كەمال كەركووكی: هەنگاوی یەكەممان پاراستنی خاك و هاووڵاتیانە.. تیرۆریستانی داعش وەدەر دەنێین

كەركووك-KDP.info- بەرپرسی نوێی میحوەری رۆژئاوای كەركووك-دوبز (د. كەمال كەركووكی) رایگەیاند، بە پەسەند زانرا بریكاری وەزیری پێشمەرگە (ئەنوەری حاجی عوسمان) بگەڕێتەوە نێو وەزارەت و لە ئەركی سەرشانی بەردەوام بێت. هاوكات دەشڵێت، "بەرپرسیارەتیی نوێیی میحوەری كەركووك ـ دوبز بە من سپێردرا و هەنگاوی سەرەتاییشم ئەوەیە خاك و خەڵكی ئەو سنوورە بپارێزم".
ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتیی دیموكراتی كوردستان و بەرپرسیی میحوەری رۆژئاوای كەركووك-دوبز (د. كەمال كەركووكی)، لە بەرزاییەكانی خرابەڕووت و گوبێبەوە و بە تەلەفون بە kdp.info-ی رایگەیاند، " لەبەر ئەوەی وەزارەتی پێشمەرگە ئەمڕۆ یەكێكە لە وەزارەتە گرینگەكانی هەرێمی كوردستان و پێشمەرگەیش لە شەڕی تیرۆریستانی داعشدایە لە مەودای زیاتر لە 1050 كیلۆمەتر و لە هەشت میحوەرەوە لە شەڕداین، ئەو بەڕێزانەی لە وەزارەتی پێشمەرگەن، بە تایبەت وەزیری پێشمەرگە و بریكاری وەزارەت، راوێژكارەكان و ئەو بەڕێزانەی لە نێو وەزارەتیشن، دەبێت لە ژێر چاودێریی سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعوود بارزانی)، بەردەوام ئاگایان لە گشت میحوەرەكان بێت، بۆیە بە پەسەند زانرا كە بریكاری وەزیری پێشمەرگە (ئەنوەری حاجی عوسمان) لە وەزارەتەوە بەدواداچوون بۆ پێشخستنی كاری وەزارەت و گشت میحوەرەكان بكات و لە ئەركی سەرشانی بەردەوام بێت بۆ خزمەتی زیاتر".
(كەركووكی) دەشڵێت، "ئومێدەوارم لەگەڵ برا پێشمەگە و فەرماندە سەربازییەكان و دانیشتووانی دڵسۆزی ناوچەكە بەیەكەوە بەردەوام بین لە بەرگری لە گەل و خاكی كوردستان كە، تا ئێستا بەرانبەر تیرۆریستانی داعش وەستاوین لە پێناو سەقامگیریی كوردستان بە گشتی و كەركووك بە تایبەتی، تایبەتتریش ئەوەیە بتوانین خاك و خەڵكی ئەو سنوورە لە تیرۆریستانی بەنێو دەڵەتی ئیسلامی ناسراو بە (داعش)، بپارێزین و لە ناوچەكە وەدەریان بنێین".
پێوەست بە هەنگاوی سەرەتایی كاركردنی وەكو بەرپرسی تازەی میحوەری ڕۆژئاوای كەركووك ـ دوبز، (كەمال كەركووكی) گوتی، "بەردەوام دەبم لەو كارە باشانەی كە پێشتر لە میحوەرەكەدا برا بەرپرس و پێشمەرگە دڵسۆزەكان ئەنجامیان دەدا، ئەویش ئەوەیە تا بتوانین لە ناوچەكە تیرۆریستان دوور بخەینەوە و خاكی هەرێمی كوردستان و بە تایبەت سنووری پارێزگای كەركووك لە تیرۆریستان پاك بكەینەوە".




