حاكم ئەحمەد: فەرمانی دەسگیركردنی چەند كەسێك دەرچووە.. لەسەر دیارنەمانی پارەی حكوومەتە

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی دەستەی دەستپاكیی هەرێم دەڵێت، لێكۆڵینەوە لە دۆسیەی ئەو كەسانە دەكرێت كە لە گەندەڵی و بردنی پارەی حكوومەت تێوە گلاون. ئەوەیش دەخاتە ڕوو كە، فەرمانی دەسگیركردنی چەند كەسێكیان دەركردووە.
سەرۆكی دەستەی دەستپاكی لە كوردستان (حاكم ئەحمەد)، لە لێدوانێكدا بە KDP.infoی ڕاگەیاند، دەستەكەیان كۆمەڵێك بەڵگە و داتا و زانیارییان لەسەر گەندەڵیی دامەزراوەكانی حكوومەت بە دەست گەییشتووە.
گوتیشی، "ئەو بابەتانەی كە گەندەڵییان تێدایە، دوای لێكۆڵینەوە، بەدواداچوونی وردی بۆ دەكەین كە ئەگەر گەندەڵیی كەرتی گشتی بووبێت، ئەوا لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەری گفتوگۆ دەكەین و دواتر ئەو دۆسیەیە دەبرێتە دادگە".
سەرۆكی دەستەی دەستپاكیی هەرێم ئاماژەیشی دا كە، "چەند كەسێك لە هەرێمی كوردستان لە بابەتی گەندەڵی لە دامەزاروەكانی حكوومەتەوە تێوە گلاون، بەڵام لەبەر ئەوەی فەرمانەكە جێبەجێ نەكراوە، ناتوانین ناوەكان ئاشكرا بكەین و چەند دۆسیەیەكمان لە بەردەستدان كە فەرمانی دەسگیركردن بۆ چەند كەسێك دەرچووە كە گەندەڵی و پارەی موڵكی گشتییان لە ژێر دەستدا دیار نەماوە، هەفتەی داهاتوویش فەرمانی دەسگیركردنی ئەو كەسانە دەچێتە واری جێبەجێكردنەوە".
(حاكم ئەحمەد) هەروەها ئەوەیشی خستە ڕوو كە، "نزیكەی 15 تا 17 كەیسی لەو شێوەیەیان لە هەولێر لە بەردەستدایە، لە سلێمانییش هەمان شت هەیە، بەڵام لەبەر ئەوەی لە سلێمانی نەمانتوانیوە ئۆفیس بكەینەوە، بە هۆی نەبوونی لێكۆڵەرەوە كە لە ئەستۆی دەسەڵاتی قەزایە، ئەو ئیجرائاتە نەكراوە، بۆیە لە كۆتایی ئەمساڵدا لە سلێمانییش ئۆفیس دەكەینەوە".
دەشڵێت، ئەو كەسانەی كە فەرمانی دەسگیركردنیان بۆ دەرچووە، كەسانی حكوومین و سەرجەمیان بە هۆی دیارنەمانی پارەوە ئەو فەرمانەیان بۆ دەرچووە.




