٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مامەڵەی ئەمەریكا لەگەڵ هەرێم، هاوتای دەوڵەتە.. مەسجەکانی سوپاسالاری ئەمەریكا ڕوون بوون

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  دوێنێ شەممە، ژەنەڕاڵ (مارتن دێمبسی)، لە رێگەی (سەرۆك بارزانی)ـیەوە چەند مەسجێكی ئەمەریكای بۆ رۆژهەڵاتی ناوین ناردن، کە پسپۆڕی یاسایی نێودەوڵەتی (فرسەت سوفی)، وەهایان شیی دەکاتەوە کە، "ئەو مامەڵەیەی ئەمەریكا لەگەڵ هەرێم، هاوشانی دەوڵەتە".


مەسجی یەكەم: وەرگرتنی راسپاردەكانی (سەرۆك بارزانی)
"هاتووم لە نزیكەوە ئاگادار بم لە بارودۆخی مەیدانی و هەروەها گوێگرتنم لە پێشنیاز و ئامۆژگاری و بۆچوونەكانی (سەرۆك بارزانی) لەبارەی چۆنیەتیی بەردەوامبوون لە لێدان و لەناوبردنی تیرۆریستانی داعش. هێزە هاوپەیمانەكان هەموو تێبینییەكانی هەرێمی كوردستان و پێداویستییەكانی پێشمەرگە بە جیددی وەردەگرن و كار بۆ دابینكردنی دەكەن "، سوپاسالای ئەمەریكا ژەنەڕاڵ (مارتن دێمبسی) وای گوت.
لە ئەمەریكا ژەنەڕاڵ (مارتن دێمبسی)، بە ئەقڵی سەربازیی ئەمەریكا و (سەرۆك ئۆباما) بۆ جیهان ناو دەبرێت، لە چەندین پۆستدا پێگەی ئەو، بڕیار لە كردەی سەربازیی ئەمەریكا بۆ جیهان دەدات، چونكە گەورەراوێژكاری یەكەمی سەربازیی سەرۆكی ئەمەریكا (باراك ئۆباما)ـیە و، لە وەزارەتی بەرگری، ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوەیی ئەمەریكا و ئەنجوومەنی ئاساییشی نێوخۆیی ئەمەریكا، خاوەن بڕیارە.

دكتۆرا لە یاسای نێودەوڵەتی (د. فرسەت سۆفی)، بە KDP.infoـی راگەیاند، لە ئەمەریكا سیستمی حوكمڕانی سەرۆكایەتییە، سەرۆكی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا سەرۆكی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی ئەمەریكایشە و، وەزارەتی بەرگری راستەوخۆ پێوەستە بە سەرۆكی ئەمەریكاوە، مانای وایە هاتنی ئەو ژەنەڕاڵە بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی (باراك ئۆباما) بووە بۆ هەرێمی كوردستان و، سەردانەكەیش لەو كاتەدا بایەخی زۆر گەورەی هەیە و لە ناوچەكەیشدا هەڵسەنگاندنی گەورەی بۆ دەكرێت.

(د. فرسەت سۆفی)، دەڵێ، "ئەو ژەنەڕاڵەی ئەمەریكا هەمان قسەی هەرێمی كوردستانی كرد كە، تاكە هێز لە رۆژهەڵاتی ناوین بتوانێت رووبەڕووی تیرۆر ببێتەوە، هێزی پێشمەرگەیە، لە توانایدایە داعش رابگرێت و لە خاڵێكیش وەستاندی و نەیهێشت پێشڕەوی بكات، هاوكات بەپێی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم، (سەرۆك بارزانی) فەرماندەی گشتی هێزەكانی پێشمەرگەیە و، هێزی پێشمەرگەیش بە رێبەرایەتیی (سەرۆك) توانی تیرۆریستانی داعش رابگرێت و تێكیان بشكێنێت، بۆیە سەركەوتنی ئەزموونی هەرێمی كوردستان لە رووبەرووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش و مەترسیی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر تەواوی جیهان و ئەمەریكا، وای كردووە ئەمڕۆ ئەمەریكا لە رێگەی سوپاسالارەكەیەوە راستەوخۆ ئامۆژگاری و راسپاردە لە (سەرۆك بارزانی) وەربگرێت".

ئەو پسپۆڕەی بواری یاسای نێودەوڵەتی دەشڵێت، ئەمەریكا و وڵاتانی دیكەی ئەورووپایش هەمیشە دووپات دەكانەوە كە، هەرێمی كوردستان پێگە و شوێنێكی ستراتیژی و ئابووریی لە رۆژهەڵاتی ناوین هەیە، بایەخێكی گەورەیشی لەرووی سەربازییەوە لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر هەیە، بۆیە بە هەمان شێوە، دوێنێیش ئەم پەیامەی ئەمەریكا بۆ هەرێمی كوردستان لە رێگەی سوپاسالارەكەیەوە بۆ رۆژهەڵاتی ناوین، دووپات كرایەوە".

 

مەسجی دووەم: هەرێم هاوشانی دەوڵەتە
سەرۆكی دەستەی ئەركانی هاوبەشی سوپای ئەمەریكا ژەنەڕاڵ (مارتن دێمبسی) دەڵێت، "هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و هێزە هاوپەیمانەكان بە باشی بەڕێوە دەچێت، هێزە هاوپەیمانەكان بەردەوام دەبن لە پاڵپشتیكردنی پێشمەرگە و مەشقپێكردنیان و هەروەها وەشاندنی گورزی ئاسمانی لە تیرۆریستان لە هەر شوێنێك كە پێویست بكات. سەركەوتنەكانی ئەم دواییەی هێزی پێشمەرگە بەرز دەنرخێنم و پێزانینم بۆ ڕۆڵی پێشمەرگە لە شەڕی دژی تیرۆردا هەیە و، سەرەخۆشییش لە خانەوادە و كەسوكاری ئەو پێشمەرگانە دەكەم كە لە شەڕی تیرۆریستاندا شەهید بوونە و گیانی خۆیان بەخت كردووە".

لەم كۆبوونەوەیەی (سەرۆك بارزانی) ژەنەڕاڵ (مارتن)ـدا، چۆنیەتیی هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی عێراق خرایە بەر باس و، هەردوولا دووپاتیان كردەوە كە پێویستە بەغدا لە یارمەتیدانی هێزی پێشمەرگە جیددی بێت و ئەرك و پابەندبوونەكانی جێبەجێ بكات.
لە بەشێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیەدا "قسە لەبارەی بارودۆخی كۆبانی و چوونی پێشمەرگە بۆ كۆبانی كرا، هەردوولا جەختیان لەسەر پاراستنی كۆبانی و پاڵپشتیكردنی ئەو هێزەی پێشمەرگە كردەوە كە ئێستا لە كۆبانی بەشداری شەڕی دژی داعشن".

سیستمی سەربازیی ئەمەریكا لە چوارچێوەی وەزارەتی بەرگری بۆ پێنج ئاست دابەش بووە، هێزی دەریایی، هێزی وشكانی، هێزی ئاسمانی، هێزی پیادەی دەریایی و پاسەوانی دەریایی، كە لە لایەن سوپاسالاری ئەمەریكا ژەنەڕاڵ (مارتن دێمبسی)ـیەوە سەرپەرشتی دەكرێت. هاوكات سەرۆكی دەستەی ئەركانی هاوبەشی سوپای ئەمەریكایە و سەرۆكی دەستەی گشتیی هاوپەیمانانی ئەمەریكایشە بۆ جەنگ دژ بە تیرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی داعش.

(فرسەت سۆفی)، دەڵێت، "راستە ئێمە هەرێمێكی فیدڕاڵین، بەڵام مامەڵەی نێودەوڵەتی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا هاوشێوەی دەوڵەتە.  پێشمەرگە لە چوارچێوەی دەستووری عێراق وەك پارێزەری سنوورەكانی هەرێم، شەرعییەتی پێ دراوە، هێزێكی یاسایی ددانپێدانراوە و پێگەی قورسایی پێشمەرگە و هەیبەتی پێشمەرگە لە دوای رووبەڕووبوونەوەی داعش دەركەوت كە، بەبێ پڕچەككردن و گرفتی مووچە كە هاوشێوەی بەغدا نییە و بودجەی هەرێم لە حكومەتی ناوەندەوە راگیراوە، بەڵام بینیمان سوپا گەورەكەی بەغدا بەرانبەر داعش شكا، كەچی پێشمەرگە، لەگەڵ كێشەی تەقەمەنی، چەك و مووچەیش، توانی داعش بوەستێنێ، ئەمە مەسجێكی دایە ئەمەریكا كە پێشمەرگە هێزێكە، دەبێ لە ناوچەكەدا پشتی پێ ببەسترێت و، توانای هێزی پێشمەرگەیش بە سوپای عێراق بەراورد ناكرێ كە نەیتوانی بەرامبەر داعش، خۆی رابگرێت."

لەبارەی چوونی پێشمەرگەیش بۆ كۆبانی، پێشووتریش ( فرسەت سۆفی) بە  KDP.info-ی راگەیاند، "بۆ ئێمەی گەلی كورد خەون بوو، پێشمەرگە بە رێگەپێداراوێكی نێودەوڵەتییەوە بە مەبەستی پاراستنی رۆژئاوای كوردستان، بچێت سنووری توركیا ببیڕێت، بەڵام ئەمە لای (سەرۆك بارزانی) پێشبینیكراو بوو، ئەمەیش كاریگەری و قورسایی نێودەوڵەتیی (سەرۆك) دەردەخات. وەرچەرخان و جورئەتێكی گەورە بوو، گۆڕینی هاوكێشەیەكی قورس بوو كە توركیا رازی بكرێت، بە تایبەت كە پەیەدە ناكۆكیی زۆری لەگەڵ توركیا هەیە، ئەگەر (سەرۆك بارزانی) نەبووایە، كەس نەیدەتوانی ئەم كارە بكات. لە رووی یاساییەوە شكاندنی دیوارێك بوو، ئەم دیوارەیش (سەرۆك) شكاندی، كاتێك لە پەرلەمانی كوردستان بە یەك دەنگ بڕیارمان دەركرد كە پێشمەرگە دەچێتە رۆژئاوای كوردستان، ئەمە خاڵێكی یاسایی دروست كرد و شەرعییەتی پەرلەمان درا بە رۆژئاوای كوردستان كە ئەمەیش، بە كۆشش و كاریگەری (سەرۆك بارزانی) بوو".

جاری یەكەم نییە، ئەمەریكا راوێژ بە (سەرۆك بارزانی) دەكات، ئەمە پاشخانێكی مێژوویی هەیە، وەك دوێنێیش سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی بەغدا (خەسرۆ گۆران)، بۆ KDP.info  رایگەیاند كە، (سەرۆك بارزانی) رێبەرێكی سیاسی و نیشتمانیی گەورەی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوینە، لە ساڵی 1970 تا ئێستا پێوەندییەكی بەهێزی سیاسی لەگەڵ سەركردەكانی جیهان لە گشت ئاستێكەوە لە سەرۆككومار، سەرۆكوەزیران و تا ئاستەكانی سەربازی و بوارەكانی دی، دروست كردووە، بۆیە ئەو سیاسەتە دروستەی (سەرۆك بارزانی) كە كردوویەتی بە سیاسەتی هەرێم، لە 20 ساڵی رابردووەوە تا ئێستا قورساییەكی گەورەی بۆ دۆزی كورد دروست كردووە، بە تایبەت لە ئەورووپا و ئەمەریكا، هەروەها شەقامی ئەمەریكا و ئەورووپایش دیموكراتییەتی هەرێمی كوردستانی هەزم كردووە كە، تەبایی و پێكەوەژیانی ئەو هەرێمە، لای ئەوان بە بایەخی زۆرەوە لێی دەڕوانرێ".

لە كاتی پێشكەشكردنی یەكەم گوتاری (ئۆباما) كە پێوەست بوو بە بڕیاری لێدانی داعش، جێگری سەرۆكی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بەر لەوەی (ئۆباما) گوتارەكەی پێكەش بكات، پێوەندیی تەلەفۆنیی بە (سەرۆك بارزانی)ـیەوە كرد و، پێی گوت دەبێ گوتارەكەی (ئۆباما) لەبارەی چییەوە بێ؟ وەڵامی ئەو پرسیارەیش روونە كە بۆچی جیهان راوێژ بە (سەرۆك بارزانی) دەكات، چونكە وەك چاودێران رایانگەیاندووە، (سەرۆك بارزانی)، لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا وەك مەرجەع و رەقەمێكی سەنگین بۆ هەرچوار پارچەی كوردستان، سەیر دەكرێت و جگە لەمەیش رێبەرێكی نیشتمانی و سیاسیی گەورەی رۆژهەڵاتی ناوینیشە.


جێی ئاماژەیە، ئێوارەی دوێنێ، لە شاری هەولێر، سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعوود بارزانی)، پێشوازی لە سەرۆكی دەستەی ئەركانی هاوبەشی سوپای ئەمەریكا ژەنەڕاڵ (مارتن دێمبسی) و شاندێكی یاوەری كرد كە لە باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق (ستیوارت جۆنز) و ژمارەیەك پلەدار و ڕاوێژكاری سیاسی و سەربازیی سوپای ئەمەریكا پێك هاتبوون. لە كۆبوونەوەكەیشدا، ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێم (مەسروور بارزانی) و وەزیری پێشمەرگە (مستەفا سەید قادر) و وەزیری ناوخۆ (كەریم شنگالی) و (فەریق شێروان و جەبار یاوەر) ئەندامانی فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی پاراستنی هەرێم، ئامادە بوون.


پڕۆفایل
1952  (مارتن دێمبسی)، لە دایك بووە.
1974 بەكالۆریۆس لە زانستی سەربازی.
1984 ماستەر لە زمانی ئینگلیزی.
1988 ماستەر لە تەكنیكی سەربازی و بواری بەرێوەبردنی سوپا.
1995 ماستەر لە زانستی لێكۆڵینەوەی ئاساییش و ستراتیژی نیشتمانی.
لە ساڵی 1978 كاپتن بووە لە سوپای ئەمەریكا.
لە ساڵی 1985 رائید بووە لە سوپای ئەمەریكا.
لە ساڵی 1996  Colonel بووە لە سوپای ئەمەریكا.
لە ساڵی 2001 عەقید بووە لە سوپای ئەمەریكا.
لە ساڵی 2004 عەمید بووە لە سوپای ئەمەریكا.
لە ساڵی 2005 لیوا بووە لە سوپای ئەمەریكا.
لە ساڵی 2008 بووەتە ژەنەڕاڵ لە سوپای ئەمەریكا.
لە ساڵی 2011 بووەتە سوپاسالاری ئەمەریكا.

شاو كوردی

 

هەواڵی پەیوەندیدار