پۆڵەندا پشتگیری بۆ هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە

هەولێر-KDP.info- شاندێكی حكوومەتی پۆڵەندا سەردانی هەولێریان كرد و، رایانگەیاند كە، ئەوان بۆ پێشكەیشكردنی زیاتری هاوكاریی هەرێم هاتوون، هاوكات بیری هەرێمیان هێنایەوە كە، "دوێنێ (25) ساڵ بەسەر سەربەخۆی پۆڵەندا تێپەڕ بوو، وڵاتان هاوكارمان بوون، ئەمڕۆیش ئێمە یارمەتیی لێقەوماوان، دەدەین".
شاندێكی باڵای حكوومەتی پۆڵەندا بە سەرۆكایەتیی نوێنەری تایبەتی وەزیری دەرەوەی پۆڵەندا (پیۆتر پوختا) و، بەرپرسی فەرمانگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا لە وەزارەتی دەروەی پۆڵەندا (بۆگۆسڵاو ئۆچۆدێك)، بە یاوەری كۆنسووڵی گشتیی پۆڵەندا لە هەرێم، سەردانی هەولێریان كرد.
شاندەكە، مەبەستی سەردانەكەیان بۆ هەولێر خستەڕوو كە، بۆ گەیاندنی هاوكاریی مرۆییە بە ئاوارەكانی هەرێم، هەروەها لە نزیكەوە ئاگاداربوونیان لە دواپەرەسەندنەكانی سیاسی، ئاساییش و مرۆیی لە هەرێمی كوردستان و ناوچەكە. شاندەكە رایانگەیاند كە، "دوێنێ رۆژێكی تایبەتە لە مێژووی پۆڵەندا، چونكە 25 ساڵ بەر لە ئێستا پۆڵەندا كاتێ سەربەخۆیی خۆی بە دەست هێنا، بەهەمان قەیران تێپەڕی و، ئەوكات وڵاتان هاوكاری مرۆییان پێشكەش بە پۆڵەندا دەكرد، بەڵام ئێستا گەل و حكوومەتی پۆڵەندا، هاوكاریی مرۆیی پێشكەش بە لێقەوماوان دەكەن و ئەوەش جێگای خۆشحاڵیمانە".
هەروەها گوتیان، "ئێمە لە هەوڵی پشتگیریكردنی هەرێمی كوردستان لە شەڕی دژی داعش بەردەوام دەبین لە پێشكەیشكردنی هاوكاری مرۆیی بە ئاوارەكانی سووریا و نێوخۆی عێراق لە هەرێمی كوردستان. بەرپرسیارەتیی خۆمان لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە دژی رێكخراوی تیرۆرستی داعش، جێبەجێ دەكەین".
ئەو گوتانەی ئەو شاندە لە دیداری نێوان جێگری فەرمانگەی پێوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، (كاروان جەمال) هات، كە ئەمڕۆ پێشوازی لەو شاندە كرد.
(كاروان) داوای لە شاندەكە بوو كە، حكوومەتی پۆڵەندا هاوكارییەكانی بۆ حكوومەتی هەرێم زیاتر بكات، تا بتوانرێت لەو جەنگەدا سەر بكەوێـت و، چارەسەری قەیرانی ئاوارەكان بكرێت. لە وەڵامیشدا، شاندەكە رایانگەیاند كە، ئەوان ئەو داواكاریانەی حكوومەتی هەرێم دەگەینە حكوومەتی پۆڵەندا و، هەوڵی تەواو دەدەن بۆ پێشكەیشكرنی هاوكاریی زیاتری هەرێمی كوردستان.




