"هەرێم لە 2017 گازی سرووشتی هەناردە دەكات.. لە 2019 هەناردەی رۆژانەی نەوت 2 ملیۆن بەرمیل دەبێت"

هەولێر-KDP.info- بە گوێرەی دواڕاپۆرتی رێكخراوی دۆر بۆ زانیاریی نەوتی كوردستان، هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2017 لە رێگەی بۆرییەوە سەرەتا 55 ملیۆن پێ سێجا غازی سرووشتی هەناردەی دەرەوە دەكات و لە 2019-یش، هەناردەی رۆژانەی نەوت دەگاتە 2 ملیۆن بەرمیل.
بەپێی راپۆرتی رێكخراوی دۆر بۆ زانیاریی نەوتی كوردستان، لە ماوەی دە ساڵدا هەرێمی كوردستان 272 ملیۆن و، 645 هەزار و، 911 بەرمیل نەوتی بەرهەم هێناوە.
رێكخراوەكە لە راپۆرتی مانگی نۆڤەمبەری خۆیدا ئاشكرای كرد كە ئاژانسی ئەنادۆل-یش بڵاویكردووەتەوە، ئاستی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە ناوەڕاستی ساڵی 2014 تا كۆتایی ساڵەكە لە 180 هەزار بەرمیل رۆژانەوە بۆ 400 هەزار بەرمیل بەرز دەبێتەوە، هەروەها لە چارەكی یەكەمی ساڵی 2015-یشدا ئەو رێژەیە بۆ 500 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا زیاد دەكات.
راپۆرتەكە ئاماژە بە بڕی ئەو نەوتە دەكات كە هەرێم، ئەمساڵ هەناردەی توركیای كردووە كە 34 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیلە، لەو بڕە 21 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل لە رێگەی بۆرییەوە بۆ بەندەری جەیهان رەوانە كراوە و، 13 ملیۆن بەرمیلیش لە رێگەی تەنكەرەوە بە توركیا فرۆشراوە.
لە راپۆرتەكەدا باس لە داهاتەكانی نەوتی هەرێم لە ئەمساڵدا كراوە و تێیدا هاتووە، "كۆی داهاتی خەمڵێنراوی ئەو نەوتەی لە ساڵی 2014 لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە فرۆشراوە، دەگاتە 2 ملیار و 87 ملیۆن دۆلار، كۆی پارەی وەرگیراویش بە كاش ملیارێك و 700 ملیۆن دۆلارە، هەرچی 900 ملیۆن دۆلاری دیكەیە وەك كرێی باركردن و پارەی پێشینە بووە كە بڕی 400 ملیۆن دۆلار كرێی باركردن و پادداشتی كۆمپانیاكانە، 500 ملیۆن دۆلاریشی پارەیەكە پێشتر وەرگیراوە".
راپۆرتەكە ئەوەش ئاشكرا دەكات كە لە ساڵی 2013 كۆی ئەو نەوتەی بەرهەم هێنراوە لە هەرێم، 78 ملیۆن بەرمیل بووە و ئەو ژمارەیەش بە بەراورد بە ئاستی بەرهەمهێنانی ساڵی 2003 نزیكەی سەدا 200 زیادی كردووە.
هەروەها رێكخراوی دۆر بۆ زانیاریی نەوتی كوردستان، ئەوەیشی لە راپۆرتەكەیدا خستووەتە ڕوو كە، ساڵی 2014 بەپێی قۆناخەكان سەرەتا 180 هەزار بەرمیل هەناردە كرا، دواتر ئەو رێژەیە بووەتە 340 هەزار بەرمیل، دواتر 400 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا هەناردە دەكرێت. هەرچی ساڵی 2015-یە ئەوا سەرەتا بەپێی پلان 500 هەزار بەرمیل، دواتر 850 هەزار و لە كۆتایی ئەو ساڵەیشدا یەك ملیۆن و 60 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەكرێت.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوە رەسمییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی هەرێمە و، هەروەها ئاژانسی وزەی جیهان و ئاژانسی وزەی ئەمەریكاوە دەست كەوتوون، دەری دەخەن هەرێمی كوردستان لە ماوەی دە ساڵدا واتە لە نێوان ساڵی 2003 بۆ 2013، بڕی 272 ملیۆن و 645 هەزار و 911 بەرمیل نەوتی بەرهەم هێناوە.
راپۆرتەكەی رێكخراوی دۆر لە بەشێكی دیكەدا دەچێتە سەر پێشبینییەكان بۆ ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم و دەڵێت، عێراق ساڵی 2019 ئاستی بەرهەمهێنانی دەگاتە 4 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا، واتە زیادبوون بە رێژەی سەدا 60 و، بە ئاستی 1 ملیۆن و 300 هەزار بەرمیل.
ئەوە لە كاتێكدا بەپێی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی هەرێم وا بڕیارە لە ساڵی 2019 ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم بگاتە 2 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا واتە نزیكەی سەدا 45-ی ئەو بەرهەمەی ئەو كاتە عێراق بەرهەمی دەهێنێت.
راپۆرتەكە هەروەها ئاماژە بە هەناردەكردنی گازی سرووشتیی هەرێمی كوردستانیش بۆ توركیا دەكات و، لەو بارەیەوە ئاشكرای كرد كە، لە ساڵی 2017 هەناردەی گازی هەرێمی كوردستان لە رێگەی توركیاوە بۆ دەرەوە دەست پێ دەكات، بە جۆرێك لە سەرەتادا 55 ملیۆن پێ سێجا و، دواتر بۆ 120 ملیۆن پێ سێجا و، پاشان بۆ 200 ملیۆن پێ سێجا، بەرز دەبێتەوە.
لە كۆتاییدا راپۆرتەكەی رێكخراوی دۆر بۆ زانیاریی نەوتی كوردستان، باس لە داهاتەكانیش دەكات و رایدەگەیەنێت كە داهاتی هەرێمی كوردستان لە مانگی 12-ی ئەمساڵ دەبێتە یەك تریلیۆن و 200 ملیار دینار، هەرچی ئەو داهاتەیە لە چارەكی ساڵی 2015 مانگانە دەبێتە یەك تریلیۆن و 500 ملیار دینار.
بەپێی راپۆرتەكەیش ئەو داهاتەی هەرێم لە نەوت دەستی دەكەوێت، هاوشانی ئەو قەرزەی دەكرێت كە پێنج ملیار دۆلارە و بڕیارە حكوومەت قەرزی بكات تا چارەكی یەكەمی 2015 هەرێم دەگاتە دۆخێك پێویستی بە بەغدا نەبێت بۆ مووچەی فەرمانبەران و بودجەی پڕۆژەكان.
شاو




