شارەزایان داوای دامەزراندنی دەستەیەکی تایبەت بە شوێنەوار لە هەرێمی کوردستان دەکەن

هەولێر-KDP.inf- بەرپرس و شارەزایانی بواری شوێنەوار لە هەرێمی کوردستان دووپاتی دەکەنەوە کە پێویستە دەستەیەکی تایبەت بە بواری شوێنەوار، هاوشێوەی دەستەکانی وەبەرهێنان وگەشتوگوزار دابمەزرێت. ئەمەش بۆ زیاتر زامنکردنی پاراستنی شوێنەوار وئاسەواری قۆناغە مێژووییەکانی بەسەر کوردستاندا لەدێر زەمانەوە تێپەڕیوون، بەتایبەتی لەو شوێنانەی کە رێکخراوی تیرۆریستان لێیانەوە نزیکن.
ئەو داوایەش لەوکاتەدا هات کە هەولێر پێش دوو هەفتە شایەدی دوو رووداوی زۆر گرینگی پەیوەست بەم پرسەوە بوو، یەکەمیان راگەیاندنی فەرمی، چوونی قەڵای هەولێر بوو وەکو یەکەمین شوێنەواری کوردستان و چوارەمین شوێنەواری عیراق لە لیستی کەلەپوری جیهانی رێکخراوی یونیسکۆی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان. دووەمیش بەستنی یەکەمین کۆنفڕانسی پاراستنی شوێنەوار بوو لە هەرێمی کوردستان.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردەوە، تائێستا پرسی شوێنەوار لە هەرێمی کوردستان، بایەخێکی پێویستی پێ نەدراوە. گوتیشی کە، لەو شوێنانەی کە چەکدارانی رێکخراوی تێرۆریستی ناسراو بە داعش دەستیان بەسەردا گرتووە، شوێنەوارەکانی کوردستان وعیراقیش بەگشتی لەژێر هەڕەشەدان، چونکە تیرۆریستان دەیانەوێ لەگەڵ تێکدانی ئەو شوێنانەی داگیریان دەکات، هیچ مۆرکێکی مێژوویی و شوێنەواری تیادا نەهێڵن.
وەزیری شارەوانی وگەشتوگوزار(نەورۆز مەولوود)، لەمیانەی وتارێکیدا لە یەکەمین کۆنفڕانسی شوێنەواریدا کە بە نوێنەرایەتیی سەرۆکی حکوومەت لە 28ی ئۆکتۆبەر/تشرینی یەکەمی رابردوو پێشکەشی کرد، ئاماژەی بەوەدا، "ئەگەرچی پرسی شوێنەوار لە هەرێمی کوردستان وەکو پێویست بایەخی پێ نەدراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەستکەوتی زۆر لەمبارەیەوە بە دەست هاتوون، کە گرینگترینیان چوونی قەڵای هەولێرە بۆ نێو لیستی کەلەپوری جیهانی و دۆزینەوەی چەندین ناوچەی شوێنەواری دێرین لە کوردستان".
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەڕی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی رایگەیاند "لەو شوێنانەی لە جەنگەوە نزیکن، بێگومان لەژێر هەڕەشەی تیرۆریستاندان و مەترسیی ئەوەیان هەیە دەستی تیرۆریستانیان پێ بگات". هەربۆیە هەبوونی لیژنەی تایبەتیشی بۆ ئەم مەبەستە بە پێویست زانی بە هاوکاریی نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان لەگەڵ دەستگاکانی پۆلیس و ئاساییش.
هەروەها وەزیر راشیگەیاند "لە یەکەمین کۆنفڕانسی پاراستنی شوێنەوار لە هەرێمی کوردستاندا، باس لە پرسی زۆر گرینگ کران سەبارەت بە چارەسەرکردنی ئەو گرفتانەی لەبەردەم ئەم بوارەدا هەن، بەتایبەتی لە ڕووی دامەزراندنی دەستەیەکی تایبەت بە شوێنەوار لە هەرێمی کوردستان".
بەرپرسانی بواری شوێنەوار، دامەزراندنی ئەم دەستەیە بە هەنگاوێکی گرینگ دەزانن بۆ پێدانی هێزێکی زیاتر بۆ ئیدارەکردنی ئەم دۆسێیە و تەنانەت پێیشیان وایە کە دەبوایە ئەم دەستەیە، پێشی دامەزراندنی گەشتوگوزار دابمەزرێت چونکە شوێنەوار فاکتەری سەرەکی هێنانی گەشتیارە، بەتایبەتی کە کوردستان زیاتر لە 4000 شوێن و پێگەی گەشتیاری تیادایە.
بەڕێوەبەری شوێنەواری سلێمانی(کەمال ڕەشید) لەلێدوانێکی تایبەت بە ماڵپەڕی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتیکردەوە،"ساڵانە بەڕێوەبەرایەتییەکانی شوێنەوار بەرەو فراوانی دەڕۆن و شوێن و ناوچەی تازەی شوێنەواری دەدۆزرێتەوە و، ڕەنگە ئەو هەموو بەڕێوەبەرایەتییە بەبێ نەبوونی مەرجەعێک نەتوانن ئیشەکانی خۆیان بە سەرکەوتوویی ڕابپەڕێنن".
ئاماژەیشی دا، ئێستا بۆ دەستبەسەرداگرتن بە هەر هەوڵێکی بەقاچاخبردنی شوێنەوار لە سنووری سلێمانی، زیاتر لە 75 پاسەوان لە ناوچە شوێنەوارییەکاندا هەن. دووپاتی کردەوە کە "رۆژانە هاووڵاتیان لەو شوێنانەی کە پاسەوانیان لێ نییە پەیوەندی بە لایەنە بەرپرسەکان دەکەن بۆ ئاگاداربوون لە هەبوونی ئاسەوار لەم شوێنانەدا".
لای خۆیەوە بەڕێوەبەری شوێنەواری گەرمیان(شکور محەممەد)، هەبوونی ئەو دەستەیەی بە پێویستییەک دانا بۆ زیاتر کاراکردنی کار و پرۆژەکانیان، بەتایبەتی لە ناوچەی گەرمیان کە زیانێکی زۆری لەمبارەیەوە لە سەردەمی بەعسدا پێ کەوتبوو و پێویستە ئێستا زیاتر رێک بخرێتەوە.
(شکور محەممەد) زیاتر گوتی، "ڕژێمی بەعس لە زۆر لەو شوێنانەی ئاسەواری کۆنی مێژوویی تیادا هەیە، ڕەبیەی سەربازی دروست کردبوو و، بەشێکی زۆری شوێنەواری ئەو میللەتە بەقاچاخ دەبردرایە وڵاتانی دەرەوە و، هیچ دەستگایەک لەو ناوچەیەدا نەبوو بۆ پاراستنی شوێنەوار، تەنانەت دوای نەمانی بەعسیش بە هۆی فراوانبوونی شارەکان و جێبەجێکردنی پرۆژەی گەورەوە، ئەو شوێنە مێژووییانە کەوتبوونە بەر هەڕەشەی ونبوون، ئەمە جگە لە هەڕەشەی تیرۆر بەتایبەتی لە ناوچەکانی قەرەتەپە، جەلەولا، سەعدیە و مەندەلی کە نەگەڕاونەتە سەر هەرێمی کوردستان و هەندێکیشیان لەژێر کۆنترۆڵی تیرۆریستانی داعشدان".
جەختیشی کردەوە کە، بەپێی نووسراوێکی ئەنجوومەنی وەزیران کە بۆ هەموو دامودەستگاکانی حکوومەت گشتێندراوە، ناکرێ "بەبێ رەزامەندیی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار هیچ مۆڵەتێکی کارکردن نابێ بدرێت و ناکرێ هیچ پرۆژەیەکی تیادا جێبەجێ بکرێت نەبادا شوێنەواری لێ بێت".
بەڕێوەبەری شوێنەواری گەرمیان ئاماژەیشی دا، بڕی 21 ملیار دینار بۆ نۆژەنکردنەوەی بازاڕ و قەیسەریی کفری، لەلایەن سەرۆکی حکوومەتەوە تەرخان کرابوو، بەڵام بە هۆی بارودۆخی ئەم دواییەی عێراق و کوردستان ئەم پرۆژەیە وەستا.
لەلای خۆشیەوە بەڕێوەبەری شوێنەواری هەولێر(نادر بابەکر) ئەوەی خستەڕوو کە، بارودۆخی هەولێر لە ڕووی پاراستنی شوێنەوارەوە بە هۆی چالاکیی بەردەوامی خودی پارێزگارەوە، لە زۆر لە شوێنەکانی دیکەی کوردستان و عێراقیش باشترە و گوتیشی "لە سنووری پارێزگای هەولێر هیچ پرۆژەیەک بەبێ رەزامەندیی لایەنی بەرپرسی شوێنەوار جێبەجێ ناکرێت".
(بابەکر) دووپاتی کردەوە "هەبوونی دەستەیەکی سەربەخۆ بۆ شوێنەوار، دەبێتە مایەی کارئاسانی بۆ ڕێکخستنی ئیش و کار لەمبارەیەوە، بەتایبەتی کە ئێستا زۆربەی زانکۆکانی کوردستان لە بواری شوێنەواردا پەیوەندییان لەگەڵ بەناووبانگترین رێکخراو و دەستگای بەناووبانگی جیهانیدا هەیە".
هاوکات بەڕێوەبەری شوێنەواری دهۆک(د.حەسەن ئەحمەد قاسم) رۆڵی پێشمەرگەی کوردستانی لە پاراستنی شوێنەواری لە سنووری پارێزگای دهۆک بەرز نرخاند و، دووپاتیشی کردەوە "ئەو هەڕەشانەی لەسەر شوێنەوار لەو سنوورەدا هەیە، لەو شوێنانەیە کە ماددەی 140 دەیانگرێتەوە بەتایبەتی لە شنگال کە تیرۆریستانی داعش دەستیان بەسەردا گرتووە".
جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە "هەبوونی دەستەیەکی سەربەخۆ بۆ شوێنەوار و کەلەپور کە سەر بە ئەنجوومەنی وەزیران بێت، لە بەرژەوەندیی هەموو کوردستاندایە و دەتوانێت بە شێوەیەکی زۆر زانستیانەتر و بە پلانێکی تۆکمەترەوە کار بکات".
ئاماژەی بەوەش دا "ئەم داوایە هەموو بەرپرس و شارەزایانی ئەم بوارە لەسەری کۆک بوون، بەو پێیەی دەبێتە هۆکارێکی گرینگ بۆ زیاتر رێکخستنەوەی کارکردن لەم بوارە و پێدانی هێزێکی دیکەی ئیداری و یاسایی بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکان لەو بوارە گرینگەی کە ناسنامە و مێژووی نەتەوەی کوردە".




