ئه‌نجوومه‌نى ئابوورى، له خاڵه سنوورییه‌كان و بۆرسه‌ى هه‌ولێری كۆڵییه‌وه

هەولێر-KDP.info- پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه، ئه‌نجوومه‌نى ئابووریى هه‌رێمى كوردستان، به سه‌رۆكایه‌تیى (نێچیرڤان بارزانى)، سه‌رۆكوه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان و سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نه‌كه، كۆ بووه‌وه و، تێیدا، فراونكردنى ده‌روازه سنوورییه‌كان و پێكه‌وه‌به‌ستنى هه‌موو خاڵه سنوورییه‌كان له ڕێگه‌ى سیستمی ئه‌لكترۆنییه‌وه، هاوکات دواهه‌نگاوه‌كانى دامه‌زراندنى بۆرسه‌ى هه‌ولێری خرایە بەر باس.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا پێداچوونه‌وه به شێوازى هاورده و هه‌نارده‌كردن له خاڵه سنوورییه‌كان، گومركه‌كان و یه‌كخستنى تاریفه‌كانى و به‌رزكردنه‌وه‌ى ئاستى كارمه‌ند و كادیرانى دامودهستگانى ئه‌و بواره‌دا كرا، هه‌روه‌ها جه‌خت له هه‌ماهه‌نگیى زیاتر له‌گه‌ڵ به‌غدا كرایه‌وه، به تایبه‌تى كه عێراق ئه‌ندامى كۆمه‌ڵێك ڕێكخراوى نێوده‌وڵه‌تیى تایبه‌ت به‌و بواره‌یه و به‌رده‌وام كۆرس و خولى تایبه‌ت به‌و بوارانه بۆ كارمه‌ندانى ده‌كاته‌وه و ده‌كرێ هه‌رێمى كوردستانیش سوودیان لێوه‌ربگرێت.
كۆبوونه‌وه‌كه له فراونكردنى ده‌روازه سنوورییه‌كان و به‌تایبه‌تیش ده‌روازه‌ى سنووریى ئیبراهیم خه‌لیلى كۆڵییه‌وه بۆ فراوانبوونى بازرگانى و دامه‌زراندنى سیستمێكى ئه‌لكترۆنى بۆ پێدانى مۆڵه‌تى هه‌نارده و هاوره‌كردن و، پێكه‌وه‌به‌ستنى هه‌موو خاڵه سنوورییه‌كان له ڕێگه‌ى ئه‌م سیستمه ئه‌لكترۆنییه‌وه.
له به‌شێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، دواهه‌نگاوه‌كانى دامه‌زراندنى بۆرسه‌ى هه‌ولێر، یان "بازاڕى هه‌ولێر بۆ كاغه‌زه داراییه‌كان" خرایه به‌ر باس و دواى پێداچوونه‌وه به پرۆژه و پێشنیاره‌كاندا، داوا كرا لایه‌نى په‌یوه‌ندار پشت به پسپۆڕانى بیانیى ئه‌و بواره ببه‌ستێت بۆ پێداچوونه‌وه به په‌یكه‌رى كارگێڕى و، كاره‌كانى ئه‌م پرۆژه‌یه به شێوه‌یه‌ك كه له‌گه‌ڵ سه‌رده‌م و پێوه‌ره جیهانییه‌كان و واقعى ئه‌مڕۆى كوردستاندا بگونجێت.




