سێ رۆنامەنووسە دەستگیركراوەكە ئازاد كران

كەلار-KDP.info- پاش ئەوەی لەبەر درەنگكەوتیان بە بڕیاری دادگەی كەلار سێ رۆژنامەنووس زیندانی كران كە بە هۆی راپۆرتێكی گۆڤارەكەی (كاوە گەرمیانی)ـیەوە سكاڵایان لەسەرە، ئەمڕۆ ئەو سێ كەسە ئازاد كران.
سكرتێری لقی گەرمیانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان (ئارام ئیكرام)، بە kdp.info-ی راگەیاند، ئەمڕۆ لە لایەن دادگەی كەلارەوە بڕیار درا بە ئازادكردنی هەر سێ رۆژنامەنووس (گەرمیان عەزیز، سەركەوت سەلام، كارزان ئەحمەد كە برای كاوە گەرمیانییە) و ئازادبوونەكەیش بە كەفالەتە تاوەكو رۆژی دادگەییكردن.
رۆژی چوارشەممەی رابردوو (12ی نۆڤەمبەر)، بە بریاری دادگەی كەلار ئەو سێ رۆژنامەنووسە دەستبەسەر كران، ئەمەیش بە هۆی دواكەوتنیان و ئامادەنەبوون لە دادگە لە كاتی خۆی كە زیاتر لە نیو سەعات دواكەوتبوون.
ئەم سێ رۆژنامەنووسە كە هاوكارانی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری رایەڵن، لەسەر سكاڵایەكی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتیمانیی كورستان (عەدنان حەمەی مینا) دۆسیەیەكیان لە دادگە هەیە و ئەو دۆسیەیش ئەوەیە، لە كاتێكدا رۆژنامەنووسی تیرۆركراو (كاوە گەرمیانی) سەرنووسەری گۆڤاری رایەڵ بوو، راپۆرتێك لەسەر ئەو بەرپرسەی یەكێتی بڵاو كرایەوە و تایبەت بوو بە مەلەفی گەندەڵی و لەسەر ئەم راپۆرتەیش ناوبراو سكاڵای تۆمار كرد.
كاروان جاف




