كۆبانی..ئەمیرێك و 11 تیرۆریست كوژران..پێشمەرگە ژەهراوی نەبووە

كۆبانی-kdp.info-فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە كۆبانی، لیوا (عەبدولقەهار مەجید)، هەواڵی كوژرانی ئەمیرێكی داعش و 11 تیرۆریستی دی راگەیاند و، دەشڵێت، ئەو هەواڵەی باسی لە ژەهراویبوونی پێشمەرگە كردووە، راست نییەو، پێشمەرگە لەو پەڕی سەڵامەتی و تەندروستییەوەیە.
فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لەكۆبانی لیوا (عەبدولقەهار مەجید) بە kdp.info-ی راگەیاند، لەدوێنێوە تا ئەمڕۆ دوو جار چەكدارانی داعش لە رۆژهەڵات و باشووری كۆبانی هێرشیان كردووە، بەڵام لەلایەن هێزی پێشمەرگە بە تووندی رووبەڕوویان بوونەتەوە و، هێرشەكانی تیرۆریستان تێك شكێندراون و، توانیویانە هێرشەكان پێچەوانە بكەن و، لە رۆژهەڵاتی كۆبانی، شوێنێك رزگار بكەن.
لیوا (عەبدوڵقەهار مەجید)دەشڵێت، هێرشی هێزی پێشمەرگە و یەپەگە، هیچ زیانێكی نەبووە، بەڵام لە بەرامبەردا ئەمیری داعش لە رۆژهەڵاتی كۆبانی و 11چەكدار كوژراون و، تەرمەكانیشیان كەوتوونەتە دەست ئێمەوە.
ئەو فەرماندەیەی هێزی پێشمەرگە ئاماژەیدا، زانیاریان بۆ هاتووە رێكخراوی داعش هەڕەشەی لەو ئەمیرەی خۆیان كردووە كە سەرپەرشتی شەڕی كۆبانی دەكات كە گولەبارانی دەكەن، چونكە ماوەی دوو مانگە نەیتوانیووە كۆبانی، كۆنتڕۆڵ، بكات.
دوای ئەوەی لە هەندێ راگەیاندن بڵاوكرایەوە كە، ژمارەیەك پێشمەرگە لە كۆبانی، بەهۆی خورادنەوە ژەهراویبوونە، بەڵام لیوا (عەبدوڵقەهار مەجید)، ئەم هەواڵەی بە ناڕاست ناوبرد و دەڵێت، هیچ پێشمەرگەیەك، بە خواردن ژەهراوی نەبووە و، هەموویان لەو پەڕی باشی تەندروستیین، ئەو هەواڵە بێبنەمایەو، راست نییە.
لە كۆتایی لێدوانەكەیدا، دەشڵێت، هێزی پێشمەرگە بە ورەیەكی بەرزەوە لەشەڕدایە و، تا ئێوارەی ئەمڕۆیش تیرۆریستانمان بۆردومان، كردووە، ئەوانیش بۆردومانیان هەبووە، بەڵام لە ئێستادا بۆردوومانەكە، راگیراوە.
بڵند ئیبراهیم




