میوانداریی وەزیری نەوتی عێراق (عادل عەبدوڵمەهەدی) كرا و، لەبارەی رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا و، لەمیانەی كۆبوونەوەی پەرلەمان باسی لەوە كرد ئەوان وەك نیازپاكییەك 500 ملیۆن دۆلار بۆ هەرێمی كوردستان رەوانە دەكەن، بە مەبەستی چارەكردنی كێشەكان، نەك بەو مەرجەی هەرێم 150 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا بكات.
ئەو پەرلەمانتارە گوتیشی، وەزیری نەوت گەشبین بوو بەوەی، بتوانن لەگەڵ هەرێمی كوردستان بگەنە رێككەوتن و، باسی لەوەیش كرد لە ماوەیەكی نزیكدا شاندێكی حكوومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتیی سەرۆكوەزیرانی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی)، بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی كێشەكانی نێوان هەردوو لا، سەردانی بەغدا دەكات.
(عەرەفات كەرەم) دەشڵێت، بڕیارە لە ماوەیەكی نزیكدا پڕۆژەیاسای نەوت و گاز رەوانەی پەرلەمان بكەن و، لە ئێستایشدا لەلایەن حكوومەتەوە گفتوگۆی لەبارەوە دەكرێت، بە پەسەندكردنی ئەو پڕۆژەیاسایە كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، چارە دەكرێن.
زیێتر ئاماژەی دا، سەرۆكی لیژنەی نەوت و گازیش بەر كورد كەوتووە، بۆیە دەتواندرێت ئەو پڕۆژەیاسایە بە جۆرێك ئامادە بكرێت كە، لە بەرژوەندی كورد یەكلا بكرێتەوە.
جێی ئاماژەیە، هەفتەی رابردوو وەزیری نەوتی عێراق (عادل عەبدولمەهدی)، سەردانی هەولێر و كرد و، لە دیدارێكی لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی)، رێككەوتنێكی سەرەتاییان لەبارەی هەناردەی نەوتی هەرێم و رەوانەكردنی پێشینەیەكی پارە لە بەغدا بۆ هەرێم، واژۆ كرد.
بڵند ئیبراهیم




